Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 106:40-48

40 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلەکەیدا جۆشا،
    قێزی لە میراتەکەی بووەوە.
41 ژێردەستەی نەتەوەکانی کردن،
    ناحەزانیان بەسەریاندا زاڵبوون،
42 دوژمنەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین،
    زەلیلی ژێر دەستیان بوون.
43 زۆر جار دەربازی کردن،
    بەڵام بە ئەنقەست یاخیبوون،
    داڕووخان بە گوناهەکانیان.
44 بەڵام لە تەنگانەیاندا ئاوڕی لێ دانەوە،
    کە گوێی لە دەنگی هاواریان بوو.
45 لە پێناوی ئەوان پەیمانی خۆی هێنایەوە یاد،
    بەگوێرەی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پاشگەز بووەوە.
46 وای کرد ئەوانەی بە دیل گرتوویانن،
    سکیان پێیان بسووتێت.

47 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ڕزگارمان بکە،
    لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و
    شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.

48 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.

با هەموو گەل بڵێن: «ئامین!»

هەلیلویا!

یەرمیا 10:17-25

هاتنی وێرانی

17 لەم خاکە بوخچەکەت بپێچەوە،
    ئەی دانیشتووی ژێر ئابڵوقە!
18 چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
    «ئەم جارە دانیشتووانی ئەم خاکە
دەردەکەمە دەرەوە،
    تەنگیان پێ هەڵدەچنم هەتا ئەوەی هەستی پێدەکەن.»

19 وەی لە حاڵم لەبەر وردوخاشبوونم!
    برینەکەم بێ چارەیە!
بەڵام بە خۆمم گوت: «بێگومان ئەمە دەردی منە و
    دەبێ بەرگەی بگرم.»
20 چادرەکەم تێکدراوە،
    هەموو گوریسەکانی پساون.
کوڕەکانم بەجێیان هێشتووم و نەماون،
    ئیتر کەس نییە بۆ ئەوەی چادرەکەم هەڵبدات و
    پڵاسەکانی چادرەکەم ڕابگرێت.
21 شوانەکان دەبەنگ بوون و
    داوای یەزدانیان نەکرد،
لەبەر ئەوە سەرنەکەوتن و
    هەموو مێگەلەکەیان پەرتەوازە بوو.
22 گوێ بگرن! دەنگی هەواڵ دێت،
    هەراوهۆریای گەورە لە خاکی باکوورەوە،
تاوەکو شارۆچکەکانی یەهودا وێران بکرێن،
    بکرێنە داڵدەی چەقەڵ.

نزاکردنی یەرمیا

23 ئەی یەزدان، زانیم کە مرۆڤ خاوەنی ڕێگای خۆی نییە،
    کەس ناتوانێت ڕێڕەوەکانی خۆی ئاراستە بکات.
24 ئەی یەزدان، تەمبێم بکە،
    بەڵام بە دادپەروەری، نەک بە تووڕەییت،
    نەوەک لەناوم ببەیت.
25 تووڕەییت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە
    کە دانت پێدا نانێن و
    بەسەر ئەو گەلانەی کە بە ناوی تۆوە نزا ناکەن،
چونکە یاقوبیان خوارد،
    بە تەواوی خواردیان و
    نشینگەکەیان وێران کرد.

لۆقا 20:45-21:4

ئاگادارکردنەوە

45 کاتێک هەموو خەڵکەکە گوێیان گرتبوو، بە قوتابییەکانی فەرموو: 46 «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت، لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە ڕیزی سەرەوەی میوانداری بن. 47 ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»

بەخشین لە پێویستی خۆت

21 ئینجا عیسا تەماشای کرد و بینی دەوڵەمەندەکان بەخشینیان دەخەنە ناو گەنجینەی پەرستگا. بێوەژنێکی هەژاریشی بینی دوو فلسی خستە ناوی. ئینجا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە لە هەموویان زیاتری دانا. هەموو ئەوانەی دیکە ئەوەی لە خۆیان زیادەیە بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.