Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 71:1-6

71 ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
    با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە.
    گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە.
بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا،
    هەمیشە پەنای بۆ ببەم.
فەرمانی ڕزگاریی من بدە،
    چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت.
ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران،
    لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە.

ئەی یەزدانی باڵادەستم، چونکە تۆ هیوای منیت،
    لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت.
لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە،
    تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام،
    ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە.

یەرمیا 6:1-19

گەمارۆی ئۆرشەلیم

«ئەی نەوەی بنیامین،
    لە ئۆرشەلیمەوە هەڵبێن!
لە تەقۆعە فوو بە کەڕەنادا بکەن!
    لەسەر بێت‌هاکارەم ئاگر وەک نیشانە هەڵبکەن!
چونکە بەڵا و شکستێکی گەورە
    لە باکوورەوە دەرکەوتووە.
من سییۆنی کچ[a] لەناو دەبەم،
    کچە جوان و نازدارەکە.
شوانەکان بە مێگەلەکانیانەوە[b] بۆ لای ئەو دێن،
    ڕەشماڵەکان لە دەوری هەڵدەدەن و
    هەرکەسە لە بەشی خۆی دەلەوەڕێنێ.»

«جەنگێک لە دژی سییۆن ئامادە بکەن!
    هەستن بە نیوەڕۆ هێرش ببەین!
بەڵام بە داخەوە، ڕۆژ ئاوا بوو،
    سێبەرەکانی ئێوارە درێژبوونەوە.
کەواتە هەستن بە شەو هێرش ببەین،
    قەڵاکانی وێران بکەین!»

یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«دار ببڕنەوە و
    مەتەرێز لە دەوری ئۆرشەلیمەوە دابڕێژن.
دەبێت ئەو شارە سزا بدرێت،
    چونکە سەراپای پڕ ستەمە.
وەک کانییەک ئاوەکەی هەڵبقوڵێت،
    ئاوا خراپییەکەی هەڵدەقوڵێت.
توندوتیژی و ڕفاندنی تێدا دەبیسترێت،
    هەمیشە لەبەردەمم نەخۆشی و برینداری هەیە.
ئەی ئۆرشەلیم، ئاگاداربە،
    نەوەک پشتم لە تۆ بکەم،
نەوەک بتکەمە خاکێکی وێران،
    ئیتر کەسی تێدا نیشتەجێ نەبێ.»

یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«با پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی بچنرێنەوە،
    بە تەواوی وەک ڕەزەمێو،
با دەستت بەسەر لقەکاندا بگێڕیت،
    وەک کەسێک ترێ دەچنێتەوە.»

10 بۆ کێ قسە بکەم؟ کێ ئاگادار بکەمەوە؟
    کێ گوێم لێ دەگرێت؟
ئەوەتا گوێیان داخراوە
    بۆ ئەوەی نەتوانن گوێ شل بکەن.
فەرمایشتی یەزدان بۆیان بووە بە ڕیسوایی،
    دڵیان پێی خۆش نییە.
11 لەبەر ئەوە پڕبووم لە تووڕەیی یەزدان،
    بێزاربووم لە دەستپێوەگرتنی.

«تووڕەییەکەی بەسەر منداڵی کۆڵانەکانیدا بڕێژە،
    بەسەر تێکڕای کۆڕی گەنجان،
ژن لەگەڵ مێرد دەبردرێت،
    پیر لەگەڵ بەساڵاچووان.
12 ماڵەکانیان بۆ خەڵکی دیکە دەبن،
    کێڵگە و ژنەکانیان پێکەوە،
چونکە دەستم بۆ سەر دانیشتووانی خاکەکە
    درێژ دەکەم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 «لە بچووکیان هەتا گەورەیان،
    هەموویان پەرۆشی قازانجن،
لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین،
    هەموو ساختە دەکەن.
14 برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و
    دەڵێن: ”ئاشتی، ئاشتی!“
    بەڵام ئاشتی نییە.
15 ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟
    نەخێر! شەرمەزار نەبوون،
    هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.
لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،
    لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

