Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 71:1-6

71 ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
    با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە.
    گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە.
بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا،
    هەمیشە پەنای بۆ ببەم.
فەرمانی ڕزگاریی من بدە،
    چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت.
ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران،
    لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە.

ئەی یەزدانی باڵادەستم، چونکە تۆ هیوای منیت،
    لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت.
لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە،
    تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام،
    ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە.

یەرمیا 6:20-30

20 بەلامەوە گرنگ نییە، بخوور لە شەباوە بێت و
    قامیشی بۆنخۆش لە خاکێکی دوورەوە؟
قوربانی سووتاندنەکانتان قبوڵ نین و
    قوربانییە سەربڕدراوەکانتان لەلای من خۆش نین.»

21 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«من کۆسپ بۆ ئەم گەلە دادەنێم،
    باوکان و کوڕان پێکەوە ساتمەی لێ دەکەن،
    دراوسێ و هاوڕێ لەناودەچن.»

22 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا! سوپایەک لە خاکی باکوورەوە دێت،
    نەتەوەیەکی مەزن لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێت.
23 کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە،
    دڵڕەقن و بەزەییان نییە،
دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و
    سواری ئەسپ دەبن،
وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن
    بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی سییۆنی کچ.»

24 هەواڵی ئەوانمان بیست،
    ورەمان ڕووخا،
تووشی تەنگانە بووین،
    تووشی ئازار بووین وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.
25 دەرمەچن بۆ کێڵگە!
    بە ڕێگادا مەڕۆن!
چونکە دوژمن شمشێری پێیە،
    لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.
26 ئەی گەلەکەم، جلوبەرگی گوش بپۆشە،
    خۆت لە خۆڵەمێش بگەوزێنە،
شینی تاقانەیەک بۆ خۆت بگێڕە، بە لاوانەوەیەکی تاڵ،
    چونکە لەناکاو تێکدەر بەسەرماندا دەدات.

27 «ئەی یەرمیا، تۆم لەنێو گەلەکەم دانا،
    وەک تاقیکەرەوە و سەنگی مەحەک،
بۆ ئەوەی ڕەفتاریان بزانیت و
    تاقییان بکەیتەوە.
28 هەموو یاخی و کەللەڕەقن،
    بە پەلەن بۆ بوختانکردن،
ئەوان بڕۆنز و ئاسنن،
    هەموو تێکدەرن.
29 مووشەی دێت مووشەدەمە[a]
    بۆ ئەوەی بە ئاگر قورقوشم بفەوتێنێت،
بەڵام بێهوودە زێڕنگەر بێگەردی دەکات،
    بەدکاران بێگەرد نابن.
30 پێیان دەگوترێت زیوی ناپەسەند،
    چونکە یەزدان پەسەندی نەکردوون.»

کردار 17:1-9

پۆڵس و سیلا لە سالۆنیکی

17 پاش ئەوەی پۆڵس و هاوڕێکانی بە شاری ئەمفیپۆلیس و ئەپۆلۆنیادا تێپەڕین، گەیشتنە سالۆنیکی کە کەنیشتی جولەکەی لێبوو. پۆڵس وەک کردبوویە پیشە چووە لایان، سێ ڕۆژی شەممە لەسەر یەک بە نووسراوە پیرۆزەکان گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، ڕوونی دەکردەوە و دەریدەخست کە دەبووایە مەسیح ئازار بچێژێت و لەنێو مردووان هەستێتەوە. پێی گوتن: «ئەم عیسایەی من پێتانی ڕادەگەیەنم، مەسیحەکەیە.» هەندێکیان قایل بوون و چوونە پاڵ پۆڵس و سیلا، هەروەها زۆر لە یۆنانی خواپەرست و لە ژنە خانەدانەکانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو.

بەڵام هەندێک لە جولەکەکانی دیکە ئیرەییان پێ هات، چەند پیاوخراپێکی بازاڕیان هێنا و خەڵکیان کۆکردەوە و ئاژاوەیان لە شاردا نایەوە. چوونە سەر ماڵی یاسون و داوایان کرد پۆڵس و سیلا بهێنرێنە لای خەڵک. کاتێک نەیاندۆزینەوە، یاسون و هەندێک برایانیان بۆ لای فەرمانڕەوایانی شار ڕاکێشا، هاواریان دەکرد: «ئەمانە کە جیهانیان هەڵگێڕاوەتەوە، بۆ ئێرەش هاتوون، یاسون میوانداری کردوون. هەموویان لە دژی فەرمانەکانی قەیسەر کار دەکەن، دەڵێن پاشایەکی دیکە هەیە، ناوی عیسایە.» بەم قسانە خەڵکەکە و فەرمانڕەوایانی شاریان وروژاند. ئەوانیش دەستەبەرنامەیان[a] بۆ یاسون و ئەوانەی دیکە کرد و ئازادیان کردن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.