Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 4:11-12

11 لەو کاتەدا بەم گەلە و بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «بای سووتێنەر لە گردۆڵکەکانی چۆڵەوانییەوە بەرەو گەلەکەم هەڵدەکات، نە بۆ شەن و نە بۆ جیاکردنەوە، 12 بایەکی لەوە بەگوڕترە، لە منەوە دێت. ئێستاش من حوکمی خۆم بەسەریاندا ڕادەگەیەنم.»

یەرمیا 4:22-28

22 «گەلەکەم گێلە و
    من ناناسێت.
ئەوان کوڕی دەبەنگن،
    ئەوان تێنەگەیشتوون،
ئەوان دانان بۆ کاری خراپە،
    بەڵام نازانن چۆن چاکە بکەن.»

23 تەماشای زەویم کرد،
    بێ شێوە و بەتاڵ بوو،
بەرەو ئاسمانیش،
    ڕووناکییەکەی نەمابوو.
24 تەماشای چیاکانم کرد دەهەژان،
    هەموو گردەکانیش لەق بوون.
25 تەماشام کرد، هیچ کەسێک دیار نەبوو،
    باڵندەکانی ئاسمانیش هەموو هەڵاتوون،
26 تەماشام کرد، باخەکان چۆڵەوانین و
    هەموو شارۆچکەکانی کاول بوون
    لەبەردەم یەزدان، لە ڕووی گڕی تووڕەییەکەی.

27 سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:

«هەموو زەوی وێران دەبێت،
    بەڵام بە تەواوی کۆتایی پێ ناهێنم.
28 لەبەر ئەمە زەوی شیوەن دەگێڕێت،
    ئاسمانیش لە سەرەوە تاریک دادێت،
لەبەر ئەوەی من قسەم کرد و پاشگەز نەبوومەوە،
    بڕیارم دا و بڕیارەکەم ناگۆڕم.»

زەبوورەکان 14

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

14 گێل[a] لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.»
    ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە،
    کەس نییە چاکە بکات.

یەزدان لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
    هەتا بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
    کەس هەیە بەدوای خودا بگەڕێت.
هەموو ڕوویان وەرگێڕا،
    هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
    تەنانەت یەکێکیش نییە.

ئایا هەموو گوناهباران فێر نەبن؟

ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
    ئەوانەی لە یەزدان ناپاڕێنەوە.
لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
    چونکە خودا لەناو کۆڕی ڕاستودروستان ئامادەیە.
ئێوەی گوناهبار سووکایەتی بە بۆچوونی هەژاران دەکەن،
    بەڵام یەزدان پەناگای ئەوانە.

با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە[b] دەربکەوێت!
    کاتێک یەزدان گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
    با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!

یەکەم تیمۆساوس 1:12-17

سوپاسکردن بۆ بەزەیی خودا

12 سوپاسی عیسای مەسیحی گەورەمان دەکەم، ئەوەی بەهێزی کردم و بە دڵسۆزی داناوم و بۆ خزمەتکردن دەستنیشانی کردم. 13 کە جاران کفرکار و چەوسێنەر و توندڕەو بووم، بەڵام بەزەیی پێم هاتەوە، چونکە بە نەزانی و بێباوەڕی کردوومە. 14 نیعمەتی مەسیحی گەورەمان لەناو مندا سەرڕێژ بوو، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە بەهۆی یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەست دێت.

15 ئەم قسەیە ڕاستە و تەواو شایانی قبوڵکردنە: عیسای مەسیح بۆ ڕزگارکردنی گوناهباران هاتە جیهان، هیچ کەسێک بە ئەندازەی من گوناهبار نییە. 16 بەڵام بەزەیی پێمدا هاتەوە، تاکو یەکەم جار لە مندا عیسای مەسیح بەوپەڕی پشوودرێژی دەربکەوێت، وەک نموونەیەک بۆ ئەوانەی باوەڕی پێ دەهێنن بۆ ژیانی هەتاهەتایی. 17 با بۆ هەتاهەتایە ڕێز و شکۆمەندی بۆ پاشای هەتاهەتایی بێت کە نەمر و نەبینراو و تاقە خودایە! ئامین.

لۆقا 15:1-10

نموونەی مەڕە ونبووەکە

15 هەموو باجگر و گوناهباران لێی نزیک دەبوونەوە تاکو گوێ لە عیسا بگرن. جا فەریسی و مامۆستایانی تەورات بۆڵەبۆڵیان دەکرد: «ئەمە پێشوازی لە گوناهباران دەکات و نانیان لەگەڵ دەخوات.»

عیساش ئەم نموونەیەی بۆ هێنانەوە: «کامەتان ئەگەر سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە دەشت بەجێناهێڵێت و بەدوای ونبووەکەدا ناچێت هەتا دەیدۆزێتەوە؟ کاتێک دۆزییەوە بە خۆشییەوە دەیخاتە سەر شانی و دێتەوە ماڵ، هاوڕێ و دراوسێکان بانگ دەکات و پێیان دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن! مەڕە ونبووەکەم دۆزییەوە.“ پێتان دەڵێم، لە ئاسمانیش شادی زیاتر دەبێت سەبارەت بە گوناهبارێک تۆبە بکات لە نەوەد و نۆ ڕاستودروست[a] کە پێویستیان بە تۆبەکردن نییە.

نموونەی درهەمە ونبووەکە

«یان چ ئافرەتێک دە درهەمی[b] هەبێت و یەک درهەمی ون بکات، چرا هەڵناکات و ماڵەکە گسک نادات و بە وردی ناگەڕێت، هەتا دەیدۆزێتەوە؟ کە دۆزییەوە، هاوڕێ و دراوسێکانی بانگ دەکات و دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن، ئەو درهەمەی ونم کردبوو، دۆزیمەوە.“ 10 پێتان دەڵێم: بە هەمان شێوە، فریشتەکانی خودا دڵشاد دەبن کاتێک گوناهبارێک تۆبە دەکات.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.