Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 102:1-17

نوێژی هەژارێکی ورەڕووخاو، کە هاواری دەباتە بەردەم یەزدان.

102 ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
    با هاوارم بگاتە لات.
لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
    لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە،
    زوو وەڵامم بدەوە.

ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە،
    ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە.
هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە،
    نانخواردنم لەبیر نەماوە.
لە دەنگی ناڵەم
    ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە.
وەک کوندەپەپووی بیابانی چۆڵەوانیم لێهاتووە،
    وەک کوندەپەپووی کەلاوەم لێهاتووە.
ڕادەکشێم و
    وەک چۆلەکەیەکی تەنهای سەربانم لێهاتووە.
بە درێژایی ڕۆژ دوژمنەکانم سووکایەتیم پێ دەکەن،
    ئەوانەی لە دژی منن وەک شێتیان لێ هاتووە، نەفرەتم لێدەکەن.
بۆیە خۆڵەمێش دەخۆم وەک نان،
    فرمێسکم تێکەڵ بە خواردنەوەم بووە.
10 لەبەر تووڕەیی و نەفرەتی تۆ،
    چونکە هەڵتگرتم و فڕێتدام.
11 ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە،
    خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە.

12 تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی،
    نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە.
13 تۆ هەڵدەستیت و بەزەییت بە سییۆن دێتەوە،
    چونکە ماوەی میهرەبانییە، چونکە کاتی هاتووە.
14 چونکە خزمەتکارەکانت بە تاسەوەن بۆ بەردەکانی،
    دڵیان دەسووتێ بۆ خۆڵەکەی.
15 هەموو نەتەوەکان لە ناوی یەزدان دەترسن،
    هەموو پاشاکانی زەویش لە شکۆمەندیت.
16 چونکە کە یەزدان سییۆن بنیاد دەنێتەوە،
    بە شکۆمەندی خۆی دەبینرێت.
17 ئاوڕ لە نوێژی ڕووتوڕەجاڵەکان دەداتەوە،
    نوێژەکانیان بە کەم نازانێت.

یەرمیا 25:15-32

جامی تووڕەیی خودا

15 یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئاوای بە من فەرموو: «جامی شەرابی ئەم تووڕەییە لە دەستم وەربگرە و دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەی بدە کە من دەتنێرم بۆ لایان. 16 کاتێک دەیخۆنەوە، بەلادادێن و شێت دەبن لەبەر ئەو شمشێرەی کە من دەینێرمە ناویان.»

17 منیش جامەکەم لە دەستی یەزدان وەرگرت، دەرخواردی هەموو ئەو نەتەوانەم دا کە یەزدان ناردمی بۆیان: 18 بۆ ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا و پاشا و پیاوە گەورەکانی، تاکو وێران بن و ببنە پەند و مایەی تانە و تەشەر و نەفرەت لێکردن، هەروەک ئێستا؛ 19 بۆ فیرعەونی پاشای میسر و خزمەتکار و پیاوە گەورەکانی و هەموو گەلەکەی 20 و هەموو بێگانەکانی ئەوێ؛ بۆ هەموو پاشاکانی خاکی عوچ؛ بۆ هەموو پاشاکانی خاکی فەلەستییەکان؛ ئەسقەلان و غەزە و عەقرۆن و پاشماوەی ئەشدۆد؛ 21 بۆ ئەدۆم و مۆئاب و عەمۆنییەکان؛ 22 بۆ هەموو پاشاکانی سور و هەموو پاشاکانی سەیدا؛ بۆ پاشاکانی کەنارەکان، ئەوانەی لەوبەری دەریان؛ 23 بۆ دیدان و تێما و بووز و هەموو قژبڕاوەکان[a]؛ 24 بۆ هەموو پاشاکانی عەرەبستان و سەرکردەی هەموو هۆزەکانی نیشتەجێی بیابان؛ 25 بۆ هەموو پاشاکانی زیمری و ئیلام و میدیا؛ 26 بۆ هەموو پاشاکانی باکوور، نزیک و دووریان، یەک لەدوای یەک؛ بۆ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی. لەدوای هەموویانەوە، هەروەها پاشای شێشەخ[b] ئەو جامە دەخواتەوە.

27 «پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بخۆنەوە و سەرخۆش بن و بڕشێنەوە، بکەون و هەڵمەستنەوە لەبەر ئەو شمشێرەی من دەینێرمە ناوتان.“ 28 ئەگەر ڕازی نەبوون جامەکە لە دەستت وەربگرن بۆ ئەوەی بیخۆنەوە، پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: دەبێت بیخۆنەوە! 29 ئەوەتا ئەو شارەی ناوی منی هەڵگرتووە، من دەستم پێکردووە بەڵای بەسەردا بهێنم، ئیتر ئایا ئێوە بێ سزا دەبن؟ نەخێر بێ سزا نابن! چونکە من شمشێر دەهێنمە سەر هەموو دانیشتووانی زەوییەکە.“ ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

30 «تۆش هەموو ئەو پەیامەی من لە دژی ئەوان ڕابگەیەنە و پێیان بڵێ:

«”یەزدان لە ئاسمان دەنەڕێنێت،
    لە نشینگەی پیرۆزیەوە دەنگ هەڵدەبڕێت و
    بەهێز بەسەر خاکی خۆیدا دەنەڕێنێت.
وەک ئەوانەی ترێ پێپەست دەکەن بە هوتافەوە هاوار دەکات
    بەسەر هەموو دانیشتووانی زەوی.
31 هاتوهاوار گەیشتە ئەوپەڕی زەوی
    چونکە یەزدان سکاڵا لە نەتەوەکان دەکات،
دادوەری هەموو ئادەمیزاد دەدات و
    بەدکارەکان دەداتە بەر شمشێر.“»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

32 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«ئاگاداربن! بەڵا بڵاو دەبێتەوە
    لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەک،
گەردەلوولێکی گەورە هەڵدەکات
    لەوپەڕی زەوییەوە.»

مەتا 10:5-15

عیسا نێردراوەکانی دەنێرێت

عیسا ئەم دوازدە کەسەی نارد، فەرمانی پێ کردن: «بە ڕێگای نەتەوەکاندا مەڕۆن و مەچنە شاری سامیرەییەکان، بەڵکو لەبری ئەوە بڕۆنە لای مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل. کاتێک دەچن، ئەم پەیامە ڕابگەیەنن: ”پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.“ نەخۆش چاک بکەنەوە، مردوو زیندوو بکەنەوە، گەڕوگول پاک بکەنەوە، ڕۆحی پیس دەربکەن. بەخۆڕایی وەرتانگرتووە، بەخۆڕاییش بیدەن. زێڕ و زیو و مس لە پشتێنتان هەڵمەگرن، 10 نە توورەکە بۆ ڕێگا، نە دوو کراس و نە پێڵاوی زیاد و نە گۆچانیش، چونکە کرێکار شایانی نانی خۆیەتی.

11 «چوونە هەر شار و گوندێک، بە شوێن کەسێکی شایستەدا بگەڕێن و هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن لە ماڵی ئەو کەسە بمێننەوە. 12 کە چوونە ماڵەکە سڵاو بکەن. 13 ئەگەر ماڵەکە شایستە بوون، با ئاشتیتان بۆیان بێت، بەڵام ئەگەر شایستە نەبوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگەڕێتەوە. 14 ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت، لەو ماڵە یان لەو شارۆچکەیە بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن. 15 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، دۆخی خاکی سەدۆم و عەمۆرا سزای سووکتر دەبێت لەوەی ئەم شارە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.