Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 2:4-13

گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب،
    ئەی هەموو خێڵەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل،
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«باوباپیرانتان چ کەموکوڕییەکیان لە مندا بینی
    کە لێم دوورکەوتنەوە؟
چوون دوای بتی پووچ کەوتن و
    خۆیان پووچ کرد.
پرسیاریان نەکرد: ”کوا یەزدان،
    ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێناین،
ئەوەی ئێمەی بەناو چۆڵەوانیدا برد،
    بە خاکێکی ڕووتەن و چاڵوچۆڵدا،
بە خاکێکی وشک و سێبەری مەرگ،
    بە خاکێکدا کە کەسی پێدا تێنەپەڕیبوو،
    کەس لەوێ نیشتەجێ نەببوو؟“
ئێوەم هێنایە ناو خاکێکی بەپیت
    بۆ ئەوەی بەروبووم و بەرهەمە چاکەکانی بخۆن.
بەڵام هاتن و زەوییەکەی منتان گڵاو کرد،
    میراتەکەی منتان قێزەون کرد.
کاهینەکان پرسیاریان نەکرد:
    ”کوا یەزدان؟“
ئەوانەی مامۆستای تەوراتن نەیانناسیم،
    ڕابەرەکان لێم یاخی بوون،
پێغەمبەرەکان بەهۆی بەعلەوە پێشبینییان کرد،
    دوای بتی پووچ کەوتن.»

یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە دیسان دادگاییتان دەکەم،
    منداڵی منداڵیشتان پەلکێشی دادگا دەکەم.
10 لە کەنارەکانی کیتیم[a] بپەڕنەوە و ببینن،
    بنێرن بۆ قێدار[b] و بە وردی سەرنج بدەن،
    ببینن ئاخۆ وەک ئەمە بووە؟
11 ئایا هیچ نەتەوەیەک خوداوەندەکانی خۆی گۆڕیوە؟
    هەرچەندە خودا نین.
بەڵام گەلەکەی من خودای شکۆمەندیان گۆڕییەوە
    بە بتی پووچ.
12 ئەی ئاسمان، لەبەر ئەمە واقت وڕبمێنێت،
    موچڕکەت پێدابێت و زۆر سەرسام بە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 «گەلەکەم دوو خراپەی کردووە:
وازیان لە من هێنا
    کە کانی ئاوی ژیانم،
هەروەها ئەمباراویان بۆ خۆیان هەڵکەند،
    ئەمباراوی شکاو کە ئاو ڕاناگرێت.

زەبوورەکان 81:1

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a]. بۆ ئاساف.

81 هەلهەلە لێدەن بۆ خودا ئەوەی هێزمانە،
    بە خۆشییەوە هاوار بکەن بۆ خودای یاقوب.

زەبوورەکان 81:10-16

10 من یەزدانی پەروەردگاری تۆم،
    کە لە خاکی میسر دەرمهێنای.
    دەمت بکەوە و پڕی دەکەم.

11 «بەڵام گەلەکەم گوێی لە قسەم نەگرت،
    ئیسرائیل منی نەویست.
12 منیش ئەوانم دایە دەست کەللەڕەقییەکەی خۆیان،
    بە ڕاوێژی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.

13 «خۆزگە گەلەکەم بە قسەی منیان دەکرد،
    ئەگەر ئیسرائیل ڕێگای منیان دەگرتەبەر،
14 هەر زوو دوژمنەکانم بۆ زەلیل دەکردن،
    دەستم درێژ دەکردە سەر ناحەزانیان!
15 ئەوانەی ڕقیان لە یەزدانە، ملکەچی دەبن،
    هەتاهەتایە کاتی سزایان دەبێت.
16 باشترین گەنمم دەرخوارد دەدایت،
    لە تاشەبەردەوە تێر هەنگوینم دەکردیت.»

