Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
צ (تسادێ)
137 ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت،
حوکمەکانت ڕاستن.
138 ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و
بە تەواوی جێی متمانەن.
139 دڵگەرمیم سووتاندمی،
چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە.
140 بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە،
خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی.
141 من بچووک و ڕیسوام،
بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم.
142 ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و
فێرکردنت ڕاستە.
143 تەنگانە و ناخۆشیم تووشبووە،
بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن.
144 یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن،
تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم.
14 یەزدان دەفەرموێت: «”ڕۆژێک دێت، ئەو بەڵێنە چاکە دەهێنمە دی کە سەبارەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا فەرمووبووم.
15 «”لەو سەردەمەدا و لەو کاتەدا
لقێکی ڕاستودروست بۆ داود دەردەکەم،
جا ڕاستودروستی و دادپەروەری لەسەر زەوی پەیڕەو دەکات.
16 لەو ڕۆژانەدا یەهودا ڕزگاری دەبێت و
ئۆرشەلیم بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت.
ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت:
یەزدان ڕاستودروستیمانە.“»
17 «چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”پیاو لە داود نابڕێت بۆ دانیشتن لەسەر تەختی بنەماڵەی ئیسرائیل. 18 لە کاهینە لێڤییەکانیش پیاو نابڕێت لەبەردەمم بۆ بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن، سووتاندنی پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ئامادەکردنی قوربانی سەربڕاو.“»
19 هەروەها فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 20 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر بتوانن پەیمانەکەم لەگەڵ ڕۆژ و لەگەڵ شەودا بشکێنن، تاکو ئیتر ڕۆژ و شەو لە کاتی خۆیاندا نەبن، 21 ئەوسا دەکرێ پەیمانەکەم لەگەڵ داودی بەندەم بشکێنرێت و کوڕی نەبێت بۆ ئەوەی لەسەر تەختەکەی ببێتە پاشا، هەروەها لەگەڵ لێڤییە کاهینەکانی خزمەتکارانم. 22 هەروەک چۆن ئەستێرەکانی ئاسمان ناژمێردرێن و لمی دەریا ئامار ناکرێت، ئاوا نەوەی داودی بەندەم و لێڤییە خزمەتکارەکانم زیاد دەکەم.“»
23 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 24 «نەتبینیوە ئەم گەلە باسی چی دەکەن و دەڵێن: ”ئەو دوو خێڵەی[a] یەزدان هەڵیبژاردن، ڕەتی کردنەوە.“ ئینجا سووکایەتییان بە گەلەکەم کرد، وەک ئەوەی ئیتر نەتەوە نەبێت لەبەردەمیان. 25 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر پەیمانی خۆمم لەگەڵ ڕۆژ و شەو و فەرزەکانی ئاسمان و زەوی نەبەست، 26 ئەوسا نەوەی یاقوب و داودی بەندەم ڕەت دەکەمەوە و لە نەوەکەی ئەو فەرمانڕەوایان بەسەر نەوەی ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبەوە دانانێم، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە و بەزەییم پێیاندا دێتەوە.“»
1 لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی براتانەوە،
بۆ کڵێسای خودا لە کۆرنسۆس و هەموو گەلی پیرۆزی خۆی لە هەموو ئەخایا:
2 با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
خودای دڵنەواییکار
3 ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی گەورەمان، باوکی میهرەبانی و خودای هەموو دڵنەواییەک، 4 ئەوەی لە هەموو تەنگانەیەکماندا دڵنەواییمان دەکات، تاکو بتوانین بەو دڵنەواییەی لە خوداوە دڵنەوایی کراین، دڵنەوایی ئەوانە بکەین کە لە هەر تەنگانەیەکدان، 5 چونکە هەروەک چۆن بەشداری زۆرمان کردووە لە ئازاری مەسیح، بە هەمان شێوە لە ڕێگەی مەسیحەوە دڵنەوایی زۆر دەکرێین. 6 ئەگەر تووشی تەنگانە دەبین ئەوا بۆ دڵنەوایی و ڕزگاریتانە، ئەگەر دڵنەوایی کرابین ئەوا بۆ دڵنەواییتانە، ئەوەی کاریگەرە لە ئێوەدا دانبەخۆداگرتنە بۆ هەمان ئەو ئازارانەی کە ئێمەش دەیچێژین. 7 جا هیوامان بۆ ئێوە چەسپاوە، دەزانین وەک لە ئازار بەشدارن، لە دڵنەواییشدا ئاوان.
8 خوشکان و برایانم، نامانەوێت ئەو تەنگانەیەی لە ئاسیا بەسەرمان هات لەلاتان شاراوە بێت، کە زۆر قورس بوو و لە سەرووی توانامانەوە بوو، هەتا ئەوەی لە ژیان بێهوودە بووین. 9 بەڵکو لە خۆماندا هەستمان کرد حوکمی مردنمان بۆ دراوە، تاکو پشت بە خۆمان نەبەستین، بەڵام بەو خودایەی مردووان هەڵدەستێنێتەوە. 10 ئەوەی لە مردنێکی ئاوا گەورە دەربازی کردین و دەربازمان دەکات. هیوامان پێی هەیە کە دواتریش دەربازمان دەکات، 11 ئێوەش بە پاڕانەوەکانتان یارمەتیدەرن بۆ ئێمە، تاکو خەڵکێکی زۆر لە پێناوی ئێمە لەسەر ئەو نیعمەتەی پێمان دراوە سوپاسی خودا بکەن، بەهۆی پاڕانەوەی خەڵکێکی زۆر.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.