Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
19 دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم،
وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون.
20 بە باشی بەبیرم دێتەوە،
لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە.
21 بەڵام ئەوە دەهێنمەوە یادم و
لەبەر ئەوە هیوام هەیە:
22 بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین،
چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت.
23 ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛
دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە.
24 بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە،
لەبەر ئەوە هیوام بەوە.»
25 یەزدان چاکە بۆ ئەوانەی هیوایان بەو هەیە،
بۆ ئەو کەسەی داوای ئەو دەکات.
26 باشە بۆ کەسێک بە بێدەنگی چاوەڕێ بکات
بۆ هاتنی ڕزگاریی یەزدان.
ڕووخاندنی ئۆرشەلیم
52 سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی حەموتەلی کچی یەرمیای خەڵکی لیڤنا بوو. 2 ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک هەموو ئەوەی یەهۆیاقیم کردی. 3 لەبەر تووڕەیی یەزدان بوو کە ئەمانە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا ڕوویدا، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆیدا دەریکردن.
ئەوە بوو سدقیا لە پاشای بابل یاخی بوو.
4 ئیتر لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەمی پاشایەتی سدقیا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و لەوێ ئۆردوگای دامەزراند، لە چواردەوری قوللەی بنیاد نا. 5 هەتا ساڵی یازدەیەمی پاشایەتی سدقیا شارەکە لەژێر گەمارۆدا بوو.
6 لە نۆی مانگی چواردا قاتوقڕی لە شارەکە هێندە سەخت بوو کە نان نەبوو گەلی خاکەکە بیخۆن. 7 ئینجا شوورای شارەکە شکێنرا و هەموو جەنگاوەرەکان بە شەو بە ڕێگای دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەی بەرامبەر باخچەی پاشادا هەڵاتن، هەرچەندە بابلییەکان لە چواردەوری شارەکە بوون. بە ڕێگای عەراڤادا[a] هەڵاتن، 8 بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوای سدقیای پاشا کەوتن، لە دەشتی ئەریحا پێی گەیشتن، هەموو سوپاکەی پەرتەوازە بوو، 9 جا پاشایان بە دیل گرت.
بردییانە لای پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد. 10 هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد. 11 پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد، بردی بۆ بابل و هەتا ڕۆژی مردنی لە بەندیخانە بەندی کرد.
نامەیەک بۆ کڵێسای سمیرنا
8 بۆ فریشتەی کڵێساکەی سمیرنا بنووسە:
ئەوەی یەکەمین و دواهەمینە، ئەوەی مردوو بوو و زیندووبووەوە، دەفەرموێ: 9 «ئاگام لە تەنگانە و هەژاریتە، هەرچەندە تۆ دەوڵەمەندیت. هەروەها ئاگام لە قسە هەڵبەستنی ئەوانەیە کە دەڵێن جولەکەین و واش نین، بەڵام کەنیشتی شەیتانن. 10 هەرگیز مەترسە لەو ئازارانەی وا بۆت دێت. وا ئیبلیس خەریکە هەندێکتان بخاتە زیندانەوە، تاکو تاقی بکرێنەوە و دە ڕۆژ تەنگانەتان دەبێت. هەتا مردن دڵسۆزبە، منیش تاجی ژیانت پێ دەبەخشم.
11 «ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت مردنی دووەم ئازاری نادات.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.