عیبرانییەکان 13:1-8

وتەی هاندان

13 با خۆشەویستی برایانە بچەسپێت. میوانداری نامۆکان لەیاد مەکەن، چونکە بەمە کەسانێک بێ ئەوەی بزانن میوانداری فریشتەکانیان کردووە. یادی بەندکراوان بکەنەوە هەروەک ئەوەی لەگەڵیان بەند کرابن، زۆرلێکراوانیش وەک خۆتان لەگەڵ ئەودا زۆرلێکراو بن.

با لەلای هەمووان هاوسەرایەتی ڕێزی هەبێت، نوێنی هاوسەرایەتیش پاک بێت، چونکە خودا بەڕەڵا و داوێنپیس تاوانبار دەکات. با ژیانتان بێ خۆشەویستی پارە بێت، ڕازی بن بەوەی هەتانە، چونکە خودا فەرموویەتی:

[هەرگیز پشتگوێت ناخەم،
    هەرگیز وازت لێ ناهێنم.][a]

کەواتە بە متمانەوە دەڵێین:

[یەزدان یارمەتیدەری منە، ناترسم.
    مرۆڤ چیم لێ دەکات؟][b]

ڕابەرەکانتان لەیاد بێت، ئەوانەی باسی وشەی خوداتان بۆ دەکەن، تەماشای سەربوردەیان بکەن و لاسایی باوەڕیان بکەنەوە. عیسای مەسیح وەک خۆیەتی، دوێنێ و ئەمڕۆ و هەتاهەتایە.

عیبرانییەکان 13:15-16

15 لەبەر ئەوە، با بەردەوام لە ڕێگەی مەسیحەوە بە لێوەکانمان ستایشی خودا بکەین، کە قوربانی ئێمەیە بۆ خودا. 16 هەروەها چاکەکاری و یارمەتیدانی خەڵک پشتگوێ مەخەن، چونکە ئەو جۆرە قوربانییانە خودا دڵشاد دەکات.

لۆقا 14:1

چاککردنەوەی نەخۆش لە شەممە

14 ئەوە بوو لە ڕۆژی شەممەدا کاتێک عیسا بۆ نانخواردن چووە ماڵی یەکێک لە سەرکردە فەریسییەکان، ئەوانەی لەوێ بوون چاودێرییان دەکرد.

لۆقا 14:7-14

نموونەی بانگهێشتکراوان

کاتێک تێبینی کرد چۆن بانگهێشتکراوان ڕیزی پێشەوە دەگرن، نموونەیەکی هێنایەوە و فەرمووی: «کاتێک یەکێک بۆ شایی بانگهێشتت دەکات، لە ڕیزی پێشەوە دامەنیشە، نەوەک لە تۆ ڕێزدارتریشی بانگهێشت کردبێت. ئینجا ئەوەی تۆ و ئەوی بانگهێشت کردووە، دێت و پێت دەڵێ: ”شوێنەکەت بۆ ئەمە چۆڵ بکە،“ تۆش تەریق دەبیتەوە و ڕیزی دواوە دەگریت. 10 بەڵام کاتێک بانگهێشت دەکرێیت بڕۆ لە دواوە دانیشە، تاوەکو کاتێک ئەوەی بانگهێشتی کردوویت، بێت و پێت بڵێت: ”هاوڕێم، هەستە وەرە پێشەوە.“ ئەوسا لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی لەگەڵت دانیشتوون قەدرگران دەبیت. 11 بەم شێوەیە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.»

12 ئینجا بەوەی گوت کە بانگهێشتی کردووە: «کاتێک نانی نیوەڕۆ یان ئێوارە ئامادە دەکەیت، هاوڕێ و برا و خزم و دراوسێ دەوڵەمەندەکانت بانگ مەکە، نەوەک ئەوانیش بانگت بکەنەوە، چاکەت بدەنەوە. 13 بەڵکو ئەگەر میواندارییەکت کرد، هەژار و پەککەوتە و شەل و کوێر بانگهێشت بکە. 14 خۆزگەت پێ دەخوازرێ، چونکە نییانە پاداشتت بدەنەوە، تۆش لە هەستانەوەی ڕاستودروستان پاداشت دەدرێیتەوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.