Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 60

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر گوڵی سەوسەنی پەیمان. پاڕانەوەیەکی داودە بۆ فێرکردن. کاتی شەڕکردنی لەگەڵ ئارامییەکانی دوو ڕووبار[a] و ئارامییەکانی چۆڤا[b]، هەروەها کاتێک یۆئاب[c] گەڕایەوە و لە دۆڵی خوێ[d] دوازدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت.

60 ئەی خودایە، ئێمەت ڕەتکردەوە و ئێمەت شکاند،
    تۆ تووڕە بووی، ئێستا بمانگەڕێنەوە!
تۆ زەویت لەرزاند و شەقت کرد،
    شکاوییەکانی چاک بکەرەوە، چونکە لەرزۆکە.
کاتی سەختت نیشانی گەلەکەت دا،
    بادەی سەرگەردانیت پێمان نۆشی.
بەڵام بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە، ئاڵات هەڵکرد،
    بۆ ئەوەی لە دژی تیری دوژمنان بشەکێتەوە.[e]

بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
    بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
    «بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
    دۆڵی سوکۆت[f] دەپێوم.
گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە،
    ئەفرایم کڵاوی منە،
    یەهودا[g] داری دەسەڵاتی منە،
مۆئاب[h] دەستشۆرمە،
    پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
    لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»

کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
    کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
10 ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
    ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
11 یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
    چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
12 لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
    هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.

هۆشەع 11:12-12:14

گوناهی ئیسرائیل

12 ئەفرایم بە درۆ دەوری لێدام و
    بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە فێڵەوە،
یەهوداش هێشتا سەرسەختە بەرامبەر بە خودا،
    لە پیرۆزە دڵسۆزەکە.
12 ئەفرایم لەسەر با دەلەوەڕێت،
    دوای بای ڕۆژهەڵات کەوتووە،
    هەموو ڕۆژێک درۆ و توندوتیژی زیاد دەکات.
لەگەڵ ئاشوردا پەیمان دەبەستن و
    زەیتی زەیتوون بۆ میسر دەنێرێت.
یەزدان لە دژی یەهودا سکاڵای هەیە،
    سزای یاقوب بەپێی ڕەفتارەکەی دەدات،
    کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
لەناو سکدا پاژنەی براکەی گرت و
    بە هێزی خۆی لەگەڵ خودا کەوتە زۆرانێ.
لەگەڵ فریشتەکە زۆرانێی کرد و سەرکەوت،
    گریا و پاڕایەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵی میهرەبان بێت.
لە بێت‌ئێل تووشی بوو،
    لەوێ قسەی لەگەڵی کرد[a].
یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار،
    ناوبانگی یەزدانە!
تۆش بۆ لای خودات بگەڕێوە،
    خۆشەویستی نەگۆڕ و دادپەروەری پەیڕەو بکە و
    هەمیشە چاوەڕوانی خودای خۆت بە.

بازرگان تەرازووی ساختەی لە دەستدایە،
    حەز دەکات ستەم بکات.
ئەفرایم گوتی:
    «من دەوڵەمەند بووم و سامانم بۆ خۆم پێکەوەنا،
لە هەموو سامانەکەم خراپەیەکم تێدا نابیننەوە
    کە گوناه بێت.»

«من یەزدانی خودای ئێوەم،
    ئەوەی لە خاکی میسرەوە تۆی دەرهێنا،
دووبارە لەناو چادرەکان نیشتەجێت دەکەم،
    وەک ڕۆژانی جەژن.
10 قسەم لەگەڵ پێغەمبەرەکاندا کرد و
    بینینی زۆرم بۆ ئاشکرا کردن،
    هەروەها لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە نموونەم هێنایەوە.»

11 ئایا خراپەکاری لە گلعاد هەیە؟
    بێگومان دانیشتووانەکەی پووچن!
لە گلگال گا دەکەن بە قوربانی،
    بەڵێ، بەڵام قوربانگاکانیان وەک کۆمەڵە بەرد دەبن
    لەسەر هێڵەکانی جووتی کێڵگەدا.
12 یاقوب بۆ دەشتودەری ئارام[b] هەڵات و
    ئیسرائیل لە پێناوی ژنێکدا خزمەتی کرد،
    لە پێناوی ژنێکدا شوانەتی کرد.
13 یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرێکەوە ئیسرائیلی لە میسر دەرهێنا و
    لە ڕێگەی پێغەمبەرێکیشەوە چاودێری کرد.
14 بەڵام ئەفرایم زۆر بە خراپی یەزدانی پەست کرد،
    پەروەردگارەکەشی تاوانی ئەو خوێنەی لەسەریەتی دەیهێڵێتەوە و
    سووکایەتییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.

کۆلۆسی 3:18-4:1

باوەڕدار و خێزان

18 ئەی ژنەکان، ملکەچی مێردەکانتان بن، وەک لە شوێنکەوتووی مەسیح دەوەشێتەوە.

19 ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، لەگەڵیان ڕەق مەبن.

20 ئەی منداڵان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە ئەمە جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە.

21 ئەی باوکەکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، نەوەک نائومێد بن.

باوەڕدار لە کارکردن

22 ئەی کۆیلەکان، لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی گەورەکانی ئەم جیهانەتان بن، نەک تەنها ئەو کاتەی کە چاودێریتان دەکەن بۆ ئەوەی لێتان ڕازی بن بەڵکو دڵسۆزانە چونکە ئێوە لە مەسیحی گەورەکەتان دەترسن. 23 هەر چییەک دەکەن، بە دڵ بیکەن، وەک بۆ مەسیح بێت، نەک بۆ خەڵکی، 24 بزانن لەلایەن مەسیحەوە پاداشتی میرات وەردەگرن، چونکە خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ دەکەن. 25 بەڵام ئەوەی کاری خراپ بکات سزای خراپەی خۆی وەردەگرێت، خودا لایەنگری ناکات.

ئەی گەورەکان، لەگەڵ کۆیلەکان دادپەروەر و یەکسان بن، بزانن ئێوەش گەورەتان هەیە لە ئاسمان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.