Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
137 لەدەم ڕووبارەکانی بابل، لەوێ دانیشتین،
هەروەها گریاین کە سییۆنمان بیر کەوتەوە.
2 بە شۆڕەبییەکانی ناوەڕاستی
قیسارەکانی خۆمان هەڵواسی،
3 چونکە لەوێ ڕاپێچکەرانمان داوای گۆرانییان لێکردین،
چەوسێنەرانمان داوایان کرد دڵخۆشیان بکەین:
«گۆرانییەکمان بۆ بڵێن لە گۆرانییەکانی سییۆن.»
4 چۆن گۆرانی یەزدان بڵێین
لە خاکێکی بێگانە؟
5 ئەی ئۆرشەلیم، ئەگەر لەبیرت بکەم،
با دەستە ڕاستەم بەهرەکەی لەبیر بکات.
6 با زمانم بە مەڵاشوومەوە بنووسێت، ئەگەر یادت نەکەم،
ئەگەر ئۆرشەلیم لە سەرووی هەموو خۆشییەکم دانەنێم.
7 ئەی یەزدان، ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم کەوت[a] نەوەی ئەدۆمت لەبیر بێت،
کاتێک گوتیان: «تەختی بکەن، هەتا بناغە تەختی بکەن!»
8 ئەی دانیشتووانی بابل[b] کە چارەنووستان لەناوچوونە،
دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی تۆڵەتان لێ دەستێنێتەوە،
وەک ئەو خراپەی هی ئێمەتان دایەوە!
9 دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی منداڵەکانتان دەگرێت و
بە تاشەبەردیاندا دەدات!
13 چیت پێ بڵێم؟
ئەی ئۆرشەلیمی کچ،
بە چیت بچووێنم؟
بە چی بەراوردت بکەم،
بۆ ئەوەی دڵت بدەمەوە،
ئەی سییۆنی کچە پاکیزە؟
وێران بوونت وەک دەریا قووڵە.
کێ دەتوانێت چاکت بکاتەوە؟
14 بینینی خودایی بۆ پێغەمبەرەکانت
درۆ و فریودەر بوو،
تاوانی تۆیان دەرنەخست
بۆ ئەوەی لە ڕاپێچکردن بتپارێزن.
بەڵکو سروشی[a]
درۆ و هەڵخەڵەتێنەریان بە تۆ گەیاند.
15 هەموو ئەوەی بەوێدا تێدەپەڕێت
بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەت بۆ لێدەدات،
فیکە لێ دەدەن و سەر بادەدەن
لەبەر ئۆرشەلیمی کچ،
دەڵێن: «ئەمە شارەکەیە
کە پێی دەگوترا تەواوی جوانی و
مایەی دڵخۆشی هەموو زەوییە؟»
16 هەموو دوژمنەکانت
دەمیان لێت دەکرێتەوە،
فیشکەیان دێت و ددانیان لێت جیڕدەکەنەوە،
دەڵێن: «هەڵمانلووشی.
بێگومان ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانی بووین،
پێی گەیشتین و بینیمان.»
17 یەزدان ئەوەی مەبەستی بوو کردی،
قسەی خۆی بەجێگەیاند،
ئەوەی لە ڕۆژانی کۆنەوە بەڵێنی پێیدا.
بەبێ بەزەیی تۆی ڕووخاند،
دوژمنی پێت خۆشکرد،
هێزی ناحەزانی تۆی پتەو کرد.
18 دڵی خەڵکەکە
بۆ پەروەردگار هاوار دەکات.
ئەی شووراکانی سییۆنی کچ،
با فرمێسکەکانت وەک ڕووبار بڕژێت
بە شەو و بە ڕۆژ.
خۆت مەبووژێنەوە،
چاوەکانت پشوو نەدات.
19 هەستە، بە شەو هاوار بکە،
لەگەڵ دەستپێکردنی ئێشکگرتن.
وەک ئاو دڵت هەڵبڕێژە
لەبەردەم پەروەردگار.
دەستت بۆی بەرز بکەوە
لە پێناوی ژیانی منداڵەکانت،
ئەوانەی لە برسان بووراونەتەوە
لەسەر سووچی هەموو شەقامەکان.
