Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
شینەکانی یەرمیا 3:19-26

19 دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم،
    وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون.
20 بە باشی بەبیرم دێتەوە،
    لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە.
21 بەڵام ئەوە دەهێنمەوە یادم و
    لەبەر ئەوە هیوام هەیە:

22 بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین،
    چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت.
23 ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛
    دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە.
24 بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە،
    لەبەر ئەوە هیوام بەوە.»

25 یەزدان چاکە بۆ ئەوانەی هیوایان بەو هەیە،
    بۆ ئەو کەسەی داوای ئەو دەکات.
26 باشە بۆ کەسێک بە بێدەنگی چاوەڕێ بکات
    بۆ هاتنی ڕزگاریی یەزدان.

یەرمیا 52:12-30

12 لە دەی مانگی پێنجی ساڵی نۆزدەیەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، ئەوەی خزمەتی پاشای بابلی دەکرد، هاتە ئۆرشەلیم. 13 پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەموو ماڵەکانی ئۆرشەلیم و هەموو تەلارە گرنگەکانی سووتاند. 14 شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیمیش لەلایەن سوپای بابلییەکانەوە ڕووخێنران، ئەوانەی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا بوون. 15 جا لە ڕەشوڕووتی گەل و پاشماوەی گەلیش ئەوانەی لە شارەکەدا مابوونەوە و ئەوانەی بۆ لای پاشای بابل هەڵاتبوون لەگەڵ پاشماوەی وەستاکان، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن. 16 بەڵام نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەندێک لە خەڵکی ڕەشوڕووتی لە خاکەکە هێشتەوە بۆ کارکردن لە ڕەزەمێو و کێڵگەکان.

17 کۆڵەکە بڕۆنزییەکان و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و حەوزە بڕۆنزییەکە کە لە پەرستگای یەزدان بوون، بابلییەکان پارچەپارچەیان کردن، هەموو بڕۆنزەکەشیان بۆ بابل بارکرد، 18 هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز، مەقەست، تاس[a]، قاپەکان و هەموو ئەو قاپوقاچاغە بڕۆنزانەی لە خزمەتی پەرستگا بەکاردەهات. 19 فەرماندەی پاسەوانانی پاشا تەشت و بخووردان، تاس، مەنجەڵ، چرادان، چەمچە و پەرداخەکانی برد. هەموو ئەوەی کە بە زێڕ و زیو دروستکرابوو بردی.

20 دوو کۆڵەکە و حەوزە بڕۆنزییەکە و دوازدە گا بڕۆنزییەکان کە لەژێر عەرەبانەکانی ئاو گواستنەوە بوون، ئەوەی سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، ئەو هەموو بڕۆنزە لە کێش نەدەهات. 21 هەر کۆڵەکەیەک هەژدە باڵ[b] درێژییەکەی بوو، چێوەکەی دوازدە باڵ[c] بوو، ئەستووریشی چوار پەنجە بوو، کلۆر بوو. 22 تاجێکی بڕۆنز لەسەر کۆڵەکەکە بوو، بەرزی تاجەکە پێنج باڵ[d] بوو، کەتیبە و هەنارەکانیش لەسەر تاجەکە و لە چواردەوری هەمووی لە بڕۆنز بوون. بۆ هەر یەکێک لە کۆڵەکەکان هەمان شت هەبوو لەگەڵ هەنارەکان. 23 لە هەر لایەک نەوەد و شەش دانە هەنارەکان بوون، سەرجەمی هەنارەکان لەسەر هەر کەتیبەیەک لە چواردەوریدا سەد دانە بوون.

24 فەرماندەکەی پاسەوانانی پاشا سەرایای سەرۆک کاهین و سەفەنیای کاهینی دووەم و سێ دەرگاوانەکەی گرت. 25 لە شارەکەش ئەو ئەفسەرەی گرت کە لێپرسراوی جەنگاوەرەکان بوو، حەوت ڕاوێژکاری پاشاشی گرت. هەروەها خامەی نهێنی[e] سوپاسالاری گرت ئەوەی بەرپرسی بە سەربازکردن بوو، لەگەڵ شەست پیاو کە لە شارەکە بەرچاو کەوتن. 26 نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ئەوانەی بردە ڕیڤلە بۆ لای پاشای بابل. 27 پاشای بابلیش لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات کوشتنی.

