Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
85 ئەی یەزدان، تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت،
دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە.
2 لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت،
هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە.[a]
3 هەموو تووڕەیی خۆتت گرتەوە،
لە جۆشانی تووڕەییت گەڕایتەوە.
4 ئەی خودای ڕزگاریمان، بمانگەڕێنەوە،
تووڕەیی خۆتمان لەسەر لابدە.
5 ئایا هەتاهەتایە لێمان تووڕە دەبیت؟
نەوە دوای نەوە درێژە بە تووڕەییت دەدەیت؟
6 ئایا تۆ ناگەڕێیتەوە هەتا زیندوومان بکەیتەوە،
بۆ ئەوە گەلەکەت پێت شاد بێت؟
7 ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتمان پیشان بدە،
ڕزگاریی خۆتمان پێ ببەخشە.
8 ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت، گوێی لێ دەگرم،
چونکە باسی ئاشتی دەکات بۆ گەلەکەی و بۆ خۆشەویستانی،
بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی.
9 بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن،
بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت.
10 خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون،
ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن[b].
11 ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و
ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت.
12 هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و
زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات.
13 ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات،
ڕێگای بۆ خۆش دەکات.
حوکمی سەر ئیسرائیل
5 «ئەی کاهینەکان، گوێتان لەمە بێت!
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، سەرنج بدەن!
ئەی ماڵی پاشا گوێ بگرن!
حوکمەکە لە دژی ئێوەیە،
چونکە ئێوە لە میچپا بوونە تەڵە،
هەروەها تۆڕێکی ڕاخراویش بوون بەسەر تاڤۆر.
2 یاخیبووان لە کوشتن قووڵبوونەوە،
منیش هەموویان تەمبێ دەکەم.
3 من ئەفرایم دەناسم و
ئیسرائیلیش لە من شاردراوە نییە.
ئەی ئەفرایم، ئێستا ڕێگای لەشفرۆشیت گرتووەتەبەر،
ئیسرائیل گڵاو بووە.
4 «کارەکانیان ڕێیان نادات
بۆ لای خودای خۆیان بگەڕێنەوە،
چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی لە ناخیاندایە و
ئەوان دان بە یەزداندا نانێن.
5 لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات و
ئیسرائیل و ئەفرایم بە تاوانەکانیان تێکدەشکێن،
یەهوداش لەگەڵیاندا تێکدەشکێت.
6 بە مەڕ و مانگاکانیانەوە دەڕۆن
بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدان بکەن،
بەڵام بۆیان دەرناکەوێت،
چونکە لێیان دوورکەوتووەتەوە.
7 ناپاکییان لە یەزدان کرد
چونکە منداڵی زۆڵیان[a] بوو.
ئێستا جەژنی سەرەمانگەکانیان
خۆیان و کێڵگەکانیشیان دەخوات.
8 «لە گیڤعادا کەڕەنا لێ بدەن و
لە ڕامەش زوڕنا.
لە بێتئاڤن[b] نەعرەتەی جەنگ بکێشن؛
”ئەی بنیامین، ئێمە لەدوای تۆین.“
9 ئەفرایم وێران دەبێت
لە ڕۆژی تەمبێکردندا.
لەنێو هۆزەکانی ئیسرائیلدا
ڕاستی ڕادەگەیەنم.
10 میرانی یەهودا وەک ئەوانەن
کە سنوور دەگوازنەوە،
منیش تووڕەیی خۆم وەک باران
بەسەریاندا هەڵدەڕێژم.
11 ئەفرایم زۆرلێکراوە،
بە حوکم تێکشکێنراوە،
چونکە بڕیاری دا دوای بت بکەوێت.
12 من بۆ ئەفرایم وەک مۆرانەم و
وەک کلۆربوونیش بۆ بنەماڵەی یەهودا.
13 «کاتێک ئەفرایم نەخۆشییەکەی خۆی بینی و
یەهوداش ناسۆرەکەی خۆی،
ئینجا ئەفرایم چووە لای ئاشور و
بەدوای پاشا گەورەکەدا[c] ناردی.
بەڵام ناتوانێت چارەسەرتان بکات و
برینەکەتان لەسەر لاببات.
14 چونکە من بۆ ئەفرایم وەک شێرم و
بۆ بنەماڵەی یەهوداش وەک بەچکە شێر،
چونکە من پارچەپارچەیان دەکەم و دەڕۆم،
دەبەم و فریادڕەسیش نییە،
15 دەڕۆم و دەگەڕێمەوە بۆ شوێنەکەی خۆم
هەتا دان بە تاوانەکەیان دەنێن و
ڕوویان لە من دەکەن،
لە تەنگانەیاندا بە پەرۆشەوە ڕوویان لە من دەکەن.»
22 «پیاوانی ئیسرائیل، گوێ لەم قسانە بگرن: عیسای ناسیرەیی پیاوێکە بۆتان سەلمێنرا، بە پەرجوو و کاری مەزن و نیشانە لەلایەن خوداوە لایەنگری کراوە، کە خودا لە ڕێگەی ئەوەوە لەنێوتان ئەنجامی دا، وەک خۆتان دەزانن. 23 ئەم بەگوێرەی خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا داتانە دەست، بە دەستی گوناهباران لە خاچتان دا و کوشتتان. 24 بەڵام خودا هەڵیستاندەوە و لە ئازاری مردن ئازادی کرد، لەبەر ئەوەی نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە. 25 سەبارەت بە ئەو داود گوتوویەتی:
«[هەمیشە یەزدانم لەبەردەمم دەبینی،
لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.
26 بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
تەنانەت جەستەشم لە هیوادا نیشتەجێ دەبێت،
27 چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا[a] بەجێناهێڵیت،
هەروەها ڕێگا نادەیت ئەو کەسەی ئەوەی تۆ پیرۆزت کردووە لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
28 ڕێگاکانی ژیانت پێ ناساندم،
تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە.][b]
29 «برایان، ڕێگا دراوە بە ئاشکرا پێتان بڵێم کە داودی باوکمان مرد و نێژرا، گۆڕەکەشی تاکو ئەمڕۆ لەلامانە. 30 ئەویش کە پێغەمبەر بوو، دەیزانی خودا بە سوێند سوێندی بۆ خواردووە کە لە بەری پشتی ئەو لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت. 31 پێشبینیی کرد و باسی هەستانەوەی مەسیحەکەی[c] کرد، نە لە جیهانی مردوواندا بەجێهێڵرا و نە جەستەشی بۆگەن بوو. 32 ئەم عیسایە خودا هەڵیستاندەوە، ئێمەش هەموومان شایەتین بۆی. 33 ئینجا بۆ لای دەستە ڕاستی خودا بەرزکرایەوە کە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆزی لە باوکەوە وەرگرت، ئەمەی ڕژاند کە ئێوە دەیبینن و دەیبیستن. 34 داود بۆ ئاسمان بەرز نەکرایەوە، بەڵکو خۆی دەڵێت:
«[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
”لە دەستەڕاستم دابنیشە
35 هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ[d] بۆ پێیەکانت.“][e]
36 «بۆیە با هەموو ماڵی ئیسرائیل بە دڵنیایی بزانن، ئەم عیسایەی ئێوە لە خاچتان دا، خودا کردی بە مەسیحی خاوەن شکۆ.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.