Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 29:1

نامەیەک بۆ ڕاپێچکراوان

29 ئەمە دەقی ئەو نامەیەیە کە یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ پاشماوەکانی نارد، پیر و کاهین و پێغەمبەر و هەموو گەل، هەموو ئەوانەی نەبوخودنەسر لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردبوون،

یەرمیا 29:4-7

یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل بە هەموو ئەوانە دەفەرموێت کە لە ئۆرشەلیمەوە بۆ بابل ڕاپێچی کردن: «خانوو بنیاد بنێن و نیشتەجێ بن؛ باخ بچێنن و بەروبوومی بخۆن. ژن بهێنن با کوڕ و کچتان ببێت؛ ژن بۆ کوڕتان بهێنن و کچتان بە مێرد بدەن، با ئەوانیش کوڕ و کچیان ببێت و لەوێ زۆر بن و کەم مەکەن. داوای ئاشتی و گەشەسەندن بکەن بۆ ئەو شارەی ئێوەم بۆ ئەوێ ڕاپێچ کردووە؛ نوێژ بکەن بۆ یەزدان لە پێناوی، چونکە بە گەشەسەندنی ئەو ئێوەش گەشە دەکەن.»

زەبوورەکان 66:1-12

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەک، زەبوورێک.

66 ئەی سەراپای زەوی، بە شادمانییەوە هاوار بۆ خودا بکەن!
    بە شکۆمەندی ناوی ئەو گۆرانی بڵێن،
    ستایشی شکۆدار بکەن!
بە خودا بڵێن: «کردەوەکانت چەند سامناکن!
    هێزت ئەوەندە گەورەیە،
    دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن.
سەراپای زەوی کڕنۆشت بۆ دەبەن،
    گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێن،
    گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێن.»[a]

وەرن کردارەکانی خودا ببینن،
    کارە سامناکەکەی لە پێناوی ئادەمیزاد!
دەریای گۆڕی بۆ وشکانی،
    ئەوان بە پێیان لە ڕووبار پەڕینەوە.
    با بە ئەو شادمان بین.
بە توانای خۆی هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
    چاوەکانی چاودێری نەتەوەکان دەکەن،
    با یاخییەکان خۆیان بەرامبەری هەڵنەکێشن.

ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن،
    با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت،
کە گیانی ئێمەی لە زیندووان پاراستووە و
    نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت.
10 ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە،
    وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە.
11 ئێمەت خستووەتە داوەوە و
    باری گرانت خستووەتە سەر شانمان.
12 تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن،
    بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین،
    بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین.

دووەم تیمۆساوس 2:8-15

یادی عیسای مەسیح بکە، هەستاوەی نێو مردووان، لە نەوەی داودە، بەگوێرەی پەیامی ئینجیلەکەم، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژم تاکو کۆتکردن وەک خراپەکار، بەڵام وشەی خودا کۆت ناکرێت. 10 بۆیە بەرگەی هەموو شتێک دەگرم، لەبەر ئەوانەی خودا هەڵیبژاردن، تاکو ئەوانیش ئەو ڕزگارییە بەدەستبهێنن کە بەهۆی عیسای مەسیحەوەیە، لەگەڵ شکۆی هەتاهەتایی.

11 ئەم وشەیە ڕاستە:

«ئەگەر لەگەڵیدا مردبین،
    لەگەڵیشی دەژین،
12 ئەگەر دانبەخۆدا بگرین،
    لەگەڵیدا پاشایەتی دەکەین.
ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین،
    ئەویش نکۆڵیمان لێدەکات.
13 ئەگەر دڵسۆز نەبین،
    ئەو هەر بە دڵسۆزی دەمێنێتەوە،
    چونکە ناتوانێت نکۆڵی لە خۆی بکات.»

کارگەری وشەی ڕاست

14 ئەمانەیان بیربخەوە و لە شەڕەقسە ئاگاداریان بکەوە لەبەردەم خودا، چونکە سوودی نییە، بەڵکو بیسەران دەڕووخێنێت. 15 کۆشش بکە خۆت بسەلمێنی بۆ خودا، کارگەرێکی بێ شەرمەزاری، وشەی ڕاستی بە ڕێگای ڕاست لێک بدەیتەوە.

لۆقا 17:11-19

چاککردنەوەی دە نەخۆشی گول

11 کاتێک عیسا دەچوو بۆ ئۆرشەلیم، بە نێوانی سامیرە و جەلیلدا ڕۆیشت. 12 ڕێگەی کەوتە گوندێک، لەوێ تووشی دە پیاو بوو کە نەخۆشی گولییان هەبوو. لە دوورەوە ڕاوەستابوون و 13 دەنگیان بەرز کردەوە و گوتیان: «ئەی عیسا، ئەی مامۆستا، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»

14 جا ئەوانی بینی و پێی فەرموون: «بڕۆن خۆتان نیشانی کاهینان بدەن.» کاتێک دەڕۆیشتن پاکبوونەوە.

15 یەکێکیان سەیری کرد پاک بووەتەوە، گەڕایەوە و بە دەنگێکی بەرز ستایشی خودای کرد، 16 لەبەرپێی عیسا بەسەر ڕوودا کەوت و سوپاسی کرد. کابرا سامیرەییش بوو.

17 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەرێ دە کەس پاک نەبوونەوە؟ کوا نۆیەکەی دیکە؟ 18 هیچ کەسێکیان نەبینران بگەڕێنەوە و ستایشی خودا بکەن، ئەم بێگانەیە نەبێت؟» 19 ئینجا پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ، باوەڕت ڕزگاری کردیت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.