Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 11

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

11 من پەنا دەبەمە بەر یەزدان،
    ئیتر چۆن پێم دەڵێن:
    «وەک باڵدار بەرەو چیاکانت هەڵفرە.
چونکە ئەوەتا بەدکاران کەوان ڕادەکێشن و
    تیر دەخەنە بەر کەوان،
    بۆ ئەوەی لە تاریکییەوە دڵڕاستان بپێکن.
کاتێک بنچینەکان بڕووخێن،
    کەسی ڕاستودروست چی دەکات؟»

یەزدان لە پەرستگای پیرۆزی خۆیەتی،
    تەختی یەزدان لە ئاسمانە،
تەماشای کوڕانی مرۆڤ دەکات و
    چاوەکانی تاقییان دەکاتەوە.
یەزدان کەسی ڕاستودروست تاقی دەکاتەوە،
    بەڵام لە دڵەوە ڕقی لە خراپەکار و خۆشەویستانی توندوتیژییە.
پشکۆی ئاگر و گۆگرد بەسەر بەدکارەکاندا دەبارێنێت،
    گڕەی بای سووتێنەر بەشیانە.

لەبەر ئەوەی یەزدان ڕاستودروستە و
    حەزی لە دادپەروەرییە،
    کەسی سەرڕاست تەماشای ڕووی خۆی دەکات.

ئیشایا 24:14-23

14 ئەوان دەنگ هەڵدەبڕن، هوتافی خۆشی دەکێشن،
    بۆ شکۆی یەزدان لە ڕۆژئاواوە هاوار دەکەن.
15 لەبەر ئەوە لە ڕۆژهەڵات یەزدان شکۆدار بکەن،
    لە دوورگەکانی دەریاشەوە
    ناوی یەزدان، پەروەردگاری ئیسرائیل.
16 لەوپەڕی زەوییەوە گوێمان لە گۆرانییەک بوو:
    «شکۆمەندی بۆ خودای ڕاستودروست!»

جا گوتم: «فەوتام! فەوتام!
    قوڕبەسەرم!
ناپاکان ناپاکییان کرد!
    ناپاکان ناپاکییان لە ناپاکی کرد!»
17 ترس و چاڵ و تەڵە
    بەسەرتەوەیە ئەی دانیشتووی زەوی.
18 ئەوەی لە دەنگی ترسەکە هەڵدێت
    دەکەوێتە چاڵەکەوە و
ئەوەی لەناو چاڵەکە بێتە دەرەوە
    بە تەڵەکەوە دەبێت.

بەربەستی جۆگەکان لە ئاسمانەوە کرانەوە و
    بناغەکانی زەوی هەژان.
19 زەوی بە شکان دەشکێت،
    زەوی بە وردوخاشبوون وردوخاش دەبێت،
    زەوی بە لەقین دەلەقێت.
20 زەوی وەک سەرخۆش بە لادا دێت،
    جۆلانە دەکات وەک کەپر.
یاخیبوونەکەی لەسەری قورسە،
    دەکەوێت و جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە.

21 لەو ڕۆژەدا یەزدان
    سزای هێزەکان دەدات لە ئاسمان و
    لەسەر زەوی سزای پاشایانی دەدات.
22 بە کۆمەڵ کۆیان دەکەنەوە
    وەک دیل لە بەندیخانە و
لە گرتووخانە توند دەکرێن و
    دوای ماوەیەکی درێژ سزا دەدرێن.
23 مانگ ڕیسوا دەبێت و خۆر شەرمەزار دەبێت،
    چونکە یەزدانی سوپاسالار حوکمڕانی دەکات
لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم،
    شکۆمەندیش لەبەردەم پیرانی ئەوە.

لۆقا 12:41-48

41 پەترۆس گوتی: «گەورەم، ئەم نموونەیە بە ئێمە دەڵێی یان بە هەمووان؟»

42 مەسیح فەرمووی: «ئەو سەرکارە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورە دەیکاتە چاودێری کۆیلەکانی تاکو لە کاتی خۆیدا بەشە خۆراکیان بداتێ؟ 43 خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە، ئەوەی کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئاوا دەکات. 44 ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت. 45 بەڵام ئەگەر ئەم کۆیلەیە لە دڵی خۆیدا گوتی: ”گەورەکەم درەنگ دێتەوە،“ ئیتر دەست بکات بە لێدانی کۆیلە و کارەکەرەکانی دیکە، هەروەها بخوا و بخواتەوە و سەرخۆش بێت، 46 ئەوسا گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت، ئینجا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ بێباوەڕان دەبێت.

47 «ئەو کۆیلەیەش کە خواستی گەورەکەی دەزانێت، ئامادە نابێت و بە خواستی ئەو ناکات، زۆری لێ دەدرێت. 48 بەڵام ئەوەی نازانێت و کردەوەکەی شایانی لێدانە، ئەوا کەمی لێ دەدرێ. ئەوەی زۆری دراوەتێ داوای زۆری لێ دەکرێت، ئەوەش زۆری لەلا دانراوە داوای زیاتری لێ دەکرێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.