Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
מ (میم)
97 چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە!
بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە.
98 بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم،
چونکە هەتاهەتایە بۆ منە.
99 لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم،
چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە.
100 لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم،
چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
101 پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ،
بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم.
102 لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە،
چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم.
103 بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم،
لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم.
104 لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا،
بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.
15 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا،
گریان و شیوەنێکی گەورە،
ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت،
ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت،
لەبەر منداڵەکانی، چونکە نەماون.»
16 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«واز لە گریان بهێنە و
چاوت فرمێسک هەڵنەڕێژێ،
چونکە کردەوەکەت پاداشتی هەیە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«لە خاکی دوژمن دەگەڕێنەوە.
17 کەواتە هیوا بە دواڕۆژت هەیە.
منداڵەکانت دەگەڕێنەوە خاکی خۆیان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 «بە دڵنیاییەوە گوێم لێ بوو ئەفرایم ئاخی هەڵدەکێشا:
”وەک گوێرەکەیەکی دەستەمۆنەکراو تەمبێت کردم،
من تەمبێ بووم.
بمگەڕێنەوە لای خۆت، دەگەڕێمەوە،
چونکە تۆ یەزدانی خودای منی.
19 لەدوای گومڕابوونم،
پەشیمان بوومەوە،
لەدوای تێگەیشتنم،
لە سنگی خۆمم دا.
شەرمەزار بووم و گاڵتەم پێ کرا،
چونکە ڕیسوایی کاتی مێردمنداڵیم بە کۆڵمەوە بوو.“
20 ئایا ئەفرایم کوڕی ئازیزم نییە،
ئەو منداڵەی دڵم پێی خۆشە؟
چونکە هەر کاتێک لە دژی ئەو دەدوێم،
دووبارە دێتەوە یادم.
لەبەر ئەوە هەناوم بۆی دەسووتێت،
بە تەواوی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
21 «نیشانە بۆ خۆت بچەقێنە و
ڕێوشوێن دابنێ.
بە وردی بڕوانە ڕێگاکە،
ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن.
ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بگەڕێوە،
بگەڕێوە بۆ شارۆچکەکانت.
22 هەتا کەی بەم لاو بەو لادا دەڕۆیت،
ئەی کچی هەڵگەڕاوە؟
چونکە یەزدان شتێکی نوێی لەسەر زەوی بەدیهێناوە:
ژن پیاو دەپارێزێت.»
23 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «کاتێک ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە، جارێکی دیکە ئەم وشانە لە خاکی یەهودا و لە شارۆچکەکانی دەڵێنەوە: ”ئەی نشینگەی ڕاستودروستی، ئەی کێوی پیرۆز! یەزدان بەرەکەتدارت بکات.“ 24 جا خەڵکەکە لە یەهودا و هەموو شارۆچکەکانی نیشتەجێ دەبن، جوتیار و ڕەوەندەکان لەگەڵیان دەبن. 25 ماندوو دەبووژێنمەوە، هەموو سیسێک تێر دەکەم.»
26 لێرەدا بەئاگاهاتم و تەماشای دەوروبەرم کرد. خەوەکەم خۆش بوو.
عیسا کەسێکی نابینا چاک دەکاتەوە
46 ئینجا گەیشتنە شاری ئەریحا. لەو کاتەی خۆی و قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆر لە شارەکە هاتنە دەرەوە، سواڵکەرێکی نابینا بە ناوی بارتیماوس کە بە واتای کوڕی تیماوس دێت، لەسەر ڕێگا دانیشتبوو. 47 کە بیستی ئەوە عیسای ناسیرەییە، هاواری کرد: «عیسای کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
48 زۆر کەس ئەویان سەرزەنشت کرد تاکو بێدەنگ بێت. بەڵام زۆر بەرزتر هاواری دەکرد: «کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە!»
49 عیسا ڕاوەستا، فەرمووی: «بانگی بکەن.» ئەوانیش نابیناکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ورەت بەرز بێت! هەستە، بانگت دەکات.» 50 ئیتر کەواکەی فڕێدا و هەستایەوە، هاتە لای عیسا.
51 عیسا لێی پرسی: «چیت دەوێ بۆت بکەم؟» نابیناکە پێی گوت: «ڕابی، با ببینم.»
52 عیساش پێی فەرموو: «بڕۆ! باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» دەستبەجێ بینایی بۆ گەڕایەوە و بە ڕێگادا دوای عیسا کەوت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.