Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
צ (تسادێ)
137 ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت،
حوکمەکانت ڕاستن.
138 ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و
بە تەواوی جێی متمانەن.
139 دڵگەرمیم سووتاندمی،
چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە.
140 بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە،
خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی.
141 من بچووک و ڕیسوام،
بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم.
142 ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و
فێرکردنت ڕاستە.
143 تەنگانە و ناخۆشیم تووشبووە،
بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن.
144 یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن،
تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم.
5 لە ڕاستیدا شەراب فریوی دەدات،
لەخۆباییە و هەرگیز هێور نابێتەوە،
چونکە وەک گۆڕ ئارەزووی بەرفراوانە،
وەک مردنە، هەرگیز تێر نابێت،
هەموو نەتەوەکان بۆ خۆی کۆدەکاتەوە و
هەموو گەلان بە دیل دەگرێت.
6 «ئایا گەلەکان پەند و توانج لەو ناگرن، دەڵێن:
«”قوڕبەسەر ئەوەی شتی دزراو کەڵەکە دەکات و
بە ستەمکاری خۆی دەوڵەمەند دەکات!
ئەو دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟“
7 ئایا قەرزدەرەکانت کتوپڕ لێت ڕاستنابنەوە؟
ئایا بەئاگا نایێن و ناتلەقێنن؟
ئینجا دەبیتە دەستکەوت بۆیان.
8 چونکە تۆ چەندین نەتەوەت تاڵان کرد،
ئەو گەلانەی کە ماونەتەوە تۆ تاڵان دەکەن،
لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت،
تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.
9 «قوڕبەسەر ئەوەی دەستکەوتی ناڕەوا بۆ ماڵەکەی بەدەستدەهێنێت و
هێلانەکەی لە بەرزایی دادەنێت،
تاکو لە چنگی خراپە دەرباز بێت!
10 پیلانی ڕیشەکێشکردنی گەلانێکی زۆرت گێڕا،
شەرمەزاریت هێنایە سەر ماڵەکەت و خۆتت دۆڕاند.
11 لەبەر ئەوە بەرد لەناو دیوارەوە هاوار دەکات و
کاریتەش لە دارەوە دەنگ دەداتەوە.
39 وەڵامیان دایەوە: «باوکمان ئیبراهیمە.»
عیساش پێی فەرموون: «ئەگەر ڕۆڵەی ئیبراهیم بوونایە، کردارەکانی ئیبراهیمتان دەکرد. 40 بەڵام ئێستا هەوڵی کوشتنم دەدەن، چونکە من ئەو کەسەم ئەو ڕاستییەی لە خوداوە بیستم پێم گوتن. ئەمەش ئیبراهیم نەیکردووە. 41 ئێوە کردارەکانی باوکتان دەکەن.»
جا پێیان گوت: «بە زۆڵی لەدایک نەبووین. یەک باوکمان هەیە کە خودایە.»
باوکی درۆ
42 عیسا پێی فەرموون: «ئەگەر خودا باوکتان بووایە، منتان خۆشدەویست، چونکە لە خوداوە دەرچووم و هاتووم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵکو ئەو ناردوومی. 43 بۆچی لە قسەکانم تێناگەن؟ چونکە ئێوە ناتوانن گوێ لە وشەکانم بگرن. 44 ئێوە لە ئیبلیسی باوکتانن، دەتانەوێت بە ئارەزووەکانی باوکتان بکەن. ئەو لە سەرەتاوە بکوژ بووە، لە ڕاستیدا نەچەسپاوە، چونکە ڕاستی لە ئەودا نییە. کاتێک درۆ دەکات، بە زمانی خۆی قسە دەکات، چونکە درۆزنە و باوکی درۆیە. 45 هەر بۆیە، کاتێک من ڕاستی دەڵێم ئێوە باوەڕم پێ ناکەن! 46 کامەتان دەتوانێت گوناهێکم لەسەر بسەلمێنێ؟ جا ئەگەر ڕاستی دەڵێم، بۆچی باوەڕم پێ ناکەن؟ 47 ئەوەی لە خوداوەیە، گوێ لە پەیامی خودا دەگرێت. بۆیە ئێوە گوێ ناگرن، چونکە لە خوداوە نین.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.