Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
لاواندنەوەی داود بەرامبەر بە وتەکانی کوشی بنیامینی بە گۆرانی بۆ یەزدان گوتوویەتی.
7 ئەی یەزدان، خودای من، پەنا دەهێنمە بەر تۆ،
لەوانەی ڕاوم دەنێن ڕزگارم بکە و دەربازم بکە،
2 ئەگینا وەک شێر پەلامارم دەدەن،
پارچەپارچەم دەکەن و کەسیش نییە دەربازم بکات.
3 ئەی یەزدان، خودای من، ئەگەر من وام کردووە،
ئەگەر دەستەکانم ناڕەوایەتییان کردووە،
4 ئەگەر خراپەم کردووە دەرهەق بەوەی بە ئاشتی لەگەڵمدا دەژیێت،
یان بەبێ هۆ دوژمنەکەمم تاڵان کردووە،
5 با دوژمن ڕاوم بنێت و پێشم لێ بگرێت،
با ژیانم پێشێل بکات لەسەر زەوی و
شکۆمەندیم بکەوێتە سەر زەوی.[a]
6 ئەی یەزدان، لە تووڕەیی خۆت ڕاپەڕە،
لە دژی قینی دوژمنەکانم ڕاستبەرەوە.
ئەی خودای من هەستە، فەرمان بکە بۆ دادپەروەری.
7 کۆڕی گەلان لە دەوری خۆت ببەستە و
لە بەرزاییەوە فەرمانڕەوایەتییان لەسەر بکە.
8 با یەزدان دادوەری گەلان بکات.
ئەی یەزدان، بەگوێرەی ڕاستودروستییەکەم بێتاوانیم دەربخە،
بەگوێرەی دروستییەکەم.
9 ئەی خودای ڕاستودروست،
کە مێشک و دڵەکان دەپشکنی،
خراپەی بەدکاران مەهێڵە،
بەڵام ڕاستودروستان بچەسپێنە.
10 خودا قەڵغانی منە،
ئەوەی دڵڕاستەکان ڕزگار دەکات،
11 خودا دادوەرێکی ڕاستودروستە،
هەموو ڕۆژێکیش تووڕە دەبێت.
12 ئەگەر کەسێک نەگەڕێتەوە،
خودا شمشێرەکەی خۆی تیژ دەکات،
کەوانەکەی دەچەمێنێتەوە و ژێیەکەی توند دەکات.
13 چەکی کوشندەی خۆی ئامادە کردووە،
تیرەکانی کردووەتە تیری ئاگرین.
14 ببینە کەسی بەدکار بە خراپەوە ژانی گرتووە،
بە ئاژاوە سکی پڕ بووە و درۆی دەبێت.
15 چاڵێک هەڵدەکەنێت و قووڵی دەکات،
بەڵام خۆی دەکەوێتە ئەو گۆڕەی هەڵیکەندووە.
16 ئاژاوەکەی بەسەر سەری خۆیدا دەگەڕێتەوە و
توندوتیژییەکەشی بەسەر سەری خۆیدا دەبارێت.
17 ستایشی یەزدان دەکەم بۆ ڕاستودروستییەکەی،
گۆرانی ستایش دەڵێم بۆ ناوی یەزدانی هەرەبەرز.
لاوانەوە و بانگەوازی تۆبەکردن
5 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەم پەیامە بگرن، ئەم لاوانەوەیە کە من بەسەر ئێوەیدا هەڵدەدەم:
2 «ئیسرائیلی پاکیزە کەوت،
جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە،
فڕێدرایە سەر خاکەکەی،
کوا ئەوەی هەڵیدەستێنێتەوە؟»
3 سەبارەت بەمەش یەزدانی باڵادەست بەم جۆرە دەفەرموێت:
«ئەو شارەی لە ماڵی ئیسرائیل هەزار سەرباز دەنێرێت،
سەد سەربازی بۆ دەمێنێتەوە،
ئەو شارۆچکەیەی سەد سەرباز دەنێرێت،
دە سەربازی بۆ دەمێنێتەوە.»
