Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی داودە. کاتێک دۆئێگی[a] ئەدۆمی چوو بۆ لای شاول و پێی گوت کە داود چووە بۆ ماڵی ئەحیمەلەخ.
52 ئەی پاڵەوان، بۆچی شانازی بە خراپەوە دەکەیت؟
ئەی شەرمەزار لەبەرچاوی خودا،
بۆچی بە درێژایی ڕۆژ شانازی دەکەیت؟
2 زمانت پیلانی کاولکاری دادەڕێژێت،
وەک گوێزانێکی تیژ وایە،
خەریکی فێڵبازییە.
3 زیاتر حەزت لە خراپەیە نەک لە چاکە،
لە درۆ نەک لە ڕاستگۆیی.[b]
4 حەزت لە هەموو وشەیەکی زیانبەخشە،
ئەی زمانی فێڵباز!
5 بێگومان خودا هەتاهەتایە وێرانت دەکات،
دەتڕفێنێت و لە ماڵەکەت دەرتدەهێنێت،
ڕیشەکێشت دەکات لە خاکی زیندووان.
6 ڕاستودروستان ئەمە دەبینن و دەترسن،
پێی پێدەکەنن و دەڵێن:
7 «ئا ئەوەتا ئەو کەسەی کە خودا ناکاتە پەناگای خۆی،
بەڵکو پشتی بە زۆری سامانەکەی بەستبوو،
لە تێکدانی خەڵکی دیکە بەهێز بوو!»
8 بەڵام من لە ماڵی خودا وەک دار زەیتوونێکی سەوزم،
هەتاهەتایە پشت بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودا دەبەستم.
9 هەتاهەتایە لەبەردەم خۆشەویستانت ستایشت دەکەم بۆ کردەوەکانت،
ئومێدم بە ناوی تۆیە، چونکە چاکە.
ڕۆژی یەزدان
18 قوڕبەسەر ئەوانەی تامەزرۆی
ڕۆژی یەزدانن![a]
بۆچی تامەزرۆی ڕۆژی یەزدانن؟
ئەو ڕۆژە تاریکییە نەک ڕووناکی.
19 وەک پیاوێک لەبەردەم شێر هەڵبێت و
تووشی ورچێک بێت،
یان بێتە ماڵەوە و دەستی لەسەر دیوارەکە دابنێت و
مار پێوەی بدات.
20 ئایا ڕۆژی یەزدان تاریک و بێ ڕووناکی نابێت؟
ئایا ئەنگوستەچاو و بێ تروسکایی نابێت؟
21 «ڕقم لە جەژنەکانتان دەبێتەوە و ڕەتیان دەکەمەوە،
چێژ لە کۆڕەکانتان نابینم.
22 چونکە ئەگەر قوربانی سووتاندنەکان و
پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەتان پێشکەش بکەن ڕازی نابم،
ئاوڕ لە قوربانی هاوبەشی[b] نادەمەوە، لە دابەستەکانتان.
23 ژاوەژاوی گۆرانییەکانتانم لێ دووربخەنەوە!
گوێ لە ئاوازی سازەکانتان ناگرم.
24 لەبری ئەوە با دادپەروەری وەک زێ بڕوات و
ڕاستودروستیش وەک ڕووبارێکی هەمیشەیی.
25 «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی
قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟
26 بەڵکو نزرگەی پاشای خۆتان،
بنکەی بتەکانتان هەڵگرت،
پەیکەرەکانتان بۆ کەیوان[c]، ئەستێرەی خوداوەندەکەتان،
کە بۆ خۆتان دروستتان کرد.»
27 لەبەر ئەوە یەزدان کە ناوی خودای سوپاسالارە، دەفەرموێت:
«من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە دیمەشق دوورترە.»
14 لەبەر ئەمە چۆک بۆ باوک دادەدەم، 15 ئەوەی هەموو خێزانێک لە ئاسمان و سەر زەوی بوونیان لە ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە. 16 لێی دەپاڕێمەوە کە بەپێی دەوڵەمەندی شکۆی خۆی بەهێزتان بکات لە ڕێگەی ڕۆحەکەی کە لە ناختاندایە، 17 تاکو بە باوەڕ مەسیح لە دڵتاندا نیشتەجێ بێت و ڕەگ و بناغەتان لە خۆشەویستیدا دابمەزرێت، 18 تاکو توانادار بن، لەگەڵ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا تێبگەن کە پانی و درێژی و بەرزی و قووڵی خۆشەویستی مەسیح چییە، 19 تاکو ئەم خۆشەویستییە بناسن کە لە سەرووی زانیارییەوەیە، بۆ ئەوەی پڕبن لە هەموو پڕیێتی خودا.
20 بۆ ئەو خودایەی توانادارە هەموو شتێک بکات زۆر زیاتر لەوەی کە داوای دەکەین یان بیری لێ دەکەینەوە، بەگوێرەی ئەو هێزەی کە تیاماندا کار دەکات، 21 با نەوە لەدوای نەوە، خودا بۆ هەتاهەتایە لە کڵێسا و لە عیسای مەسیحدا شکۆدار بێت. ئامین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.