Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 81:1

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a]. بۆ ئاساف.

81 هەلهەلە لێدەن بۆ خودا ئەوەی هێزمانە،
    بە خۆشییەوە هاوار بکەن بۆ خودای یاقوب.

زەبوورەکان 81:10-16

10 من یەزدانی پەروەردگاری تۆم،
    کە لە خاکی میسر دەرمهێنای.
    دەمت بکەوە و پڕی دەکەم.

11 «بەڵام گەلەکەم گوێی لە قسەم نەگرت،
    ئیسرائیل منی نەویست.
12 منیش ئەوانم دایە دەست کەللەڕەقییەکەی خۆیان،
    بە ڕاوێژی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.

13 «خۆزگە گەلەکەم بە قسەی منیان دەکرد،
    ئەگەر ئیسرائیل ڕێگای منیان دەگرتەبەر،
14 هەر زوو دوژمنەکانم بۆ زەلیل دەکردن،
    دەستم درێژ دەکردە سەر ناحەزانیان!
15 ئەوانەی ڕقیان لە یەزدانە، ملکەچی دەبن،
    هەتاهەتایە کاتی سزایان دەبێت.
16 باشترین گەنمم دەرخوارد دەدایت،
    لە تاشەبەردەوە تێر هەنگوینم دەکردیت.»

یەرمیا 2:1-3

وازهێنانی ئیسرائیل لە خودا

فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «بڕۆ و بە ئۆرشەلیمی ڕابگەیەنە با خەڵکەکە بیبیستن، بڵێ:

«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”بە یادی خۆمم هێنایەوە، دڵسۆزی کاتی مێردمنداڵیت و
    خۆشەویستی کاتی بووکێنیت،
بەدوای مندا ڕۆیشتیت لە چۆڵەوانی،
    بە خاکێکدا کە کشتوکاڵی تێدا نەبوو.
ئیسرائیل بۆ یەزدان پیرۆز بوو،
    یەکەمین بەرهەمی بەروبوومەکەیەتی.
هەموو ئەوانەی خواردیان تاوانیان کرد،
    بەڵایان بەسەردا هات.“»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەرمیا 2:14-22

14 ئایا ئیسرائیل کۆیلەیە؟ یان کوڕی کۆیلەی لەدایک بووی ماڵە؟
    بۆچی بوو بە تاڵانی؟
15 بەچکە شێران بەسەریدا نەڕاندیان،
    دەنگیان هات،
خاکەکەیان وێران کردووە،
    شارۆچکەکانی سووتاون، بێ دانیشتووانن.
16 هەروەها نەوەی مەمفیس و تەحپەنحێس
    تەپڵی سەری تۆیان تراشیووە.
17 ئایا تۆ ئەمەت بە خۆت نەکرد،
    کە وازت لە یەزدانی پەروەردگارت هێنا
    کاتێک بە ڕێگادا دەیبردیت؟
18 ئێستا بۆچی دەچیتە میسر
    بۆ خواردنەوەی ئاوی نیل؟
ئێستا بۆچی دەچیتە ئاشور
    بۆ خواردنەوەی ئاوی ڕووباری فورات؟
19 خراپەی خۆت تەمبێت دەکات و
    هەڵگەڕانەوەت سەرزەنشتت دەکات.
جا بزانە و ببینە کە بۆتان خراپ و تاڵە،
    کاتێک واز لە یەزدانی پەروەردگارت دەهێنیت و
    ترسی منت لە دڵدا نییە،»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.

20 «تۆ لە کۆنەوە نیری[a] خۆتت شکاندووە،
    کۆتەکانت پساندووە،
    گوتت: ”تۆ ناپەرستم!“
تۆ بە ڕاستی لەسەر هەموو گردێکی بەرز و
    لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا
    وەک لەشفرۆشێک ڕاکشایت.
21 من وەک شامێوێک
    لە نایابترین جۆر تۆم چاند،
ئیتر چۆن لێم گۆڕایت،
    گۆڕایت بۆ زڕمێو؟
22 هەرچەندە بە سۆدەش خۆت بشۆیت،
    زیاد سابوونیش لە خۆت بدەیت،
    هێشتا لەکەداری تاوانەکەت لەبەردەممە.»
            ئەمە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

مەتا 20:20-28

خزمەتکار پایەبەرزترینە

20 ئینجا دایکی کوڕەکانی زەبدی لەگەڵ کوڕەکانی هاتە لای و کڕنۆشی برد و داوای لێکرد شتێکی بۆ بکات.

21 ئەویش پێی فەرموو: «چیت دەوێت؟» گوتی: «بفەرموو با هەردوو کوڕەکەم لە شانشینییەکەتدا یەکێکیان لەلای ڕاستت و ئەوی دیکەیان لەلای چەپت دانیشن.»

22 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئێوە نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە[a] بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.»

23 ئەویش پێی فەرموون: «لە ڕاستیدا لە جامی من دەخۆنەوە، بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، بۆ من نییە بیدەم، بەوانە نەبێت کە باوکم بۆی ئامادە کردوون.»

24 کاتێک دە قوتابییەکە بیستیان، لە دوو براکە تووڕە بوون. 25 بەڵام عیسا بانگی کردن و فەرمووی: «دەزانن سەرۆک نەتەوەکان وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەریاندا جێبەجێ دەکەن. 26 جا لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان و 27 ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەتان، 28 هەروەک کوڕی مرۆڤ کە نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.