Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
نوێژی هەژارێکی ورەڕووخاو، کە هاواری دەباتە بەردەم یەزدان.
102 ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
با هاوارم بگاتە لات.
2 لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە،
زوو وەڵامم بدەوە.
3 ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە،
ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە.
4 هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە،
نانخواردنم لەبیر نەماوە.
5 لە دەنگی ناڵەم
ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە.
6 وەک کوندەپەپووی بیابانی چۆڵەوانیم لێهاتووە،
وەک کوندەپەپووی کەلاوەم لێهاتووە.
7 ڕادەکشێم و
وەک چۆلەکەیەکی تەنهای سەربانم لێهاتووە.
8 بە درێژایی ڕۆژ دوژمنەکانم سووکایەتیم پێ دەکەن،
ئەوانەی لە دژی منن وەک شێتیان لێ هاتووە، نەفرەتم لێدەکەن.
9 بۆیە خۆڵەمێش دەخۆم وەک نان،
فرمێسکم تێکەڵ بە خواردنەوەم بووە.
10 لەبەر تووڕەیی و نەفرەتی تۆ،
چونکە هەڵتگرتم و فڕێتدام.
11 ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە،
خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە.
12 تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی،
نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە.
13 تۆ هەڵدەستیت و بەزەییت بە سییۆن دێتەوە،
چونکە ماوەی میهرەبانییە، چونکە کاتی هاتووە.
14 چونکە خزمەتکارەکانت بە تاسەوەن بۆ بەردەکانی،
دڵیان دەسووتێ بۆ خۆڵەکەی.
15 هەموو نەتەوەکان لە ناوی یەزدان دەترسن،
هەموو پاشاکانی زەویش لە شکۆمەندیت.
16 چونکە کە یەزدان سییۆن بنیاد دەنێتەوە،
بە شکۆمەندی خۆی دەبینرێت.
17 ئاوڕ لە نوێژی ڕووتوڕەجاڵەکان دەداتەوە،
نوێژەکانیان بە کەم نازانێت.
8 چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «با پێغەمبەر و فاڵگرەوەکان کە لەنێوتانن هەڵتاننەخەڵەتێنن و گوێ لە خەونەکانیان مەگرن کە بۆ ئێوەی دەبینن. 9 ئەوان بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن. من ئەوانم نەناردووە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: کاتێک حەفتا ساڵ لە بابل تەواو دەبێت، بەسەرتان دەکەمەوە و بەڵێنە باشەکەم سەبارەت بە ئێوە دەهێنمە دی، دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەم شوێنە. 11 خۆم ئەو پلانە دەزانم کە بۆ ئێوەم داڕشتووە، پلان بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئێوە نەک بۆ زیانتان، بۆ ئەوەی دواڕۆژ و هیواتان بدەمێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 12 «جا لێم دەپاڕێنەوە و دێن و نوێژم بۆ دەکەن، منیش گوێتان لێ دەگرم. 13 ڕووتان لە من دەکەن و بۆتان دەردەکەوم، کاتێک بە هەموو دڵتانەوە ڕووتان لێم دەکەن. 14 کاتێک بۆتان دەردەکەوم، ڕاپێچکراوەکانتان دەگەڕێنمەوە و بەختیاریتان نوێ دەکەمەوە. لەناو هەموو ئەو نەتەوانە و ئەو شوێنانە کۆتان دەکەمەوە کە بۆ ئەوێ دەرمکردبوون. دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە ڕاپێچم کردن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
15 چونکە گوتتان: «یەزدان لە بابل پێغەمبەرانی بۆ هەستاندینەوە.» 16 بەڵام یەزدان ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەو پاشایەی لەسەر تەختەکەی داود دانیشتووە و هەموو ئەو گەلەی لەم شارەدا ماونەتەوە، ئەو هاوڵاتییانەی ڕاپێچ نەکراون، 17 بەڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە ناویان و دەیانکەمە هەنجیری خراپ کە لە خراپیدا نەخورێت. 18 بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد ڕاویان دەنێم، لەبەردەم هەموو شانشینەکانی زەوی قێزەونیان دەکەم، نەفرەتیان لێ دەکرێت و دەبنە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی و ڕیسوایی، لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ئەوێ دەریاندەکەم. 19 لەبەر ئەوەی گوێیان لە فەرمایشتی من نەگرت، ئەوەی بە بەردەوامی بەدەستی بەندە پێغەمبەرەکانم بۆم ناردن. هەروەک ئێوەی ڕاپێچکراویش گوێتان لێ نەگرت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
20 لەبەر ئەوە، ئەی هەموو ڕاپێچکراوەکان، ئەی ئەوانەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابلم ناردن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. 21 ئەمە فەرموودەی یەزدانی سوپاسالارە، خودای ئیسرائیل، سەبارەت بە ئەحاڤی کوڕی قولایا و سدقیای کوڕی مەعسێیاهو، ئەوانەی بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینیتان بۆ دەکەن: «دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئەویش لەبەرچاوتان دەیانکوژێت. 22 لەبەر ئەوە هەموو ڕاپێچکراوەکانی یەهودا لە بابل، ناوی ئەوان وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و دەڵێن: ”یەزدان وەک سدقیا و ئەحاڤت لێ بکات، ئەوانەی پاشای بابل بە ئاگر برژاندنی.“ 23 چونکە لەناو ئیسرائیلدا کارێکی قێزەونیان کرد، داوێنپیسییان لەگەڵ ژنی برادەرەکانیان کرد، بە ناوی منەوە بە درۆ قسەیان کرد کە من فەرمانم پێ نەکردبوون. من خۆم دەزانم و شایەتی ئەوەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
24 کاتێک پۆڵس بەم قسانە بەرگری لە خۆی دەکرد، فێستۆس هاواری کرد: «پۆڵس شێت بوویت! زۆری زاناییت شێتی کردوویت.»
25 پۆڵس گوتی: «فێستۆسی پایەبەرز، شێت نیم، بەڵام قسەی ڕاست و شیاو دەکەم. 26 ئەم پاشایەی ئازادانە قسەی لەگەڵ دەکەم، ئەم شتانە دەزانێت، دڵنیام هیچ لەمانە لەلای شاراوە نییە، چونکە ئەم کارانە لە سووچێک نەکراون. 27 ئەگریپاسی پاشا، باوەڕت بە پێغەمبەران هەیە؟ دەزانم باوەڕت هەیە.»
28 ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «دەتەوێت بەم کاتە کەمە قەناعەتم پێ بهێنی ببمە مەسیحی؟»
29 پۆڵس گوتی: «کاتی کەم یان زۆر، لە خودا دەپاڕێمەوە نەک تەنها تۆ، بەڵکو هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ گوێم لێ دەگرن وەک منتان لێ بێت، بەڵام بێ ئەم زنجیرانە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.