ئینجا یەهودا لە خاکەکەی خۆی ڕاپێچ کرا. 28 ئەمانە ئەو خەڵکە بوون کە نەبوخودنەسر ڕاپێچی کرد:

لە ساڵی حەوتەم،

سێ هەزار و بیست و سێ جولەکە؛

29 لە ساڵی هەژدەمینی نەبوخودنەسریش،

هەشت سەد و سی و دوو کەس لە ئۆرشەلیم ڕاپێچ کران؛

30 ئینجا لە ساڵی بیست و سێیەمی نەبوخودنەسر،

نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا حەوت سەد و چل و پێنج جولەکەی ڕاپێچ کرد.

سەرجەمیان چوار هەزار و شەش سەد کەس بوون.

ئاشکراکردن 2:12-29

نامەیەک بۆ کڵێسای پرگامۆس

12 بۆ فریشتەی کڵێساکەی پرگامۆس بنووسە:

ئەوەی شمشێرە تیژە دوو دەمەکەی هەیە دەفەرموێ: 13 «ئاگام لێیە لەکوێ دەژیت، ئەو شوێنەی تەختی شەیتانی لێیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەست بە ناوی منەوە دەگریت. تەنانەت لەو ڕۆژانەش کە ئەنتیپاسی شایەتیدەری دڵسۆزم لەلاتان شەهید کرا، لەو شوێنەی شەیتان نیشتەجێیە، نکۆڵیت لە باوەڕی من نەکرد.

14 «بەڵام هەندێک شتم لەسەرت هەیە: ئەویش هەندێک کەس لەلاتن پابەندن بە فێرکردنی بەلعامەوە[a]، ئەوەی بالاقی فێردەکرد کۆسپ لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دابنێت تاکو لەو قوربانییانە بخۆن[b] کە بۆ بت کراون و داوێنپیسی بکەن. 15 بە هەمان شێوە لەلای تۆش هەندێک هەن پابەندن بە فێرکردنی نیکۆلاوییەکان. 16 بۆیە تۆبە بکە! ئەگینا، بەم زووانە دێمە لات و بە شمشێرەکەی دەمم لەگەڵیان دەجەنگم.

17 «ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت لە مەنی[c] شاراوەی دەدەمێ، هەروەها بەردێکی سپی دەدەمێ کە ناوێکی نوێی لەسەر نووسراوە، جگە لەوەی وەریدەگرێت کەس نایزانێت.»

نامەیەک بۆ کڵێسای سیاتیرا

18 بۆ فریشتەی کڵێساکەی سیاتیرا بنووسە:

کوڕی خودا، ئەوەی چاوەکانی وەک گڕی ئاگرە و پێیەکانی وەک بڕۆنزی بریقەدارە، دەفەرموێ: 19 «ئاگام لە کردار و خۆشەویستی و خزمەت و باوەڕ و دانبەخۆداگرتنتە. کارەکانی ئەم دواییەت لەوانەی یەکەمت زیاترن.

20 «بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە: تۆ ڕێت بەو ژنە داوە کە ناوی ئیزابێلە[d]، خۆی بە پێغەمبەر ناوببات، بەندەکانم فێردەکات و چەواشەیان دەکات تاکو داوێنپیسی بکەن و لەو خواردنە بخۆن کە بۆ بت کراوەتە قوربانی. 21 کاتم پێیدابوو تاکو تۆبە بکات، بەڵام نەیویست تۆبە لە داوێنپیسی بکات. 22 لەبەر ئەوە فڕێیدەدەمە سەر جێگا و نەخۆش دەکەوێ، هەروەها ئەگەر ئەوانەی داوێنپیسییان لەگەڵی کردووە لە کردارەکانیان تۆبە نەکەن، دەیانخەمە ناو تەنگانەیەکی گەورەوە. 23 هەروەها منداڵەکانی بە مردن لەناودەبەم، هەموو کڵێساکانیش دەزانن من پشکێنەری مێشک و دڵەکانم، هەر یەکێکیشتان بەگوێرەی کارەکانی دەیدەمێ.

24 «بەڵام بە ئێوە دەڵێم، ئەوانەی لە سیاتیرا ماونەتەوە، ئەوانەی ئەم فێرکردنەیان نییە و بە قووڵایی شەیتانیان نەزانیوە، وەک دەڵێن، من بارێکی دیکەتان ناخەمە سەر، 25 تەنها ئەوەی هەتانە دەستی پێوە بگرن، هەتا دێم.

26 «ئەوەی سەربکەوێت و کارەکانی من تاکو کۆتایی بپارێزێت، دەسەڵاتی بەسەر نەتەوەکاندا دەدەمێ،

27 «[بە گۆچانێکی ئاسنین بەڕێوەیان دەبات،
    وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکات.][e]

هەروەک منیش لە باوکمەوە دەسەڵاتم وەرگرتووە. 28 هەروەها ئەستێرەی بەرەبەیانی دەدەمێ. 29 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.