Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
91 ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشت،
ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بە توانا دەمێنێتەوە،
2 بە یەزدان دەڵێ: «تۆ پەناگامی، قەڵامی،
خودای منی، پشتت پێ دەبەستم.»
3 چونکە لە تۆڕی ڕاوچی دەربازت دەکات،
لە دەرد و بەڵای کوشندە.
4 بە باڵی خۆی داتدەپۆشێت،
لەژێر باڵەکانی پەنا دەگریت و
دڵسۆزییەکەی قەڵغان و شوورایە.
5 نە لە تۆقینی شەو دەترسیت و
نە لەو تیرەی بە ڕۆژ دەهاوێژرێت،
6 نە لەو دەردەی کە لە تاریکی دێت،
نە لەو ئافاتەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ زیان دەبەخشێت.
14 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی دڵی بە منەوە بەندە، ڕزگاری دەکەم،
دەیپارێزم، چونکە من دەناسێت[a].
15 نزام بۆ دەکات، وەڵامی دەدەمەوە،
لە تەنگانە لەگەڵیدام،
دەربازی دەکەم و ڕێزداری دەکەم.
16 بە ڕۆژگاری درێژ تێری دەکەم،
ڕزگاریی خۆمی نیشان دەدەم.»
پێغەمبەرە درۆزنەکان
9 سەبارەت بە پێغەمبەرەکان:
دڵم لە ناخمدا وردوخاش بووە،
هەموو ئێسکەکانم دەلەرزن.
من وەک کەسێکی سەرخۆشم لێهات،
وەک پیاوێک شەراب بەسەریدا زاڵ بووبێت،
لەبەر یەزدان و
لەبەر فەرموودە پیرۆزەکانی.
10 چونکە خاکەکە پڕ بووە لە داوێنپیسان،
خاکەکە لەبەر نەفرەت دەناڵێنێت،
لەوەڕگاکانی چۆڵەوانی وشک بوون.
پێغەمبەران لەسەر ڕێڕەوی خراپە دەڕۆن و
دەسەڵاتیان بۆ ستەم بەکاردەهێنن.
11 «پێغەمبەر و کاهین هەردووکیان گڵاوبوون،
تەنانەت لە پەرستگاکەشم خراپەی ئەوانم بەرچاوکەوت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 «لەبەر ئەوە ڕێگاکانیان خلیسکە بۆیان،
بۆ ناو تاریکی دەردەکرێن و
لەوێ دەخزێن،
چونکە بەڵایان بەسەردا دەهێنم
لە ساڵی سزادانیان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 «لەنێو پێغەمبەرەکانی سامیرەدا
قێزەونییەکەم بینی،
بەهۆی بەعلەوە پێشبینی دەکەن و
ئیسرائیلی گەلی من گومڕا دەکەن.
14 لەنێو پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمیش
ئەوەی بینیم موچڕکە بە لەشدا دەهێنێت:
داوێنپیسی و ڕێی درۆیان گرتووەتەبەر،
خراپەکاران هاندەدەن
بۆ ئەوەی کەس لە خراپەکەی نەگەڕێتەوە.
ئەوان بۆ من وەک سەدۆمیان لێهاتووە،
خەڵکی ئۆرشەلیمیش وەک عەمۆرا.»
15 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار سەبارەت بە پێغەمبەرەکان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من زەقنەبووتیان دەرخوارد دەدەم و
ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم،
چونکە لەلای پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمەوە
گڵاوی بۆ هەموو زەوی بڵاو بووەوە.»
16 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە مەگرن کە پێشبینیتان بۆ دەکەن،
چونکە ئەوان تەفرەتان دەدەن.
لە خەیاڵی بیری خۆیانەوە دەدوێن،
نەک لەسەر زمانی یەزدانەوە.
17 ئەوانەی سووکایەتی بە من دەکەن، دەڵێن،
”یەزدان دەفەرموێت، ئاشتیتان بۆ دەبێت.“
هەروەها هەموو ئەوانەی بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتوون، دەڵێن،
”خراپەتان بەسەرنایەت.“
18 بەڵام کامیان لە ئەنجومەنی یەزدان[a] ڕاوەستا و
بینی و گوێی لە فەرموودەکانی بوو؟
کامیان فەرموودەکانی بیست و گوێی لێ گرت؟
19 ئەوەتا ڕەشەبای یەزدان
لە تووڕەییدا هەڵدەچێت،
گەردەلوولێکی ڕاماڵە
لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
20 تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە
هەتا نیازەکانی دڵی خۆی
بە تەواوی جێبەجێ نەکات.
لە داهاتوودا
بە ڕوونی تێی دەگەن.
21 من ئەو پێغەمبەرانەم نەنارد،
بە پەلە پەیامیان ڕاگەیاند،
من قسەم لەگەڵیان نەکرد،
کەچی خۆیان پێشبینییان کرد.
22 بەڵام ئەگەر لە ئەنجومەنی مندا بووەستابان،
فەرموودەکانی منیان بە گەلەکەم ڕادەگەیاند و
لە ڕێگا خراپەکانیان و
لە خراپەی کردەوەکانیان دەیانگێڕانەوە.
8 ئەمەتان وەک فەرمانێک پێ ناڵێم، بەڵکو بە بەراورد لەگەڵ پەرۆشی کەسانی دیکە، ڕاستەقینەیی خۆشەویستیتان تاقی دەکەمەوە. 9 نیعمەتی عیسای مەسیحی گەورەمان دەزانن، هەرچەندە دەوڵەمەند بوو، لە پێناوی ئێوەدا بووە هەژار، بۆ ئەوەی ئێوە بە هەژاری ئەو دەوڵەمەند بن.
10 لەمەشدا بیروڕای خۆمتان پێ دەڵێم چونکە ئەمە بەسوودە بۆتان: ئێوە پار دەستتان بە بەخشین کرد، نەک تەنها ئەمەتان کردووە، بەڵکو ئارەزووشتان دەکرد کە ئەنجامی بدەن. 11 ئێستا کارەکە تەواو بکەن، هەروەک پەرۆشی خواستی بوون، ئاوا تەواوکردنیش بە خواستی خۆتانە، 12 چونکە ئەگەر پەرۆشی هەبێت، ئەوا خودا بەگوێرەی ئەوەی کە کەسەکە هەیەتی پەسەندی دەکات، نەک بەگوێرەی ئەوەی نییەتی.
13 مەبەستم ئەوە نییە خەڵکی دیکە بحەسێنەوە و فشارم لەسەر ئێوە بێت، بەڵکو بە یەکسانی. 14 لە کاتی ئێستادا با پڕی ئێوە کەموکوڕی ئەوان پڕ بکاتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پڕی ئەوانیش کەموکوڕی ئێوە پڕ بکاتەوە، تاکو یەکسان ببێت. 15 وەک نووسراوە: [نە ئەوەی زۆری کۆکردووەتەوە زیادی کردووە و نە ئەوەی کەمی کۆکردووەتەوە کەمی کردووە.][a]
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.