Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.
139 ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و
منت ناسی.
2 هەستان و دانیشتنی منت زانیوە،
لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.
3 ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە،
شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.
4 ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت،
تۆ بە تەواوی دەیزانی.
5 لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم،
دەستت دەخەیتە سەرم.
6 ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە،
لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.
13 چونکە تۆ ناخی منت دروستکردووە،
لەناو سکی دایکم منت چنیوە.
14 ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی دروستکراوم، سەرسوڕهێنەرم،
کارەکانت سەرسوڕهێنەرن،
لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.
15 ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو،
کاتێک لە پەنهانی دروستکرام،
لەناو سکی زەوی نەخشێنرام.
16 هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی.
هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا،
لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون،
پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.
17 ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە!
کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە!
18 ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن.
کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.
14 ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چاک دەبمەوە،
ڕزگارم بکە، ڕزگار دەبم،
چونکە ستایشی من هەر بۆ تۆیە.
15 ئەوەتا ناحەزانم پێم دەڵێن:
«کوا فەرمایشتی یەزدان؟
با ئێستا بێتە دی!»
16 منیش هەرگیز لەوە لام نەدا شوان بم لەلای تۆ،
تۆ دەزانیت کە خوازیاری ڕۆژی کوشندە نەبووم.
چی لە دەمم هاتووەتە دەرەوە لەبەردەمی خۆت بووە.
17 ئەی یەزدان، مەمتۆقێنە،
تۆ پەناگای منی لە ڕۆژی لەناوچوون.
18 با ڕاونەرانم شەرمەزار بن
بەڵام من شەرمەزار نەبم،
با ئەوان بتۆقن
بەڵام من نەتۆقم.
ڕۆژی لەناوچوونیان بەسەردا بهێنە،
دوو ئەوەندە وردوخاشیان بکە.
تەرخانکردنی ڕۆژی شەممە
19 یەزدان ئاوای پێ فەرمووم: «بڕۆ و لەلای دەروازەی نەوەی گەل بوەستە، ئەوەی پاشاکانی یەهودا پێیدا دێنە ژوورەوە و دەچنە دەرەوە، هەروەها لە هەموو دەروازەکانی دیکەی ئۆرشەلیم بوەستە. 20 پێیان بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی پاشاکانی یەهودا و هەموو یەهودا و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە. 21 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداری خۆتان بن و لە ڕۆژی شەممەدا هیچ بارێک هەڵمەگرن و بەناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمدا بیهێننە ژوورەوە. 22 هیچ بارێکیش لە ڕۆژی شەممەدا لە ماڵەکانتانەوە مەهێننە دەرەوە و هیچ کارێک مەکەن، ڕۆژی شەممە تەرخان بکەن، وەک ئەوەی فەرمانم بە باوباپیرانتان کرد. 23 بەڵام گوێیان نەگرت و گوێیان پێی نەدا و کەللەڕەقییان کرد، نەیانبیست و تەمبێ نەبوون. 24 بەڵام ئەگەر بە تەواوی گوێم لێ بگرن، لە ڕۆژی شەممە هیچ بارێک نەهێننە ناو دەروازەکانی ئەم شارە و ڕۆژی شەممەتان تەرخان کرد، بۆ ئەوەی هیچ کارێکی تێدا نەکەن، 25 ئەوا پاشایانی سەر تەختی داود لەگەڵ پیاوە گەورەکان بە دەروازەکانی ئەم شارەدا دێنە ژوورەوە، لەگەڵ پیاوە گەورەکان بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە، لەگەڵ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم دێن، ئەم شارەش هەتاهەتایە ئاوەدان دەبێت. 26 ئینجا لە شارۆچکەکانی یەهودا، لە دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە خاکی بنیامین، لە زوورگەکانی[a] خۆرئاوا، لە ناوچە شاخاوییەکان و لە نەقەبەوە دێن. قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو، پێشکەشکراوی دانەوێڵە، بخوور و قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدانەوە. 27 خۆ ئەگەر گوێ لە من نەگرن بۆ تەرخانکردنی ڕۆژی شەممە، بەردەوام بوون لەوەی بە بارەوە بێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیم، ئەوا من ئاگرێکی نەکوژاوە بەردەدەمە دەروازەکانی ئۆرشەلیم کە قەڵاکانی لەناودەبات.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ئاشتی نا بەڵکو شمشێر
34 «وا مەزانن کە هاتووم تاکو ئاشتی بهێنمە سەر زەوی. نەهاتووم بۆ هێنانی ئاشتی، بەڵکو شمشێر![a] 35 چونکە من هاتووم بۆ هەڵگەڕاندنەوەی
«[کوڕ لە باوکی و
کچ لە دایکی و
بووک لە خەسووی،
36 دوژمنی مرۆڤیش لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.][b]
37 «ئەوەی باوک یان دایکی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە. ئەوەی کوڕ یان کچی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە. 38 ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت شایانی من نییە. 39 ئەوەی ژیانی خۆی بدۆزێتەوە دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لەبەر من بدۆڕێنێت دەیدۆزێتەوە.
40 «ئەوەی پێشوازیتان لێ بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەش پێشوازیم بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە منی ناردووە. 41 ئەوەی پێشوازی لە پێغەمبەرێک بکات بە ناوی پێغەمبەر، ئەوا پاداشتی پێغەمبەرێک وەردەگرێت. ئەوەش پێشوازی لە پیاوچاکێک بکات بە ناوی پیاوچاک، ئەوا پاداشتی پیاوچاکێک وەردەگرێت. 42 ئەوەی تەنها جامە ئاوێکی سارد بداتە یەکێک لەم بچووکانە، لەبەر ئەوەی قوتابی منن، ڕاستیتان پێ دەڵێم: پاداشتی ون نابێت.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.