Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 129

گۆرانی گەشتیاران.

129 «لە گەنجییەتم زۆر هەراسانیان کردم!»
    با ئێستا ئیسرائیل بڵێت:
«لە گەنجییەتم زۆر هەراسانیان کردم!
    بەڵام بەسەرمدا زاڵ نەبوون.
جوتیارەکان جووتیان لەسەر پشتم کرد و
    هێڵی جووتەکانیان درێژکردەوە.»
بەڵام یەزدان ڕاستودروستە،
    پەتی بەدکارانی پچڕاند.

ڕیسوا بن و ببەزن،
    هەموو ئەوانەی ڕقیان لە سییۆنە.
بە دەردی گیای سەربان بچن،
    پێش ئەوەی گەشە بکات وشک دەبێت،
ئەوەی نە دەستی دروێنەکەر پڕ دەکات و
    نە باوەشی گیشەکەر[a].
با ئەوانەی بەلایانەوە تێدەپەڕن پێیان نەڵێن:
    «بەرەکەتی یەزدانتان لێ بێت!
    بە ناوی یەزدان داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین!»

یەرمیا 39

داگیرکردنی ئۆرشەلیم

39 لە مانگی دەی ساڵی نۆیەمی سدقیای پاشای یەهودا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و گەمارۆی دا. لە نۆی مانگی چواری ساڵی یازدەیەمی سدقیا شوورای شارەکە شکێنرا. جا هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل هاتن و لە دەروازەکەی ناوەڕاست دانیشتن: نێرگەل‌سەرئەچەری سمەگەری، نەبۆسەرسەخیم کە سەرۆکی دیوان بوو، نێرگەل‌سەرئەچەر کە سەرۆکی مۆغەکان بوو، لەگەڵ پاشماوەی سەرکردەکانی پاشای بابل. کاتێک کە سدقیای پاشای یەهودا و هەموو جەنگاوەرەکان ئەوانیان بینی، هەڵاتن و بە شەو بە ڕێگای باخچەی پاشادا بە دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەدا شارەکەیان بەجێهێشت، بەرەو دەشتایی عەراڤا[a] ڕۆیشتن.

بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوایان کەوتن، لە دەشتی ئەریحا گەیشتنە سدقیا. گرتیان و هێنایان بۆ لای نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد. هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد. پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد بۆ ئەوەی بیباتە بابل.

هەروەها بابلییەکان کۆشکی پاشا و ماڵەکانی خەڵکیان سووتاند، شووراکانی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند. ئەو پاشماوەیەی خەڵکی کە لە شارەکە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵی و پەنایان بردبووە بەر پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن بۆ بابل. 10 بەڵام هەندێک لەو خەڵکە هەژارەی هیچیان نەبوو، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە خاکی یەهودا بەجێی هێشتن، هەر لەو کاتەدا ڕەز و کێڵگەی پێدان.

11 نەبوخودنەسری پاشای بابل لەبارەی یەرمیاوە فەرمانی بە نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا کرد: 12 «بیبە و با چاوت لەسەری بێت، زیانی پێ مەگەیەنە، بەڵکو ئەوەی داوای دەکات بۆی بکە.» 13 نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، نەبوشەزبانی سەرۆکی دیوان، نێرگەل‌سەرئەچەری سەرۆکی مۆغەکان، لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل 14 ناردیان و یەرمیایان لە حەوشەی پاسەوانەکان دەرهێنا، دایانە دەست گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، بۆ ئەوەی بیباتە ماڵەوە، ئیتر لەنێو خەڵکەکەی مایەوە.

15 کاتێک یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان گیرابوو، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو: 16 «بڕۆ و بە عەبەدمەلەخی کوشی بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: هەموو ئەوەی سەبارەت بەو شارە فەرمووم خەریکم پەیڕەوی دەکەم، بۆ خراپە نەک چاکەی، لەو کاتەدا لەبەرچاوت جێبەجێ دەکرێت. 17 بەڵام لەو ڕۆژەدا تۆ ڕزگار دەکەم و نادرێیتە دەست ئەوانەی لێیان دەترسیت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 18 بێگومان دەربازت دەکەم، بە شمشێر ناکوژرێیت و ژیانت ڕزگار دەبێت، چونکە پشتت بە من بەست. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»

یاقوب 5:7-12

دانبەخۆداگرتن لە ئازار

بۆیە خوشکان و برایانم، هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ ئارام بگرن. سەیر بکەن چۆن جوتیار چاوەڕێی بەرهەمە سەنگینەکەی زەوی دەکات، بۆ بارانی پاییز و بەهار ئارام دەگرێت. ئێوەش ئارام بگرن و دڵتان بچەسپێنن، چونکە هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ نزیک بووەتەوە. خوشکان، برایان، بۆڵەبۆڵ لەسەر یەکتری مەکەن، نەوەک حوکم بدرێن. ئەوەتا دادوەر لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.

10 خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد. 11 وا ئێمە ئەوانە بە بەختەوەر دەزانین کە دانیان بەخۆیاندا گرتووە. دانبەخۆداگرتنی ئەیوبتان بیستووە و کە لە ئەنجامدا یەزدان چۆن بەرەکەتداری کرد،[a] چونکە یەزدان بەزەیی زۆرە و میهرەبانە.

12 خوشکان و برایانم، پێش هەموو شتێک، سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان و نە بە زەوی و نە بە شتی دیکە. بەڵکو با «بەڵێ»تان بەڵێ بێت و «نەخێر»تان نەخێر بێت، نەوەک بکەونە ژێر تاوانبارکردن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.