Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
1 خودا لە ماوەی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا، دەربارەی یەهودا و ئۆرشەلیم ئەم بینینانەی بۆ ئیشایای کوڕی ئامۆچ ئاشکرا کرد.
10 گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
ئەی فەرمانڕەوایانی سەدۆم!
گوێ شل بکەن بۆ فێرکردنەکانی خودامان،
ئەی گەلی عەمۆرا!
11 یەزدان دەفەرموێت:
«بۆچیمە، زۆری قوربانییە سەربڕدراوەکانتان؟
تێربووم لە قوربانی سووتاندنی بەرانەکان و
لە چەوری دابەستەکان،
دڵخۆش نیم
بە خوێنی جوانەگا[a] و بەرخ و تەگەکان[b].
12 کە دێن بۆ بینینی ڕووم،
کێ داوای ئەمەی لێکردوون،
کە پێ بنێنە ناو حەوشەکانم؟
13 چیتر پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بێ کەڵک مەهێنن!
بخوور قێزەونە بۆ من.
سەرەمانگ و شەممە و بانگەوازی کۆبوونەوە،
تاوان و ئاهەنگگێڕان[c] پێکەوە، بەرگەی ئەمە ناگرم.
14 سەرەمانگ و جەژنەکانتان
گیانم ڕقی لێیانە.
بوون بە بارگرانی بۆم،
لێیان بێزار بووم.
15 کاتێک دەستتان پان دەکەنەوە،
چاوم لادەدەم لەسەرتان،
تەنانەت ئەگەر نوێژیش زۆر بکەن،
من گوێ ناگرم.
«دەستتان بە خوێن سوور بووە!
16 «خۆتان بشۆن، پاک ببنەوە.
خراپەی کردەوەکانتان
لەبەرچاوم لاببەن!
وازبهێنن لە خراپەکاری،
17 فێری چاکە بن!
بەدوای دادپەروەریدا بگەڕێن،
ستەملێکراوان هانبدەن.
دادوەری هەتیو بکەن،
پارێزەری بۆ بێوەژن بکەن.»
18 یەزدان دەفەرموێت:
«ئێستا وەرن یەکلایی بکەینەوە.
ئەگەر گوناهەکانتان سووری ئاڵ بێت،
وەک بەفر سپی دەبێتەوە؛
ئەگەر وەک قرمز سوور بێت،
وەک خوری لێدێت.
19 ئەگەر قایل بن و گوێ بگرن،
خێروبێری خاکەکە دەخۆن.
20 بەڵام ئەگەر قایل نەبن و یاخی بن،
بە شمشێر دەخورێن،»
چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.
زەبوورێکی ئاساف.
50 خودای توانادار، یەزدان، دەفەرموێت،
لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوای زەوی بانگ دەکات.
2 لە سییۆنەوە کە لە جوانیدا تەواوە،
خودا پڕشنگ دەدات.
3 خودامان دێت و بێدەنگ نابێت،
ئاگر لەپێشیەوە هەڵدەلووشێت،
گەردەلوولێکی بەهێز لە دەوریەتی.
4 بانگی ئاسمان دەکات لە بەرزایی،
هەروەها زەوی، بۆ دادگایی گەلەکەی:
5 «بۆم کۆبکەنەوە خۆشەویستانم[a]،
کە بە قوربانی پەیمانیان لەگەڵ بەستووم.»
6 ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،
چونکە خودا خۆی دادوەرە.[b]
7 «ئەی گەلی من، گوێ بگرن هەتا قسە بکەم،
ئەی ئیسرائیل، هەتا شایەتیت لەسەر بدەم:
من خودام، خودای تۆم.
8 سەرزەنشتت ناکەم لەسەر قوربانییەکانت،
قوربانی سووتاندنەکانت هەمیشە لەبەردەممە.
22 «ئەی ئەوانەی خوداتان لەبیر کردووە، ئەمە لەبەرچاو بگرن،
دەنا پارچەپارچەتان دەکەم، کەسیش نایەتە فریاتان.
23 ئەوەی قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش بکات، شکۆدارم دەکات،
ئەوەی ڕێگای خۆی ڕێک بکات، ڕزگاریی خودای نیشان دەدەم.»
