Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 106:40-48

40 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلەکەیدا جۆشا،
    قێزی لە میراتەکەی بووەوە.
41 ژێردەستەی نەتەوەکانی کردن،
    ناحەزانیان بەسەریاندا زاڵبوون،
42 دوژمنەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین،
    زەلیلی ژێر دەستیان بوون.
43 زۆر جار دەربازی کردن،
    بەڵام بە ئەنقەست یاخیبوون،
    داڕووخان بە گوناهەکانیان.
44 بەڵام لە تەنگانەیاندا ئاوڕی لێ دانەوە،
    کە گوێی لە دەنگی هاواریان بوو.
45 لە پێناوی ئەوان پەیمانی خۆی هێنایەوە یاد،
    بەگوێرەی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پاشگەز بووەوە.
46 وای کرد ئەوانەی بە دیل گرتوویانن،
    سکیان پێیان بسووتێت.

47 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ڕزگارمان بکە،
    لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و
    شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.

48 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.

با هەموو گەل بڵێن: «ئامین!»

هەلیلویا!

یەرمیا 9:12-26

12 کێ کەسێکی دانایە و ئەمە تێدەگات؟ کێ ئەوەی یەزدان فێری کرد دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە؟ بۆچی زەوی لەناوچوو، چۆڵەوانی وێران بوو، کەس ناتوانێت لێی بپەڕێتەوە؟

13 یەزدان فەرمووی: «لەبەر ئەوەی وازیان لە فێرکردنەکەم هێنا، ئەوەی خستمە پێشیان پەیڕەویان نەکرد، گوێڕایەڵی من نەبوون. 14 لەبری ئەوە، بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتن، بەدوای بەعلەکان کەوتن، کە باوباپیرانیان فێریان کردن.» 15 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من زەقنەبووت دەرخواردی ئەم گەلە دەدەم و ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم. 16 بەناو چەندین نەتەوەدا پەرتیان دەکەم کە نە خۆیان و نە باوباپیرانیان نەیانناسیون، بە شمشێریش ڕاویان دەنێم هەتا لەناویان دەبەم.»

17 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«سەرنج بدەن! بانگی ژنە ماتەمگێڕەکان بکەن هەتا بێن،
    بنێرن بەدوای ژنە شارەزاکان.
18 با خێرا بێن و دەنگی شیوەن بەسەرماندا هەڵبڕن،
    چاوەکانمان فرمێسک بڕێژێت و
    پێڵووەکانمان ئاویان لێ هەڵبقوڵێت.
19 چونکە دەنگی شیوەن لە سییۆنەوە بیسترا،
    ”چۆن تێکدراین!
    چەند شەرمەزار بووین!
چونکە زەوییەکەمان بەجێهێشت،
    چونکە ماڵەکانمان کاول کران.“»

20 ئەی ژنان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
    گوێ لە فەرمایشتی دەمی ئەو بگرن.
کچەکانتان فێری شیوەن بکەن،
    هەر ژنێکیش دەستەخوشکەکەی فێری ماتەم گێڕان بکات.
21 مردن بە پەنجەرەکانمان هەڵگەڕا،
    هاتە ناو قەڵاکانمانەوە،
بۆ قڕکردنی منداڵان لە کۆڵان و
    لاوان لە گۆڕەپانەکان.

22 بڵێ: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”تەرمی مرۆڤ دەکەوێت،
    وەک زبڵ بەسەر ڕووی کێڵگەوە،
وەک چەپکی دوای دروێنەکەر،
    کەس نییە کۆی بکاتەوە.“»

23 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«با دانا شانازی بە دانایی خۆی نەکات،
    با پاڵەوان شانازی بە پاڵەوانیێتی خۆی نەکات،
    با دەوڵەمەند شانازی بە دەوڵەمەندیێتی خۆی نەکات،
24 بەڵکو ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بەمە بکات:
    کە لە من تێدەگات و دەمناسێت،
کە من یەزدانم، ئەوەی خۆشەویستی نەگۆڕ و
    دادوەری و ڕاستودروستی لەسەر زەوی دەهێنمە دی،
    چونکە خۆشی لەمانە دەبینم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

25 یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە تەنها بە لەش خەتەنە کراون، 26 خەڵکی میسر و یەهودا و ئەدۆم و عەمۆن و مۆئاب و قژبڕاوەکانی[a] دانیشتووی چۆڵەوانی. هەموو نەتەوەکان خەتەنە نەکراون و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش دڵیان خەتەنە نەکراوە[b]

کردار 4:1-12

پەترۆس و یۆحەنا لە سەنهەدرین

کاتێک پەترۆس و یۆحەنا قسەیان بۆ خەڵکەکە دەکرد، کاهینان و سەرۆکی پاسەوانی پەرستگا و سەدوقییەکان هاتنە لایان، زۆر لێیان پەست بوون، چونکە خەڵکیان فێردەکرد و دەیانگوت کە مردووان زیندوو دەبنەوە هەروەک چۆن عیسا زیندووبووەوە. بۆیە پەترۆس و یۆحەنایان گرت و هەتا بەیانی لە زیندانیان کردن، چونکە دەمەو ئێوارە بوو. بەڵام زۆر لەوانەی گوێیان لە قسەکان بوو باوەڕیان هێنا و ژمارەی پیاوان گەیشتە پێنج هەزار.

بۆ بەیانی پێشەوایان و پیران و مامۆستایانی تەورات لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە، لەگەڵ حەنای سەرۆک کاهین و قەیافا و یۆحەنا و ئەسکەندەر و هەموو ئەوانەی لە تیرەی سەرۆک کاهینان بوون. پەترۆس و یۆحەنایان لەناوەڕاست ڕاگرت، پرسیاریان لێکردن: «بە چ هێزێک و بە چ ناوێک ئەمەتان کرد؟»

جا پەترۆس پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز، پێی گوتن: «ئەی پێشەوایانی گەل و ئەی پیران، ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر چاکەیەک بۆ پەککەوتەیەک کراوە لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ دەکرێت، بە چی چاک بووەتەوە، 10 با لەلای هەمووتان و هەموو گەلی ئیسرائیل زانراو بێت، بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەیی، ئەم ئیفلیجە کە بەو تەندروستییە لەبەردەمتان ڕاوەستاوە چاک بووەوە، بە ناوی ئەو عیسایەی کە ئێوە لە خاچتان دا و خوداش لەناو مردووان هەڵیستاندەوە. 11 ئەمە

«[ئەو بەردەیە کە ئێوەی وەستا ڕەتتان کردەوە،
    ئەوەی بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a]‏.][b]

12 بێجگە لەو ڕزگاربوون نییە، چونکە ناوێکی دیکە لەژێر ئاسماندا نییە لەناو خەڵکدا درابێت، بەوەوە پێویست بکات ڕزگار بین.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.