20 «ئەی یەزدان، ببینە و تێڕابمێنە،
ئەمەت بە کێ کردووە؟
ئایا ژن بەری سکی خۆی دەخوات،
منداڵی باوەشی؟
ئایا کاهین و پێغەمبەر
لە پیرۆزگای پەروەردگار دەکوژرێت؟
21 «گەنج و پیر پێکەوە پاڵکەوتن
لەسەر زەوی شەقامەکان،
پاکیزە و لاوەکانم
بە شمشێر کوژراون.
لە ڕۆژی تووڕەییتدا ئەوانت کوشت،
ئەوانت بەبێ بەزەیی سەربڕی.
22 «هەروەک بۆ ڕۆژی جەژن بانگهێشتت کردبن،
ئاوا لە دژی من لە هەموو لایەکەوە بانگی تۆقینت کرد.
لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان
کەس ڕاینەکرد و کەس دەرباز نەبوو،
ئەوانەی لە باوەشم کردن و بەخێوم کردن،
دوژمن لەناوی بردن.»
باوەڕهێنان بە مەسیح
5 هەرکەسێک باوەڕی بەوە هەبێت کە عیسا مەسیحە، ئەوە لە خوداوە لەدایک بووە. هەرکەسێک باوکی خۆشبوێ، ئەوەشی خۆشدەوێت کە لێی لەدایک بووە. 2 بەمەدا دەزانین ڕۆڵەکانی خودامان خۆشدەوێت: کە خودامان خۆشبوێت و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنین. 3 ئەمە خۆشەویستی خودایە، ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنن، ڕاسپاردەکانیشی قورس نین، 4 چونکە هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت جیهان دەبەزێنێت، ئەمەش ئەو سەرکەوتنەیە کە جیهان دەبەزێنێت، باوەڕمانە. 5 کێیە جیهان دەبەزێنێت؟ تەنها ئەو کەسەی باوەڕی هەیە کە عیسا کوڕی خودایە.
دڵنیایی ژیانی هەتاهەتایی
13 ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی کە باوەڕتان بە ناوی کوڕی خودا هەیە، تاکو بزانن ژیانی هەتاهەتاییتان هەیە. 14 ئەمەش ئەو متمانەیە کە بەومان هەیە، ئەگەر بەگوێرەی ویستی خۆی داوای شتێک بکەین، گوێمان لێ دەگرێت. 15 ئەگەر بزانین گوێمان لێ دەگرێت، هەرچییەک داوا بکەین دەزانین ئەوەی لە ئەومان داوا کردووە هەمانە.
16 ئەگەر کەسێک خوشک یان برایەکی لە کاتی ئەنجامدانی گوناهێکدا بینی کە بەرەو مردنی نەبات[a]، پێویستە لەسەری لە خودا بۆی بپاڕێتەوە، خوداش ژیانی دەداتێ. مەبەستم ئەوانەی گوناه دەکەن بەرەو مردن نییە. گوناه هەیە بەرەو مردنە،[b] بۆ ئەمە ناڵێم داوا بکرێت.[c] 17 هەموو ناڕەواییەک گوناهە بەڵام گوناهیش هەیە بەرەو مردن نییە.
18 دەزانین هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت بەردەوام نابێت لە گوناه کردن، بەڵکو ئەوەی لە خوداوە لەدایک بووە خۆی دەپارێزێت و شەیتان دەستی لێ نادات. 19 دەزانین لە خوداوەین و هەموو جیهان لەژێر دەستی شەیتاندا دانراوە. 20 هەروەها دەزانین کە کوڕی خودا هات و چاوی کردینەوە تاکو ئەو بناسین کە ڕاستییە. ئێمەش لەگەڵ ڕاستییەکەدا بووینەتە یەک، کە عیسای مەسیحی کوڕی خودایە. ئەو خودای ڕاستەقینە و ژیانی هەتاهەتاییە.
21 ڕۆڵە خۆشەویستەکان، خۆتان لە بت بپارێزن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.