16 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«لەسەر ڕێگاکان بوەستن و تەماشا بکەن،
    پرسیاری ڕێچکە کۆنەکان بکەن،
ڕێگا چاکەکە لەکوێیە، پێیدا بڕۆن،
    حەسانەوە بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە.
    بەڵام گوتتان: ”پێیدا ناڕۆین.“
17 چاودێرم بەسەرتانەوە دانا، گوتم:
    ”گوێ بۆ دەنگی کەڕەنا شل بکەن!“
    بەڵام گوتتان: ”گوێ شل ناکەین.“
18 لەبەر ئەوە ئەی نەتەوەکان، گوێ بگرن،
    ئەی شایەتەکان، بزانن چییان بەسەردێت.
19 ئەی زەوی، گوێ بگرە:
ئەوەتا من بەڵا بەسەر ئەم گەلەدا دەهێنم،
    بەروبوومی بیرکردنەوەکانیانە،
چونکە گوێیان بۆ وشەکانم شل نەکرد و
فێرکردنی منیان ڕەتکردەوە.

عیبرانییەکان 12:3-17

با بیر بکەنەوە لەوەی کە دانی بەخۆیدا گرت بەرامبەر ئەو دژایەتییەی کە گوناهباران لەگەڵیان کرد، تاکو شەکەت نەبن و ورە بەرنەدەن.

لە خەباتی ئێوە لە دژی گوناه هەتا ئاستی خوێن ڕشتن بەرگریتان نەکردووە. ئایا ئێوە بە تەواوی ئەو پەیامەی هاندانتان لەبیر چووەوە کە وەک ڕۆڵە لەگەڵتان دەدوێت؟ پەیامەکە دەڵێت:

[ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە،
    هەروەها کاتێک سەرزەنشتت دەکات ورە بەرمەدە،
چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات،
    هەروەها هەر یەکێک وەک ڕۆڵەی خۆی وەریگرێت، بە گۆچان لێی دەدات.][a]

کەواتە بەرگەی تەمبێکردن بگرن، خوداش وەک ڕۆڵەی خۆی لەگەڵتان دەجوڵێتەوە. چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟ ئەگەر بێتو خودا تەمبێتان نەکات وەک هەموو منداڵەکانی دیکەی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ ئێوە زۆڵن و منداڵی ئەو نین. سەرەڕای ئەمە، باوکی مرۆڤانەمان هەیە کە تەمبێی کردووین و ڕێزی ئەومان گرتووە. ئەی چەند زیاتر ملکەچی باوکی ڕۆحیمان بین، بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەستبهێنین؟ 10 چونکە باوکانمان بۆ ماوەیەک ئەوەندەی بە باشیان زانیوە تەمبێیان کردووین، بەڵام خودا بۆ سوودی ئێمەیە تەمبێمان دەکات، تاکو بەشداری پیرۆزییەکەی بکەین. 11 هەموو تەمبێکردنێک لە کاتی خۆیدا ئازاربەخشە و خۆش نییە، بەڵام دواتر بەروبوومی ئاشتییانەی ڕاستودروستی دەگرێت بۆ ئەوانەی پێی ڕاهێنراون.

12 کەواتە دەستە لاوازبووەکان و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بەهێز بکەن، 13 [ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە،][b] تاکو شەل پێی لەجێ نەچێت، بەڵکو چاک بێتەوە.

ئاگاداری لە ڕەتکردنەوەی خودا

14 کۆشش بکەن تاوەکو لەگەڵ هەموو کەسێک بە ئاشتی بژین، هەروەها پیرۆز بن. بێ پیرۆزی کەس مەسیحی خاوەن شکۆ نابینێت. 15 ئاگاداری ئەوە بن، کەس خۆی لە نیعمەتی خودا بێبەش نەکات، نەوەک ڕەگی تاڵی لەناوتاندا گەشە بکات و پەشێوی دروستبکات، بەهۆی ئەمەشەوە زۆر کەس گڵاو بێت. 16 ئاگاداربن نەوەک یەکێک داوێنپیس بێت یان وەک عیسۆ بەڕەڵا بێت، ئەوەی مافی نۆبەرایەتی خۆی بە ژەمێک خواردن فرۆشت[c]. 17 دواتر وەک ئاگادارن، ویستی ئەم بەرەکەتە بە میرات وەربگرێت، بەڵام ڕەتکرایەوە. هەرچەندە بە فرمێسکەوەش داوای بەرەکەتەکەی کرد، بەڵام دەرفەتی تۆبەکردنی بۆ نەمابووەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.