Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 7

لاواندنەوەی داود بەرامبەر بە وتەکانی کوشی بنیامینی بە گۆرانی بۆ یەزدان گوتوویەتی.

ئەی یەزدان، خودای من، پەنا دەهێنمە بەر تۆ،
    لەوانەی ڕاوم دەنێن ڕزگارم بکە و دەربازم بکە،
ئەگینا وەک شێر پەلامارم دەدەن،
    پارچەپارچەم دەکەن و کەسیش نییە دەربازم بکات.

ئەی یەزدان، خودای من، ئەگەر من وام کردووە،
    ئەگەر دەستەکانم ناڕەوایەتییان کردووە،
ئەگەر خراپەم کردووە دەرهەق بەوەی بە ئاشتی لەگەڵمدا دەژیێت،
    یان بەبێ هۆ دوژمنەکەمم تاڵان کردووە،
با دوژمن ڕاوم بنێت و پێشم لێ بگرێت،
    با ژیانم پێشێل بکات لەسەر زەوی و
    شکۆمەندیم بکەوێتە سەر زەوی.[a]

ئەی یەزدان، لە تووڕەیی خۆت ڕاپەڕە،
    لە دژی قینی دوژمنەکانم ڕاستبەرەوە.
    ئەی خودای من هەستە، فەرمان بکە بۆ دادپەروەری.
کۆڕی گەلان لە دەوری خۆت ببەستە و
    لە بەرزاییەوە فەرمانڕەوایەتییان لەسەر بکە.
با یەزدان دادوەری گەلان بکات.
    ئەی یەزدان، بەگوێرەی ڕاستودروستییەکەم بێتاوانیم دەربخە،
    بەگوێرەی دروستییەکەم.
ئەی خودای ڕاستودروست،
    کە مێشک و دڵەکان دەپشکنی،
خراپەی بەدکاران مەهێڵە،
    بەڵام ڕاستودروستان بچەسپێنە.

10 خودا قەڵغانی منە،
    ئەوەی دڵڕاستەکان ڕزگار دەکات،
11 خودا دادوەرێکی ڕاستودروستە،
    هەموو ڕۆژێکیش تووڕە دەبێت.
12 ئەگەر کەسێک نەگەڕێتەوە،
    خودا شمشێرەکەی خۆی تیژ دەکات،
    کەوانەکەی دەچەمێنێتەوە و ژێیەکەی توند دەکات.
13 چەکی کوشندەی خۆی ئامادە کردووە،
    تیرەکانی کردووەتە تیری ئاگرین.

14 ببینە کەسی بەدکار بە خراپەوە ژانی گرتووە،
    بە ئاژاوە سکی پڕ بووە و درۆی دەبێت.
15 چاڵێک هەڵدەکەنێت و قووڵی دەکات،
    بەڵام خۆی دەکەوێتە ئەو گۆڕەی هەڵیکەندووە.
16 ئاژاوەکەی بەسەر سەری خۆیدا دەگەڕێتەوە و
    توندوتیژییەکەشی بەسەر سەری خۆیدا دەبارێت.

17 ستایشی یەزدان دەکەم بۆ ڕاستودروستییەکەی،
    گۆرانی ستایش دەڵێم بۆ ناوی یەزدانی هەرەبەرز.

ئامۆس 4:6-13

«هەروەها منیش لە هەموو شارۆچکەکانتان سک بەتاڵی و
    لە هەموو شوێنەکانتان کەمی نانم پێدان،
    بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«هەروەها بارانم لێ گرتنەوە
    هێشتا سێ مانگی مابوو بۆ دروێنە.
بارانم بەسەر شارۆچکەیەکدا باراند و
    بەسەر شارۆچکەیەکی دیکەدا نەمباراند.
بەسەر کێڵگەیەکدا باری و
    ئەو کێڵگەش کە بەسەریدا نەباری وشک بوو.
خەڵکی دوو سێ شارۆچکە بۆ ئاو خواردنەوە چوونە شارۆچکەیەکی دیکە،
    تینووێتییان نەشکا،
    بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«زۆر جار باخ و ڕەزەمێوی ئێوەم هەڵپڕووکاندووە،
    بە بای گەرمەسێر و کەڕوو.
کوللە دار هەنجیر و دار زەیتوونیان خواردووە،
    بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕاونەتەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

10 «دەردم ناردە سەر ئێوە،
    وەک ئەوەی ناردبوومە سەر میسر.
    بە شمشێر لاوەکانی ئێوەم کوشت،
    لەگەڵ ئەسپە ڕاپێچکراوەکان،
وام کرد بۆنی بۆگەنی تەرمەکانی ناو ئۆردوگاکەتان بکەن،
    بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

11 «هەندێکتانم هەڵگەڕاندەوە،
    وەک چۆن سەدۆم و عەمۆرام هەڵگەڕاندەوە،
وەک پارچە دارێکی گڕگرتووتان لێهات کە لەناو ئاگرەوە دەرهێنرابێت،
    بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

12 «ئەی ئیسرائیل، ئاوات پێ دەکەم،
    ئەی ئیسرائیل، لەبەر ئەوەی ئەمەت پێ دەکەم،
ئامادەبە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خوداکەت.»

13 شێوەداڕێژی چیاکان و
    بەدیهێنەری با،
    ئەوەی بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت بیرکردنەوەی چییە،
ئەوەی بەرەبەیان دەکاتە تاریکی،
    بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات،
    ناوی یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالارە.

یەکەم یۆحەنا 3:11-17

11 چونکە ئەمە ئەم پەیامەیە کە لە سەرەتادا بیستتان، کە یەکترمان خۆشبوێ.

خۆشەویستی یەکتری

12 وەک قایین مەبن، کە سەر بە شەیتان بوو و هابیلی برای خۆی کوشت. بۆچی کوشتی؟ چونکە کارەکانی ئەو خراپ بوون و هی براکەی ڕاستودروست. 13 خوشکان، برایان، لاتان سەیر نەبێت ئەگەر جیهان ڕقی لێتان بێتەوە. 14 دەزانین لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراینەوە، چونکە برایانمان خۆشدەوێت. ئەوەی خۆشەویستی نەبێت لە مردندا دەمێنێتەوە. 15 هەرکەسێک ڕقی لە خوشکی یان براکەی ببێتەوە بکوژە و ئێوە دەزانن هیچ بکوژێک نابێتە خاوەنی ژیانی هەتاهەتایی.

16 بەمە خۆشەویستیمان زانی: عیسای مەسیح ژیانی خۆی بۆ ئێمە دانا. ئێمەش دەبێت ژیانی خۆمان بۆ خوشک و براکانمان دابنێین. 17 ئەوەی ماڵی دنیای هەبێت و خوشکی یان براکەی خۆی بە نەداری بینی و دڵی لێی ڕەقکرد، چۆن خۆشەویستی خودای تێدا دەمێنێتەوە؟

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.