Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 11

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

11 من پەنا دەبەمە بەر یەزدان،
    ئیتر چۆن پێم دەڵێن:
    «وەک باڵدار بەرەو چیاکانت هەڵفرە.
چونکە ئەوەتا بەدکاران کەوان ڕادەکێشن و
    تیر دەخەنە بەر کەوان،
    بۆ ئەوەی لە تاریکییەوە دڵڕاستان بپێکن.
کاتێک بنچینەکان بڕووخێن،
    کەسی ڕاستودروست چی دەکات؟»

یەزدان لە پەرستگای پیرۆزی خۆیەتی،
    تەختی یەزدان لە ئاسمانە،
تەماشای کوڕانی مرۆڤ دەکات و
    چاوەکانی تاقییان دەکاتەوە.
یەزدان کەسی ڕاستودروست تاقی دەکاتەوە،
    بەڵام لە دڵەوە ڕقی لە خراپەکار و خۆشەویستانی توندوتیژییە.
پشکۆی ئاگر و گۆگرد بەسەر بەدکارەکاندا دەبارێنێت،
    گڕەی بای سووتێنەر بەشیانە.

لەبەر ئەوەی یەزدان ڕاستودروستە و
    حەزی لە دادپەروەرییە،
    کەسی سەرڕاست تەماشای ڕووی خۆی دەکات.

ئیشایا 2:1-4

کێوی یەزدان

ئەو شتەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی سەبارەت بە یەهودا و ئۆرشەلیم:

لە ڕۆژانی کۆتاییدا،

کێوی پەرستگای یەزدان
    لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،
بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و
    هەموو نەتەوەکان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.

زۆرێک لە گەلان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:

«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،
    بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،
    بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»
فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،
    پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.
لەنێو نەتەوەکان دادوەری دەکات،
    ناوبژی بۆ چەندین گەل دەکات.
شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،
    ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.
هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،
    چیتر فێری جەنگ نابن.

عیبرانییەکان 11:1-7

باوەڕی باپیرانمان

11 باوەڕ دڵنیاییە بەوەی هیوامان پێیەتی، بێگومانییە لەوەی نایبینین، چونکە بەم باوەڕە پێشینان پەسەند کراون.

بە باوەڕ تێدەگەین کە گەردوون بە فەرمایشتی خودا بەدیهێنراوە، تەنانەت ئەوەی دەیبینین لەو شتانەی کە بینراوە نەهاتووەتە کایەوە.

بە باوەڕ هابیل قوربانییەکی باشتری لەوەی قایین پێشکەشی خودا کرد[a]. بە باوەڕ شایەتی بۆ درا کە ڕاستودروستە کاتێک خودا شایەتی بۆ قوربانییەکەی دا. هەرچەندە هابیل مرد بەڵام هێشتا بە باوەڕ قسە دەکات.

بە باوەڕ حەنۆخ بەرزکرایەوە لای خودا تاکو مردن نەبینێ، ئیتر لەسەر زەوی نەما، چونکە خودا بردی بۆ لای خۆی[b]. پێش بردنیشی شایەتی وەرگرت کە خودای ڕازی کردووە. بەبێ باوەڕ مەحاڵە ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنرێت، چونکە ئەوەی لەو نزیک بێتەوە، دەبێ باوەڕی بە بوونی ئەو هەبێت و پاداشتی ئەوانەش دەداتەوە کە بە پەرۆشەوە ڕوویان لەو دەکەن.

بە باوەڕ نوح، کاتێک لەلایەن خوداوە سەبارەت بەوەی کە هێشتا نەبینرابوو ئاگادار کرایەوە، ئاگادارکردنەوەکەی خستە دڵییەوە و کەشتییەکی بنیاد نا بۆ ڕزگارکردنی ماڵەکەی.[c] بەم شێوەیە، بە باوەڕ جیهانی حوکم دا و بوو بە میراتگری ئەو ڕاستودروستییەی کە بەگوێرەی باوەڕ بوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.