باوەڕی باپیرانمان
11 باوەڕ دڵنیاییە بەوەی هیوامان پێیەتی، بێگومانییە لەوەی نایبینین، 2 چونکە بەم باوەڕە پێشینان پەسەند کراون.
3 بە باوەڕ تێدەگەین کە گەردوون بە فەرمایشتی خودا بەدیهێنراوە، تەنانەت ئەوەی دەیبینین لەو شتانەی کە بینراوە نەهاتووەتە کایەوە.
8 بە باوەڕ کاتێک ئیبراهیم[a] بانگکرا بچێتە ئەو شوێنەی خەریک بوو بە میرات وەریبگرێت، گوێڕایەڵ بوو و ڕۆیشت، هەرچەندە نەیدەزانی بۆ کوێ دەچێت. 9 بە باوەڕ وەک بێگانە لە خاکی بەڵێنپێدراودا نامۆ بوو، لە چادردا ژیا، وەک ئیسحاق و یاقوب کە ئەوانیش میراتگری هەمان بەڵێن بوون، 10 چونکە ئیبراهیم چاوەڕێی ئەو شارەی دەکرد کە بناغەیەکی چەسپاوی هەیە، ئەوەی خودا ئەندازیار و دروستکەرەکەیەتی.
11 بە باوەڕی ئیبراهیم، خودی سارا هەرچەندە نەزۆک بوو، توانای سکوزانی پێدرا، هەرچەندە تەمەنی ئاسایی بەسەرچوو بوو، چونکە دڵنیابوو ئەوەی بەڵێنی داوە دڵسۆزە. 12 بۆیە لە پیاوێک کە هەر وەک مردوو وابوو، نەوەیەک دروست بوو کە وەک ئەستێرەی ئاسمان و لمی سەر کەناری دەریا لە ژمارە نەدەهات[b].
13 هەموو ئەوانە لە باوەڕدا مردن و بەڵێنەکانیان وەرنەگرت، بەڵکو لە دوورەوە بینییان و پێشوازییان لێکرد، دانیان پێدا نا کە ئەوان لەسەر زەویدا نامۆ و بێگانەن. 14 ئەوانەی ئەو شتانە دەڵێن، دەریدەخەن کە داوای نیشتیمان دەکەن. 15 ئەگەر ئەوان بیریان لەو نیشتیمانە بکردایەوە کە بەجێیان هێشتبوو، ئەوا هەلی گەڕانەوەیان بۆی دەبوو. 16 بەڵام ئێستا ئارەزووی نیشتیمانێکی باشتر دەکەن، کە ئاسمانییەکەیە. بۆیە خودا شەرمی پێیان نییە بە خودای ئەوان ناوببردرێت، چونکە شارێکی بۆ ئامادەکردن.
32 «مەترسە ئەی مێگەلی بچووک، چونکە باوکتان خۆشحاڵە شانشینەکەتان بداتێ. 33 ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بە خێر بیبەخشن، بۆ خۆتان جزدانێک دابین بکەن کە نەفەوتێت، گەنجینەیەک لە ئاسمان کە لەبن نایەت، لەوێ نە دز لێی نزیک دەبێتەوە و نە مۆرانە لێی دەدات، 34 چونکە گەنجینەکەت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
نموونەی کۆیلە دەستپاکەکان
35 «با پشتێنتان بەستراو و چراتان هەڵکراو بێت، 36 وەک ئەوانە بن کە چاوەڕێی گەورەکەیان دەکەن تاکو لە شایی بگەڕێتەوە، کە هاتەوە و لە دەرگای دا، دەستبەجێ لێی بکەنەوە. 37 خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت کە گەورە دێتەوە دەبینێت بەخەبەرن. ڕاستیتان پێ دەڵێم، گەورەکە ناوقەدی خۆی دەبەستێت و کۆیلەکان دادەنیشێنێت، دێت و خزمەتیان دەکات. 38 جا ئەگەر لە نیوەی شەودا یان نزیکی بەرەبەیان بێتەوە و ئەوان بەو شێوەیە ببینێت، خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت. 39 بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتژمێرێک دز دێتە سەری، نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت. 40 ئێوەش ئامادەبن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.