Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
צ (تسادێ)
137 ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت،
حوکمەکانت ڕاستن.
138 ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و
بە تەواوی جێی متمانەن.
139 دڵگەرمیم سووتاندمی،
چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە.
140 بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە،
خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی.
141 من بچووک و ڕیسوام،
بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم.
142 ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و
فێرکردنت ڕاستە.
143 تەنگانە و ناخۆشیم تووشبووە،
بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن.
144 یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن،
تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم.
وەڵامی یەزدان
5 «تەماشای نەتەوەکان بکەن و سەرنج بدەن،
بە تەواوی سەرسام بن،
چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێکی وا دەکەم،
ئەگەر باس بکرێت باوەڕ ناکەن.
6 چونکە من بابلییەکان[a] هەڵدەستێنمەوە،
گەلێکی دڵڕەق و بە پەلە،
بە فراوانی زەوی ڕێگای گرتووەتەبەر،
بۆ داگیرکردنی ئەو نشینگانەی کە هی خۆی نییە.
7 تۆقێنەر و ترسێنەرە،
خۆیان حوکم دادەنێن و
شکۆی خۆیان دەسەپێنن.
8 ئەسپەکانیان لە پڵنگ بەتاوترن و
لە گورگی ئێواران توندوتیژترن،
سوارەکانی بە پڕتاوی
لە دوورەوە دێن،
وەک هەڵۆیەکی بە پەلە بۆ خواردن دەفڕن.
9 هەموو بۆ ستەمکاری دێن،
ئاپۆرەکەیان وەک بای ڕۆژهەڵات پەرەوپێش دەچێت،
وەک لم دیل کۆدەکەنەوە.
10 گاڵتە بە پاشایان دەکەن و
میران دەکەنە گاڵتەجاڕ،
بە هەموو شارێکی قەڵابەند پێدەکەنن،
خۆڵ دەکەنە گرد و دەیگرن.
11 ئینجا وەک با هەڵدەکەن و دەڕۆن،
تاوانبارن، هێزی خۆیان دەپەرستن.»
دووەم سکاڵای حەبەقوق
12 ئەی یەزدان، ئایا تۆ لە ئەزەلەوە نیت؟
خودای من، پیرۆزەکەم، تۆ هەرگیز نامریت.
ئەی یەزدان، بابلییەکانت بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانت دانا،
ئەی تاشەبەرد، ئەرکی سزادانت بەوان سپاردووە.
13 چاوەکانت لەوە پاکترن تەماشای خراپە بکەن،
ناتوانیت بەرگەی خراپەکاری بگریت.
کەواتە بۆچی بەرگەی ناپاکەکان دەگریت؟
بۆچی بێدەنگ دەبیت کاتێک بەدکار کەسێکی لە خۆی ڕاستودروستتر قووت دەدات؟
14 مرۆڤ وەک ماسی دەریا لێدەکەیت،
وەک بوونەوەری ئاوی کە فەرمانڕەوای نییە.
15 دوژمنی خراپەکار بە قولاپەکەی هەمووان سەردەخات،
بە تۆڕەکەی ڕاویان دەکات،
لەناو تۆڕەکەی کۆیان دەکاتەوە،
لەبەر ئەوە شاد و دڵخۆشە.
16 هەر لەبەر ئەوەش قوربانی بۆ تۆڕەکەی سەردەبڕێت و
بخووری بۆ دەسووتێنێت،
چونکە بەهۆی تۆڕەکەیەوە خۆش ڕادەبوێرێت و
خواردنەکەی چەورە.
17 هەتا کەی بەردەوام دەبێ لەوەی بە تۆڕەکەی ڕاو بکات،
بە بێ بەزەیی نەتەوەکان لەناوببات؟
1 لە شیمۆن پەترۆسی بەندە و نێردراوی عیسای مەسیحەوە،
بۆ ئەوانەی لە ڕێگەی ڕاستودروستی خودا و ڕزگارکەرمان عیسای مەسیح باوەڕێکی بەهاداری وەک باوەڕی ئێمەیان دەستکەوتووە.
2 با نیعمەت[a] و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت، بە ناسینی خودا و عیسای خاوەن شکۆمان.
هەڵبژاردن و بانگەواز بۆ گەشەکردن
3 هێزە خوداییەکەی مەسیح هەموو ئەو شتانەی پێ بەخشیوین کە بۆ ژیان و لەخواترسی پێویستە، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ناسینەی کە هەمانە بۆ ئەو خودایەی کە بانگی کردین بۆ شکۆ و چاکییەکەی. 4 خودا بەهۆی هەموو ئەمانەوە بەڵێنە بەهادار و گەورەکانی پێداین، تاکو ئێوە بەهۆی ئەم بەڵێنانەوە بتوانن لەو گەندەڵییەی جیهان دەرباز بن کە لە ئارەزووی خراپدایە و بەشدار بن لە سروشتی خودایی.
5 هەر لەبەر ئەمەش، تێبکۆشن تاکو لە باوەڕتان چاکە بکەوێتەوە، لە چاکەش، زانیاری، 6 لە زانیاریش بەسەرخۆدا زاڵبوون، لە بەسەرخۆدا زاڵبوونیش دانبەخۆداگرتن، لە دانبەخۆداگرتنیش لەخواترسی، 7 لە لەخواترسیش هەست و سۆزی هاوبەش، لە هەست و سۆزی هاوبەشیش خۆشەویستی، 8 چونکە ئەگەر ئەوانەتان تێدابێت و زیاد بکات، واتان لێدەکات بۆ ناسینی عیسای مەسیحی گەورەمان تەمبەڵ و بێ بەرهەم نەبن. 9 بەڵام ئەوەی ئەمانەی نەبێت، ئەوا کوێر و کەمبینە، لە یادی چووە کە گوناهە کۆنەکانی پاک بووەتەوە.
10 خوشکان، برایان، هەر بۆیە زیاتریش تێبکۆشن بۆ چەسپاندنی هەڵبژاردن و بانگەوازییەکەتان، چونکە ئەگەر ئەمانەتان کرد ئەوا هەرگیز ناکەون، 11 هەروەها پێشوازییەکی گەرمتان لێ دەکرێت بۆ چوونە ناو شانشینی هەتاهەتایی عیسای مەسیحی گەورە و ڕزگارکەرمان.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.