Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
هۆنراوەیەکی ئاساف.
74 ئەی خودایە، بۆچی هەتاهەتایە ڕەتت کردینەوە؟
بۆچی تووڕەییت دووکەڵ دەکات بەسەر مەڕی لەوەڕگاکەتدا؟
2 کۆمەڵی خۆت لەبیر بێت، کە لە کۆنەوە بەدەستت هێناوە،
هۆزی میراتی خۆتت کڕییەوە،
ئەم کێوی سییۆنە کە تێیدا نیشتەجێ بوویت.
3 هەنگاو هەڵبڕە بەرەو وێرانگای هەمیشەیی،
هەموو ئەو وێرانکارییەی کە دوژمن بە پیرۆزگای کرد.
4 ناحەزەکانت لە ناوەڕاستی شوێنی چاوپێکەوتنی تۆدا نەڕاندیان،
ئاڵاکانیان وەک نیشانە چەقاند.
5 لەوانە دەچوون کە تەورەکانیان بەرزکردووەتەوە،
لەسەر داری دارستانەکان.
6 بە تەور و چەکوش تێکیان شکاند،
هەموو نەخشێنراوەکان.
7 ئاگریان لە پیرۆزگاکەت بەردا،
ئەو شوێنەی کە ناوی تۆی تێدا نیشتەجێیە گڵاویان کرد.
8 لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «بە تەواوی بەسەریاندا زاڵ دەبین!»
هەموو نزرگەیەکی خودایان لەسەر زەوی سووتاند.
9 پەرجووەکانمان[a] نابینین و
هیچ پێغەمبەرێک نەماوە،
کەسیشمان نازانێت تاکو کەیە.
10 ئەی خودایە، هەتا کەی ناحەزان جنێو بدەن؟
ئایا دوژمن هەتاهەتایە بێزیان لە ناوی تۆ بێتەوە؟
11 بۆچی دەستت دەگەڕێنیتەوە؟
دەستی ڕاستت لە باخەڵت دەربهێنە و لەناویان ببە!
12 بەڵام خودایە، تۆ هەر لە ئەزەلەوە پاشای منی،
دروستکەری ڕزگاریت لەناوەڕاستی زەوی.
13 تۆ بە هێزی خۆت دەریات شەقکرد،
سەری ئەژدیهاکانی دەریات لەسەر ئاو پانکردەوە.
14 تۆ سەرەکانی لیڤیاتانت[b] وردوخاش کرد،
کردت بە خۆراکی دڕندە بیابانییەکان.
15 تۆ کانی و جۆگەکانت تەقاندەوە،
تۆ ڕووبارە هەمیشە ڕۆیشتووەکانت وشککرد.
16 ڕۆژ هی تۆیە و شەویش هی تۆیە،
تۆ ڕووناکی و خۆرت دامەزراند.
17 هەموو سنوورەکانی زەوی تۆ دیارت کردوون،
تۆ هاوین و زستانت داهێناوە.
18 ئەی یەزدان، ئەمەت لەبیر بێت، ناحەزان سووکایەتییان پێت کرد،
گەلێکی گێل بێزیان لە ناوی تۆ کردەوە.
19 گیانی کۆترەکەت[c] مەدە زیندەوەرەکان،
هەرگیز ژیانی گەلە چەوسێنراوەکەت لەبیر مەکە.
20 پەیمانی خۆت لەبیر بێت،
چونکە هەموو شوێنە تاریکەکانی زەوی بوونە لانەی توندوتیژی.
21 ڕێ مەدە کەسی تێکشکاو بە شەرمەزاری بگەڕێتەوە.
با هەژار و کڵۆڵان ستایشی ناوت بکەن.
22 ئەی خودایە، ڕاپەڕە، بەرگری لە مافی خۆت بکە!
لەبیرت بێت چۆن گێلەکان بە درێژایی ڕۆژ گاڵتەیان پێت دەکرد.
23 قسەی دژەکانت لەبیر مەکە،
ژاوەژاوی نەیارانت کە بەردەوام لە زیادبوونە.
24 لەبەر ئەوە وەک کا بە زمانی ئاگر قووت بدرێت،
وەک گژوگیای گڕگرتوو داکەوێت،
ڕەگیان وەک کەڕووی لێدێت،
خونچەیان وەک تۆز بەرز دەبێتەوە؛
چونکە فێرکردنی یەزدانی سوپاسالاریان ڕەتکردەوە،
سووکایەتییان بە وشەی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل کرد.
25 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لەسەر گەلەکەی جۆشا،
دەستی بۆ درێژکرد و لێیدا.
چیاکان هەژان و
جەستەکانیان وەک زبڵی سەر شەقامەکانی لێهات.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
هێشتا دەستی درێژکردووە.
26 ئاڵا بۆ نەتەوە دوورەکان بەرز دەکاتەوە،
فیکە بۆ ئەوانە دەکێشێت کە لەوپەڕی زەوین.
ئەوەتا خێرا بە پەلە دێن!
27 نە ماندوو لەنێویاندایە و نە شەکەت،
نە دەخەوێت و نە خەواڵو دەبێت،
نە پشتێنی ناوقەدی دەکرێتەوە و
نە ئاوزەنگی[a] پێڵاوەکانی دەپچڕێت.
28 ئەوانەی تیرەکانیان تیژ و
کەوانەکانیان توند کراوە،
سمی ئەسپەکانیان وەک بەردەئەستێن،
چەرخەی گالیسکەکانیان وەک گەردەلوولە.
29 نەڕەیان وەک نەڕەی شێرە مێیە و
وەک بەچکە شێر دەنەڕێنن،
دەمڕێنن و نێچیر دەگرن،
دەیبەن و کەس ڕزگاریان ناکات.
30 لەو ڕۆژە بەسەریدا دەنەڕێنن،
وەک هاژەی دەریا.
دەڕواننە خاکەکە و دەبینن
وا تاریکییەکی تەنگە،
ڕووناکیش بە هەورەکانی تاریک بووە.
44 «چادری پەرستنی شایەتیش لە چۆڵەوانیدا لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، هەروەک ئەوەی خودا فەرمانی بە موسا کرد لەسەر ئەو نموونەیە دروستی بکات کە بینیویەتی. 45 جا باوباپیرانمان چادری پەرستنیان وەرگرت و لەگەڵ یەشوع بردییانە ناو موڵکی ئەو گەلانەی خودا لەبەردەمی باوکانمان دەریکردن هەتا ڕۆژانی داود، 46 ئەوەی لەلای خودا ڕەزامەندی بەدەستهێنا، ئەویش هەوڵی دا نشینگەیەک بۆ خودای یاقوب دروستبکات. 47 بەڵام سلێمان بوو کە خانووێکی بۆ دروستکرد.
48 «بەڵام خودای هەرەبەرز لە ماڵی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، وەک پێغەمبەر گوتوویەتی:
49 «[ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە،
چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟
یەزدان دەفەرموێ،
لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
50 ئایا دەستی من هەموو ئەم شتانەی دروستنەکردووە؟][a]
51 «ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنە نەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن! 52 باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان[b] دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان. 53 ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.