Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی ئاساف.
50 خودای توانادار، یەزدان، دەفەرموێت،
لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوای زەوی بانگ دەکات.
2 لە سییۆنەوە کە لە جوانیدا تەواوە،
خودا پڕشنگ دەدات.
3 خودامان دێت و بێدەنگ نابێت،
ئاگر لەپێشیەوە هەڵدەلووشێت،
گەردەلوولێکی بەهێز لە دەوریەتی.
4 بانگی ئاسمان دەکات لە بەرزایی،
هەروەها زەوی، بۆ دادگایی گەلەکەی:
5 «بۆم کۆبکەنەوە خۆشەویستانم[a]،
کە بە قوربانی پەیمانیان لەگەڵ بەستووم.»
6 ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،
چونکە خودا خۆی دادوەرە.[b]
7 «ئەی گەلی من، گوێ بگرن هەتا قسە بکەم،
ئەی ئیسرائیل، هەتا شایەتیت لەسەر بدەم:
من خودام، خودای تۆم.
8 سەرزەنشتت ناکەم لەسەر قوربانییەکانت،
قوربانی سووتاندنەکانت هەمیشە لەبەردەممە.
22 «ئەی ئەوانەی خوداتان لەبیر کردووە، ئەمە لەبەرچاو بگرن،
دەنا پارچەپارچەتان دەکەم، کەسیش نایەتە فریاتان.
23 ئەوەی قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش بکات، شکۆدارم دەکات،
ئەوەی ڕێگای خۆی ڕێک بکات، ڕزگاریی خودای نیشان دەدەم.»
نەتەوەیەکی یاخی
2 ئەی ئاسمان گوێ بگرە و ئەی زەوی گوێ شل بکە،
چونکە یەزدان دەفەرموێت:
«چەند کوڕێکم گەورە کرد و پێم گەیاندن،
بەڵام ئەوان لێم یاخی بوون.
3 گا خاوەنەکەی خۆی دەناسێت و
گوێدرێژیش ئاخوڕی خاوەنی خۆی،
بەڵام ئیسرائیل من ناناسێت،
گەلی من تێناگات.»
4 قوڕبەسەر نەتەوەی گوناهبار،
بەسەر ئەو گەلەی تاوانی قورسە،
توخمی بەدکاران،
کوڕانی گەندەڵین!
وازیان لە یەزدان هێنا،
بە سووکییەوە تەماشای خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان کرد،
پشتیان لێی کرد.
5 بۆچی دووبارە لێتان بدرێتەوە؟
بۆچی بەردەوامن لە یاخیبوونتان؟
تەواوی سەر نەخۆشە و
هەموو دڵ بیمارە.
6 لە بنی پێ هەتا تەوقی سەر
کوا تەندروستی تێیدا؟
بەڵکو برین و شین و مۆر بوونەوەیە،
لێدانی تەڕ و تازە
کە نەگوشراوە و نەبەستراوە و
بە ڕۆن نەرم نەکراوە.
7 خاکەکەتان وێرانە،
شارەکانتان سووتاوە،
لەبەرچاوتان زەوییەکەتان
بێگانەکان دەیخۆن،
وێرانە وەک ئەوەی بێگانە هەڵاوگێڕی کردبێت.
8 سییۆنی کچ[a] ماوەتەوە،
وەک کەپر لەناو ڕەزەمێودا،
وەک خۆخ لەناو بێستانی خەیاردا،
وەک شارێکی ئابڵوقەدراو.
9 ئەگەر یەزدانی سوپاسالار
کەمێک دەربازبووی بۆ نەهێشتباینایەوە،
وەک سەدۆممان لێ دەهات،
لە عەمۆرا دەچووین.
21 «چۆن شارە دڵسۆزەکە
بوو بە لەشفرۆش!
پڕ دادوەری بوو،
ڕاستودروستی تێیدا دەمایەوە،
بەڵام ئێستا پیاوکوژان!
22 زیوت بوو بە خڵت و
شەرابت ئاوی تێکراوە.
23 میرەکانت یاخین و
دۆستی دزانن،
هەموو حەزیان لە بەرتیلە و
دوای پاداشت کەوتوون.
دادوەری بۆ هەتیو ناکەن،
سکاڵای بێوەژن ناگاتە لایان.»
گەنجینەی ڕاستەقینە
19 «لەسەر زەوی گەنجینە بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە، لەوێ مۆرانە و ژەنگ لێی دەدەن، دز دەیبڕێت و دەیدزێت. 20 بەڵکو گەنجینە بۆ خۆتان لە ئاسمان کۆبکەنەوە، لەوێ مۆرانە و ژەنگ لێی نادەن، دزیش نایبڕێت و نایدزێت، 21 چونکە گەنجینەکەت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
22 «چاو چرای جەستەیە، ئەگەر چاوت ساغ بێت، ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، 23 بەڵام ئەگەر چاوت خراپ بێت، ئەوا هەموو جەستەت تاریک دەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە تاریکی بێت، ئاخۆ دەبێ تاریکی چۆن بێت!
24 «کەس ناتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.