Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 2

بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
    گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
    سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی[a] و دەڵێن:
«با کۆتەکانیان بشکێنین و
    زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.»

ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت،
    پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.
ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات،
    بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت:
«من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن[b] داناوە،
    لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.»
من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم:
    پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی،
    من ئەمڕۆ بوومە باوکت.
داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت،
    ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ.
بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و
    وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.»

10 بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن،
    سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن.
11 بە ترسەوە یەزدان بپەرستن،
    بە لەرزەوە دڵخۆش بن.
12 کوڕەکە ماچ[c] بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و
    لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن،
چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش.
    خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو.

یەرمیا 18:12-23

12 بەڵام گوتیان: ”بێ سوودە، چونکە ئێمە دوای بیروڕای خۆمان دەکەوین، هەریەکەمان بەپێی کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی دەکات.“»

13 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«لەنێو نەتەوەکان بپرسن:
    کێ وەک ئەمەی بیستووە؟
بێ تامترین خراپە
    ئیسرائیلی پاکیزە کردوویەتی.
14 ئایا بەفری لوبنان
    لە لووتکە بەردینەکانی دەبڕێتەوە؟
ئایا ئاوی سازگاری لەبەرڕۆیشتووی
    وشک دەبێت؟
15 بەڵام گەلەکەم منی لەیاد کردووە،
    بخووری بۆ بتی پووچ سووتاندووە،
کۆسپ و تەگەرەیان خستە بەردەم ڕێگاکانیان و
    ڕێچکە کۆنەکان،
تاکو بە لاڕێکان و
    ڕێگا خۆش نەکراوەکاندا بڕۆن.
16 بۆ ئەوەی خاکەکەیان وێران بێت،
    بۆ هەتاهەتایە ببێتە جێگای تانە و تەشەر،
هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام بێت و
    سەر بلەقێنێت.
17 وەک بای ڕۆژهەڵات
    لەبەردەم دوژمن پەرتیان دەکەم،
لە ڕۆژی کارەساتیان
    پشتیان تێدەکەم، نەک ڕوو.»

18 ئینجا ناحەزانم گوتیان: «وەرن، با پیلانێک لە یەرمیا بگێڕین، چونکە فێرکردن لە کاهین و ڕاوێژ لە دانا و پەیام لە پێغەمبەر نابڕێتەوە. وەرن با بە زمانمان لێی بدەین و گوێ لە هیچ وشەیەکی نەگرین.»

19 ئەی یەزدان، گوێم لێ بگرە،
    گوێ لە دەنگی ناحەزانم بگرە.
20 ئایا پاداشتی چاکە بە خراپە دەدرێتەوە؟
    بەڵام چاڵێکیان بۆم هەڵکەندووە.
بەبیرت بێتەوە وەستانم لەبەردەمت،
    بۆ ئەوەی لە پێناوی ئەوان بپاڕێمەوە،
    تاکو تووڕەییت لێیان بگێڕمەوە.
21 لەبەر ئەوە کوڕەکانیان بدە دەست قاتوقڕی،
    بیاندە دەست شمشێر،
با ژنەکانیان جەرگسووتاو و بێوەژن بن،
    پیاوەکانیشیان بمرن،
    گەنجەکانیان لە جەنگ بە شمشێر بکوژرێن.
22 با هاوار لە ماڵەکانیانەوە ببیسترێت،
    کاتێک لەپڕ چەتەیان بەسەردا دەدەیت،
چونکە چاڵیان هەڵکەند بۆ گرتنم،
    تەڵەیان بۆ پێم نایەوە.
23 بەڵام ئەی یەزدان،
    تۆ لە هەموو تەگبیرەکانیان بۆ کوشتنی من ئاگاداربووی.
لە تاوانیان خۆش مەبە و
    گوناهەکەیان لەبەرچاوت مەسڕەوە.
با لەبەردەمت تێکبشکێن،
    لە کاتی تووڕەبوونت سزایان بدە.

یەکەم تیمۆساوس 3:14-4:5

گەورەترین نهێنی

14 هەرچەندە هیوادارم زوو بێمە لات، بەڵام ئەمانەت بۆ دەنووسم، 15 تاکو، ئەگەر دواکەوتم، بزانی لە ماڵی خودا خەڵک چۆن ڕەفتار بکەن، ئەوەی کڵێسای خودای زیندووە، کۆڵەکە و بناغەی ڕاستی. 16 بە دانپێدانانی گشتی، نهێنی لەخواترسی گەورەیە، ئەمەیە:

«ئەو لە جەستەدا دەرکەوت،
        لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە پاکانەی بۆ کرا،
لەلایەن فریشتەکانەوە بینرا،
        لەنێو نەتەوەکان جاڕی بۆ درا،
لە جیهاندا باوەڕی پێ هێنرا،
        لە شکۆمەندی بەرزکرایەوە.»

فێرکارانی دووڕوو و درۆزن

ڕۆح بە ڕاشکاوی دەفەرموێ، لە کۆتایی ڕۆژگاردا هەندێک لە باوەڕ هەڵدەگەڕێنەوە، شوێنی ڕۆحی چەواشە و فێرکردنەکانی ڕۆحە پیسەکان دەکەون، لە دووڕوویی درۆزنان، ویژدانیان داخکراوە. هاوسەرگیری قەدەغە[a] دەکەن، فەرمانی نەخواردن دەدەن لەو خۆراکەی کە خودا بەدییهێناوە بۆ ئەوەی بە سوپاسی باوەڕداران و ڕاستیناسان وەربگیردرێت. هەموو بەدیهێنراوی خودا چاکە، ئەگەر شتێک بە سوپاسەوە وەرگیرا ڕەت ناکرێتەوە، چونکە بە وشەی خودا و نوێژەوە پیرۆزکراوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.