4 لەبەر ئەوە یەزدان ئاوا بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەفەرموێت:
«بەدوای مندا بگەڕێن و بژین،
5 بەدوای بێتئێلدا مەگەڕێن و
مەچن بۆ گلگال و
بۆ بیری شابەع مەپەڕنەوە،
چونکە گلگال بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکرێت و
بێتئێل دەبێتە نەبوو[a].»
6 ڕوو لە یەزدان بکەن و بژین،
ئەگینا وەک ئاگر پڕدەداتە بنەماڵەی یوسف،
ئاگرەکەش دانیشتووانی بێتئێل دەخوات و
کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.
7 ئەی ئەوانەی دادپەروەریتان کردە زەقنەبووت،
ڕاستودروستیش بە زەویدا دەدەن!
8 ئەوەی کەلووەکانی حەوتەوانە و ڕاوچی دروستکردووە،
سێبەری مەرگ بۆ بەیان دەگۆڕێت و
ڕۆژ وەک شەو تاریک دەکات،
ئاوی دەریا بانگ دەکات و
بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕێژێت،
ناوی یەزدانە،
9 ئەوەی وێرانی بەسەر قەڵادا دەبارێنێت و
وێرانی بەسەر شاری قەڵابەنددا دێت.
عیسا حوکم بەسەر جیهان دەدات
31 «کاتێک کوڕی مرۆڤ بە شکۆی خۆی دێتەوە و هەموو فریشتەکانیش لەگەڵیدان، ئەوسا لەسەر تەختی شکۆی خۆی دادەنیشێت. 32 هەموو نەتەوەکان لەبەردەمی کۆدەبنەوە و ئەویش لە یەکتریان جیا دەکاتەوە، وەک شوان مەڕ لە بزن جیا دەکاتەوە. 33 جا مەڕەکان لەلای ڕاستی خۆی ڕادەگرێت، بەڵام بزنەکان لەلای چەپ.
34 «ئینجا پاشا بەوانەی لای ڕاستیەوەن دەفەرموێ: ”وەرن ئەی ئەوانەی باوکم بەرەکەتی پێدان، ببنە میراتگری ئەو شانشینە کە لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆتان ئامادە کراوە، 35 چونکە برسی بووم و نانتان دام، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان کردمەوە. 36 ڕووت بووم جلتان لەبەرکردم، نەخۆش بووم سەرتان لێدام، زیندانی بووم هاتنە لام.“
37 «ئەوسا ڕاستودروستان وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی بینیوە و نانمان داویتێ، یان تینوو و ئاومان داویتێ؟ 38 کەی تۆمان بە نامۆیی بینیوە و شوێنمان کردوویتەوە، یان بە ڕووتی و جلمان لەبەرکردوویت؟ 39 کەی تۆمان بە نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و هاتووین بۆ لات؟“
40 «ئینجا پاشا وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم برا بچووکانەم کردووە، بۆ منتان کردووە.“
41 «دواتر بەوانەی لەلای چەپیەوەن دەفەرموێ: ”لێم دوور بکەونەوە! ئەی ئەوانەی کە نەفرەتتان لێکراوە بەرەو ئاگری هەتاهەتایی، ئەوەی بۆ ئیبلیس و فریشتەکانی ئامادە کراوە، 42 چونکە برسی بووم نانتان نەدامێ، تینوو بووم ئاوتان نەدامێ، 43 نامۆ بووم شوێنتان نەکردمەوە، ڕووت بووم جلتان لەبەر نەکردم، نەخۆش و زیندانی بووم سەرتان لێ نەدام.“
44 «ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی یان تینوو یان نامۆ یان ڕووت یان نەخۆش یان زیندانی بینیوە و خزمەتمان نەکردوویت؟“
45 «ئەویش وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم بچووکانە نەکردووە، بۆ منتان نەکردووە.“
46 «ئەوانە بۆ سزای هەتاهەتایی دەچن، بەڵام ڕاستودروستان بۆ ژیانی هەتاهەتایی.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.