Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یۆئێل 2:23-32

23 ئەی نەوەی سییۆن،
    شاد و دڵخۆش بن بە یەزدانی پەروەردگارتان،
چونکە بۆ دەرکەوتنی ڕاستودروستی پاییزە بارانی پێدان.
    پاییزە باران و بەهارە باران
    هەروەک پێشتر بەسەرتاندا دەبارێنێت.
24 ئیتر جۆخینەکان[a] پڕ دەبن لە دانەوێڵە و
    قەڕابەکان سەرڕێژ دەبن لە شەراب و زەیت.

25 «قەرەبووی ئەو ساڵانەتان دەکەمەوە کە کوللەی گەورە خواردیان،
    پێکوڕە و وردە کوللە و
    کوللەی قرتێنەر،
لەشکرە گەورەکەم کە ناردمە سەرتان.
26 ئینجا زۆر دەخۆن و تێر دەبن،
    ستایشی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان دەکەن،
ئەوەی کاری سەرسوڕهێنەری لەگەڵدا کردن،
    بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.
27 ئیتر دەزانن کە من لەناوەڕاستی ئیسرائیلم،
    کە من یەزدانی پەروەردگارتانم و
    بێجگە لە من یەکێکی دیکە نییە.
بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.

ڕۆژی یەزدان

28 «پاش ئەمانە،
    ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم.
کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
    پیرانتان خەون دەبینن،
    گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت.
29 تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم،
    لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم.
30 پەرجوو[b] لە ئاسمان و
    زەویدا نیشان دەدەم،
    خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.
31 خۆر دەبێتە تاریکی و
    مانگیش دەبێتە خوێن،
    بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت.
32 بەڵام هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە
    ڕزگاری دەبێت،
چونکە هەروەک یەزدان فەرمووی،
    ڕزگاربوون لە کێوی سییۆن و
    لە ئۆرشەلیم دەبێت،
بۆ ئەوانەیە کە ماونەتەوە،
    ئەوانەی یەزدان بانگهێشتی کردوون.

زەبوورەکان 65

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود، گۆرانییەک.

65 ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە،
    نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین.
ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت،
    هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت.
کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو،
    تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد.
خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و
    نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین!
تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت،
    لە پەرستگای پیرۆزی تۆ.

بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە،
    ئەی خودای ڕزگارکەرمان،
ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و
    دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن،
کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە،
    بە توانا چەکدارت کردووە،
کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە،
    هەڵچوونی شەپۆلەکانیان،
    هەروەها ئاژاوەی گەلان.
ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە نیشانەکانی تۆ دەترسن.
    لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران،
    گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.

بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت،
    زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت،
جۆگەکانی خودا پڕ ئاون،
    دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت،
    چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.
10 هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و
    تەخت و ڕێکیان دەکەیت،
بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و
    بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.
11 بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و
    ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.
12 لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن،
    ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.
13 مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن،
    دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان،
    لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.

دووەم تیمۆساوس 4:6-8

سەبارەت بە من، وا وەک شەرابی پێشکەشکراو دەڕژێم[a] و کاتی کۆچکردنم هاتووە. تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، پێشبڕکێکەم تەواو کرد، باوەڕم پاراست. ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوە، ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ کە دادوەری ڕاستودروستە لەو ڕۆژەدا دەمداتێ، تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەشە کە پەرۆشی دەرکەوتنین.

دووەم تیمۆساوس 4:16-18

16 لە بەرگری یەکەمم کەس لەگەڵم نەهات، بەڵکو هەموو بەجێیان هێشتم. لەسەریان هەژمارد نەکرێت. 17 بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵم وەستا و بەهێزی کردم، تاکو بە منەوە جاڕدانەکە بە تەواوی بدرێت، تاکو هەموو گەلان ببیستن. ئیتر لە دەمی شێر دەرباز بووم. 18 مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو خراپەیەکی دادێت دەربازم دەکات و ڕزگارم دەکات بۆ شانشینە ئاسمانییەکەی. با هەتاهەتایە مەسیح شکۆدار بێت! ئامین.

لۆقا 18:9-14

نموونەی فەریسی و باجگر

بۆ ئەوانەی دڵنیا بوون کە خۆیان بە بێتاوان دادەنا و خەڵکیان بە سووک سەیر دەکرد، ئەم نموونەیەی هێنایەوە: 10 «دوو کەس بۆ نوێژکردن چوونە پەرستگا، یەکێکیان فەریسی و ئەوەی دیکە باجگر. 11 فەریسییەکە وەستا، لە دڵی خۆیدا ئەم نوێژەی دەکرد: ”خودایە سوپاست دەکەم وەک خەڵکی دیکە نیم، کە قۆڵبڕ و خراپەکار و داوێنپیسن، وەک ئەم باجگرەش نیم. 12 هەفتەی دوو جار بەڕۆژوو دەبم، ئەوەی دەستم دەکەوێت دەیەکی دەبەخشم.“

13 «بەڵام باجگرەکە لە دوورەوە ڕاوەستا، نەیدەویست چاوی بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە، سنگی خۆی دەکوتا و دەیگوت: ”ئەی خودایە بەزەییت[a] بە منی گوناهباردا بێتەوە.“

14 «پێتان دەڵێم، ئەمە گەڕایەوە ماڵی خۆی بێتاوان کرابوو، پێچەوانەی ئەوی دیکە، چونکە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.