Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 44

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح.

44 خودایە، بە گوێی خۆمان بیستمان،
    باوباپیرانمان پێیان ڕاگەیاندین
تۆ لە ڕۆژگاری ئەوان،
    لە ڕۆژگاری کۆن چیت کردووە.
بە دەستی خۆت نەتەوەکانت ڕیشەکێش کرد و
    باوباپیرانی ئێمەت چاند،
گەلانت وردوخاش کرد و
    گەشەت بە باوباپیرانمان دا.
ئەوان بە شمشێری خۆیان دەستیان بەسەر خاکدا نەگرت،
    بە بازووی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا.
بەڵکو دەستە ڕاستی تۆ بوو، بازووی تۆ بوو،
    هەروەها ڕووناکی ڕوخساری تۆ بوو، چونکە ئەوانت خۆشویست.

تۆ پاشا و خودای منی،
    تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب.
لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین،
    بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین.
من پشت بە کەوانەکەم نابەستم،
    شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات.
بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین،
    تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد.
بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین،
    هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین. [a]

بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین،
    لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت.
10 وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین،
    ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین.
11 وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین،
    لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە.
12 گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە،
    قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە.

13 لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی،
    بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان.
14 ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان،
    خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان.
15 ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە،
    شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم،
16 لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم،
    لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر.

17 ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە،
    لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە،
    پەیمانی تۆمان نەشکاندووە.
18 دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە،
    پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە.
19 بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ،
    بە سێبەری مەرگ داتپۆشین.

20 ئەگەر ناوی خودای خۆمان لەبیر بکردایە،
    یان دەستمان لەبەر خوداوەندێکی بیانی پان بکردایەوە،
21 ئایا لەلای خودا ئاشکرا نەدەبوو،
    چونکە هەموو نهێنییەکانی دڵ دەزانێت؟
22 لەگەڵ ئەمەشدا لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە،
    وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.

23 ئەی پەروەردگار، بەئاگا بە! بۆ خەواڵوو بوویت؟
    هەستە! هەتاهەتایە وازمان لێمەهێنە.
24 بۆچی ڕووی خۆتمان لێ دەشاریتەوە؟
    بۆچی تەنگانە و چەوسانەوەمان لەبیردەکەیت؟

25 گیانمان بەرەو خاک شۆڕ بووەتەوە،
    سکمان بە زەوییەوە نووساوە.
26 ڕاپەڕە! بگە فریامان!
    لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمانکڕەوە.

هۆشەع 6:1-10

تۆبەنەکردنی ئیسرائیل

«وەرن، با بگەڕێینەوە لای یەزدان،
    چونکە ئەو پارچەپارچەی کردووین و
    هەر ئەویش چارەسەرمان دەکات.
ئەو برینداری کردووین و
    هەر ئەویش برینەکانمان ساڕێژ دەکات.
دوای دوو ڕۆژ دەمانژیێنێتەوە،
    لە ڕۆژی سێیەمدا هەڵماندەستێنێتەوە
    بۆ ئەوەی ئێمە لەبەردەمیدا بژین.
با دان بە یەزداندا بنێین،
    با تێبکۆشین بۆ ئەوەی دانی پێدا بنێین.
بێگومان وەک چۆن ڕۆژ هەڵدێت
    ئاواش یەزدان دەردەکەوێت،
وەک بارانی زستان دێتە لامان،
    وەک بەهارە باران کە زەوی ئاو دەدات.»

«ئەی ئەفرایم، چیت لێ بکەم؟
    ئەی یەهودا، چیت لێ بکەم؟
خۆشویستنی ئێوە وەک هەوری بەیانییان وایە،
    وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات.
لەبەر ئەوە بە پێغەمبەران پارچەپارچەم کردن،
    بە وشەکانی دەمم ئێوەم کوشت،
    حوکمەکەشم وەک ڕووناکی دەرکەوت.
چونکە میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،
    لەلای من خواناسی لە قوربانی سووتاندن گرنگترە.
بەڵام ئەوان وەک ئادەم سەرپێچی پەیمانیان کرد،
    لەوێدا ناپاکییان لە من کرد.
گلعاد شاری خراپەکارانە و
    بە خوێن پێپەستە.
وەک چۆن جەردە بۆسە بۆ کەسێک دەنێنەوە،
    ئاواش دەستەی کاهینەکان،
لە ڕێگادا ڕووەو شەخەم خەڵک دەکوژن.
    بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن.
10 لە بنەماڵەی ئیسرائیلدا کارێکی تۆقێنەر دەبینم،
    لەوێدا ئەفرایم لەشفرۆشی دەکات،
    ئیسرائیل گڵاوە.

ڕۆما 9:30-10:4

30 کەواتە چی بڵێین؟ ئەو نەتەوانەی بۆ بێتاوانبوون کۆششیان نەکرد، بێتاوانبوونیان بەدەستهێنا، ئەو بێتاوانبوونەی بە باوەڕە. 31 کەچی ئیسرائیل بە تەورات کۆششیان کرد بۆ بێتاوانبوون، بەو تەوراتە پێی نەگەیشتن. 32 بۆچی؟ چونکە بە باوەڕ نەبوو، بەڵکو لەسەر بنچینەی کردار بوو. ئەوسا بۆیان بوو بە کۆسپ و تەگەرە و ساتمەیان لێکرد، 33 هەروەک نووسراوە:

[ئەوەتا بەردێک بۆ کۆسپ لە سییۆن دادەنێم،
    تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە،
    بەڵام ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.][a]

10 ئەی خوشک و برایان، ئارەزووی دڵم و پاڕانەوەم لە خودا لە پێناوی ڕزگاریی نەوەی ئیسرائیلە. شایەتییان بۆ دەدەم کە دڵگەرمییان بۆ خودا هەیە، بەڵام بە زانیارییەوە نییە. لەبەر ئەوەی بێتاوانکردنیان[b] لە خوداوە نەزانی، هەوڵیان دا بێتاوانکردنی خۆیان بچەسپێنن، ملکەچی بێتاوانکردنی خودا نەبوون. بەڵام مەسیح دەرئەنجامی تەوراتە، تاکو ڕاستودروستی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە باوەڕ دەهێنن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.