Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود، گۆرانییەک.
65 ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە،
نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین.
2 ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت،
هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت.
3 کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو،
تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد.
4 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و
نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین!
تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت،
لە پەرستگای پیرۆزی تۆ.
5 بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە،
ئەی خودای ڕزگارکەرمان،
ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و
دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن،
6 کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە،
بە توانا چەکدارت کردووە،
7 کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە،
هەڵچوونی شەپۆلەکانیان،
هەروەها ئاژاوەی گەلان.
8 ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە نیشانەکانی تۆ دەترسن.
لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران،
گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.
9 بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت،
زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت،
جۆگەکانی خودا پڕ ئاون،
دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت،
چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.
10 هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و
تەخت و ڕێکیان دەکەیت،
بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و
بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.
11 بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و
ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.
12 لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن،
ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.
13 مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن،
دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان،
لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.
دڵتان دابدڕن
12 یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا،
بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە لام،
بە ڕۆژووگرتن و گریان و شیوەن گێڕانەوە.»
13 دڵتان دابدڕن نەک جلەکانتان،
بگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان،
چونکە میهرەبان و بە بەزەییە،
پشوودرێژە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرە،
لە خراپە پاشگەز دەبێتەوە.
14 کێ دەزانێت؟ ڕەنگە بگەڕێتەوە و پاشگەز بێتەوە،
لەپاش خۆیەوە بەرەکەت بەجێبهێڵێت،
بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب
بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.
15 لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن،
ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن،
بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن.
16 گەل کۆبکەنەوە و
کۆمەڵ تەرخان بکەن،
پیران خڕبکەنەوە و
منداڵان کۆبکەنەوە
لەگەڵ شیرەخۆرەکان.
با زاوا لە ژوورەکەیەوە بێتە دەرەوە،
بووکیش لە کوللەکەی.
17 با کاهینەکان، خزمەتکارانی یەزدان،
لەنێوان هەیوانەکە و قوربانگاکەدا بگریێن.
با بڵێن: «ئەی یەزدان، دڵت بە گەلەکەت بسووتێت،
میراتەکەت مەکە جێگای تانە و تەشەر،
هەتا گەلان بیانکەنە پەند.
بۆچی لەنێو گەلاندا بڵێن: ”کوا خوداکەیان؟“»
وەڵامی یەزدان
18 ئینجا یەزدان خۆشەویستی بۆ خاکەکەی دەردەبڕێت و
بەزەیی بە گەلەکەیدا دێتەوە.
19 یەزدان وەڵام دەداتەوە و بە گەلەکەی دەفەرموێت:
«دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان بۆ دەنێرم،
هەتا ئەوەی لێی تێردەبن،
ئیتر ناتانکەمە جێگای تانە و تەشەری نەتەوەکان.
20 «ئەو سوپایەش کە لە باکوورەوە هاتووە لێتان دوور دەخەمەوە،
دەریدەکەم بۆ زەوییەکی وشک و وێران،
ڕووی لە دەریای ڕۆژهەڵاتە[a] و
پشتیشی لە دەریای ڕۆژئاوایە[b]،
بۆگەنییەکەی سەرکەوت و
بۆنە پیسەکەی بڵاو دەبێتەوە.»
بێگومان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
21 ئەی زەوی مەترسە!
شاد و دڵخۆش بە،
چونکە یەزدان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
22 ئەی ئاژەڵە کێوییەکان مەترسن،
چونکە لەوەڕگاکانی دەشتودەر سەوز دەبن،
درەختەکان بەر دەگرن،
دار هەنجیر و دار مێو بەرێکی زۆر دەردەخەن.
ستایشی مریەم
46 مریەمیش گوتی:
«گیانم ستایشی یەزدان دەکات،
47 ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە،
48 چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد.
ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن،
49 چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا،
پیرۆزە ناوی ئەو.
50 بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن،
نەوە دوای نەوە.
51 بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا،
ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە.
52 تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و
بێفیزەکانی بڵند کردەوە.
53 برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد،
دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە.
54 بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی
هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە
55 لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی،
هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.