Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
85 ئەی یەزدان، تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت،
دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە.
2 لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت،
هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە.[a]
3 هەموو تووڕەیی خۆتت گرتەوە،
لە جۆشانی تووڕەییت گەڕایتەوە.
4 ئەی خودای ڕزگاریمان، بمانگەڕێنەوە،
تووڕەیی خۆتمان لەسەر لابدە.
5 ئایا هەتاهەتایە لێمان تووڕە دەبیت؟
نەوە دوای نەوە درێژە بە تووڕەییت دەدەیت؟
6 ئایا تۆ ناگەڕێیتەوە هەتا زیندوومان بکەیتەوە،
بۆ ئەوە گەلەکەت پێت شاد بێت؟
7 ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتمان پیشان بدە،
ڕزگاریی خۆتمان پێ ببەخشە.
8 ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت، گوێی لێ دەگرم،
چونکە باسی ئاشتی دەکات بۆ گەلەکەی و بۆ خۆشەویستانی،
بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی.
9 بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن،
بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت.
10 خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون،
ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن[b].
11 ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و
ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت.
12 هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و
زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات.
13 ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات،
ڕێگای بۆ خۆش دەکات.
11 لەو کاتەدا نەوەی یەهودا و نەوەی ئیسرائیل یەکدەگرنەوە و یەک سەرۆک بۆ خۆیان دادەنێن، لە خاکەکە سەردەکەون و دێنە دەرەوە، چونکە ڕۆژی یەزرەعیل گەورە دەبێت.»
2 «بە براکانتان بڵێن: ”گەلی من،“ و بە خوشکەکانتان: ”بەر بەزەیی کەوتوو.“
سزادان و چاککردنەوەی ئیسرائیل
2 «سەرزەنشتی دایکتان بکەن، سەرزەنشتی بکەن،
چونکە ئەو ژنی من نییە و
منیش مێردی ئەو نیم.
بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و
ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت.
3 ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە،
وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛
وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم،
وەک خاکی وشکی لێ دەکەم،
بە تینووێتی دەیمرێنم.
4 بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە،
چونکە زۆڵن.
5 بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و
بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە.
ئەو گوتی: ”دوای دۆستەکانم دەکەوم،
ئەوانەی نان و ئاو،
خوری و کەتان، زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن.“
6 لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم،
دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە.
7 دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات،
بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە.
ئینجا دەڵێت:
”دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم،
چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو.“
8 ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە
دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە،
زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە،
بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا.
9 «لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە،
شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا.
خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن
لەبەری دادەکەنم.
10 ئێستا شوێنی شەرمی
لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم،
کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت.
11 هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم:
جەژن و سەرەمانگەکانی،
شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی.
12 ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم،
کە گوتی: ”ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم.“
دەیانکەم بە دارستان و
ئاژەڵی کێوی دەیانخوات.
13 لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم
کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند،
بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە،
دوای خۆشەویستانی کەوت،
بەڵام منی لەیاد کرد.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
14 «لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین
دەیبەمە چۆڵەوانی و
بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.
15 لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە،
دۆڵی عاخۆر[a] دەکەم بە دەرگای هیوا.
لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت،
وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»
عیسا ڕەشەبا هێمن دەکاتەوە
22 ڕۆژێکیان عیسا لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەمێک بوو، پێی فەرموون: «با بپەڕینەوە ئەوبەری دەریاچەکە.» جا بەڕێ کەوتن. 23 کاتێک دەڕۆیشتن ئەو نوست. ڕەشەبایەکیش هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، بەلەمەکە خەریک بوو پڕدەبوو لە ئاو و کەوتنە مەترسییەوە.
24 جا هاتنە لای، خەبەریان کردەوە و گوتیان: «گەورەم، گەورەم، وا لەناودەچین!»
ئەویش هەستا، لە ڕەشەبا و شەپۆلەکانی ڕاخوڕی، کۆتاییان هات و هێمن بوونەوە. 25 ئینجا پێی فەرموون: «کوا باوەڕتان؟»
ئەوانیش سەرسام بوون و ترسان، بە یەکتریان دەگوت: «باشە ئەمە کێیە؟ فەرمان بە با و ئاویش دەکات و گوێڕایەڵی دەبن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.