Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک.
87 خودا لە کێوی پیرۆز بناغەکانی شارەکەی دانا،
2 یەزدان دەروازەکانی سییۆنی
لە هەموو ماڵی یاقوب خۆشتر دەوێت.
3 ئەی شاری خودا،
بە شکۆمەندی باست کراوە:[a]
4 «ئەوانەی دەمناسن ناویان دەهێنمەوە یادم،
خەڵکی ڕاهەب[b] و بابل لەنێویاندان،
لەگەڵ فەلەستیە و سور و خەڵکی کوش،
سەبارەت بە ئەوان دەگوترێت: ”ئەم کەسە لە سییۆن لەدایک بووە.“»
5 دەربارەی سییۆن دەگوترێ: «ئەمە و ئەوەی تێدا لەدایک بووە و
خودای هەرەبەرز خۆی دەیچەسپێنێت.»
6 یەزدان لە پەڕتووکی گەلاندا تۆماری دەکات:
«ئەمە لە سییۆن لەدایک بووە.»
7 سەماکەران گۆرانی دەڵێن:
«هەموو سەرچاوەکانم لە تۆوەیە.»
بەرەکەتی سەر گەلی خودا
17 «ئیتر دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم،
لە سییۆن نیشتەجێم، کێوی پیرۆزم.
ئۆرشەلیمیش پیرۆز دەبێت؛
لەمەودوا بێگانە بەناویدا تێناپەڕێت.
18 «لەو ڕۆژەدا چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت،
گردەکان شیریان لێ دەڕژێت؛
هەموو کەندەکانی یەهودا ئاویان لەسەر دەڕژێت،
کانییەک لە ماڵی یەزدانەوە هەڵدەقوڵێت،
دۆڵی شەتیم[a] ئاو دەدات.
19 بەڵام میسر وێران دەبێت،
ئەدۆمیش دەبێتە چۆڵەوانییەکی وێران،
لەبەر ئەوەی ستەمیان لە نەوەی یەهودا کرد،
خوێنی بێتاوانیان لە خاکەکەیاندا ڕشت.
20 یەهوداش هەتاهەتایە ئاوەدان دەبێت،
ئۆرشەلیمیش نەوە دوای نەوە.
نموونەی دوو کوڕەکە
28 ئینجا عیسا فەرمووی: «ڕاتان چییە؟ پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و گوتی: ”کوڕم ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەدا کار بکە.“
29 «ئەویش وەڵامی دایەوە: ”ناچم.“ بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و چوو.
30 «چووە لای دووەم و هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە: ”بەسەرچاو[a]، گەورەم!“ بەڵام نەچوو.
31 «ئایا کام لەم دووانە بە خواستی باوکیان کرد؟» گوتیان: «یەکەمیان.» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: باجگران و لەشفرۆشان لە چوونە ناو شانشینی خودا پێشتان دەکەون، 32 چونکە یەحیا بە ڕێگای ڕاستودروستی بۆ لاتان هات و ئێوە باوەڕتان پێی نەکرد، بەڵام باجگران و لەشفرۆشان باوەڕیان پێی کرد. دواتر کە بینیشتان، هەر تۆبەتان نەکرد و باوەڕتان پێی نەکرد.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.