Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
لاواندنەوەی داود بەرامبەر بە وتەکانی کوشی بنیامینی بە گۆرانی بۆ یەزدان گوتوویەتی.
7 ئەی یەزدان، خودای من، پەنا دەهێنمە بەر تۆ،
لەوانەی ڕاوم دەنێن ڕزگارم بکە و دەربازم بکە،
2 ئەگینا وەک شێر پەلامارم دەدەن،
پارچەپارچەم دەکەن و کەسیش نییە دەربازم بکات.
3 ئەی یەزدان، خودای من، ئەگەر من وام کردووە،
ئەگەر دەستەکانم ناڕەوایەتییان کردووە،
4 ئەگەر خراپەم کردووە دەرهەق بەوەی بە ئاشتی لەگەڵمدا دەژیێت،
یان بەبێ هۆ دوژمنەکەمم تاڵان کردووە،
5 با دوژمن ڕاوم بنێت و پێشم لێ بگرێت،
با ژیانم پێشێل بکات لەسەر زەوی و
شکۆمەندیم بکەوێتە سەر زەوی.[a]
6 ئەی یەزدان، لە تووڕەیی خۆت ڕاپەڕە،
لە دژی قینی دوژمنەکانم ڕاستبەرەوە.
ئەی خودای من هەستە، فەرمان بکە بۆ دادپەروەری.
7 کۆڕی گەلان لە دەوری خۆت ببەستە و
لە بەرزاییەوە فەرمانڕەوایەتییان لەسەر بکە.
8 با یەزدان دادوەری گەلان بکات.
ئەی یەزدان، بەگوێرەی ڕاستودروستییەکەم بێتاوانیم دەربخە،
بەگوێرەی دروستییەکەم.
9 ئەی خودای ڕاستودروست،
کە مێشک و دڵەکان دەپشکنی،
خراپەی بەدکاران مەهێڵە،
بەڵام ڕاستودروستان بچەسپێنە.
10 خودا قەڵغانی منە،
ئەوەی دڵڕاستەکان ڕزگار دەکات،
11 خودا دادوەرێکی ڕاستودروستە،
هەموو ڕۆژێکیش تووڕە دەبێت.
12 ئەگەر کەسێک نەگەڕێتەوە،
خودا شمشێرەکەی خۆی تیژ دەکات،
کەوانەکەی دەچەمێنێتەوە و ژێیەکەی توند دەکات.
13 چەکی کوشندەی خۆی ئامادە کردووە،
تیرەکانی کردووەتە تیری ئاگرین.
14 ببینە کەسی بەدکار بە خراپەوە ژانی گرتووە،
بە ئاژاوە سکی پڕ بووە و درۆی دەبێت.
15 چاڵێک هەڵدەکەنێت و قووڵی دەکات،
بەڵام خۆی دەکەوێتە ئەو گۆڕەی هەڵیکەندووە.
16 ئاژاوەکەی بەسەر سەری خۆیدا دەگەڕێتەوە و
توندوتیژییەکەشی بەسەر سەری خۆیدا دەبارێت.
17 ستایشی یەزدان دەکەم بۆ ڕاستودروستییەکەی،
گۆرانی ستایش دەڵێم بۆ ناوی یەزدانی هەرەبەرز.
9 بە قەڵاکانی ئەشدۆد و خاکی میسر ڕایبگەیەنن و
پێیان بڵێن:
«لەسەر چیاکانی سامیرە کۆببنەوە،
ئەو هاتوهاوارە زۆرەی ناوەڕاستی ببینن،
ئەو زۆردارییەی لەناویدا هەیە.»
10 یەزدان دەفەرموێت: «نازانن کاری باش بکەن،
ئەوانەی بەرهەمی تاڵان و ستەمکاری لە قەڵاکانیان ئەمبار دەکەن.»
11 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«دوژمن دێنە چواردەوری خاکەکە و
هێزتان لێ کەم دەکاتەوە و
قەڵاکانتان تاڵان دەکرێن.»
12 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«وەک چۆن شوان دوو قاچ یان پارچە گوێیەک
لە دەمی شێر دەردەهێنێت،
ئاواش ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی سامیرە
بە گۆشەی قەرەوێڵەیەک و
بە پارچە پێخەفێک دەردەکرێن.»
13 «گوێ بگرن و شایەتی لەسەر بنەماڵەی یاقوب بدەن،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگار، خودای سوپاسالارە.
14 «لەو ڕۆژەی کە سزای ئیسرائیل دەدەم لەسەر یاخیبوونەکانی،
سزای قوربانگاکانی بێتئێلیش دەدەم،
جا قۆچی قوربانگاکان دەبڕێنەوە و
دەکەونە سەر زەوی.
15 کۆشکی زستانە دادەڕمێنم،
هەروەها کۆشکی هاوینەش،
کۆشکە عاجەکانیش لەناودەچن و
هەموو کۆشکەکان کۆتاییان پێدێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
نەگەڕانەوەی ئیسرائیل بۆ لای خودا
4 ئەی مانگاکانی باشان، ئەوانەی لە کێوی سامیرەن،
ئەی خاتوونەکان، ئەی ئەو ژنانەی ستەم لە هەژاران دەکەن، نەداران وردوخاش دەکەن و
بە مێردەکانیان دەڵێن، «خواردنەوەمان بۆ بهێنن!» گوێتان لەم پەیامە بێت:
2 یەزدانی باڵادەست سوێندی بە پیرۆزی خۆی خوارد،
«بێگومان ڕۆژێک دێت،
خۆتان بە قولاپ دەگیرێن و
دوا کەسیشتان بە قولاپی ماسی.
3 هەریەکە و لەپێش خۆیەوە
بەناو کەلێنی دیوارێکدا دەبردرێن و
فڕێدەدرێنە هەرمۆن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
4 «وەرن بۆ بێتئێل و یاخی ببن،
لە گلگال یاخیبوون زۆر بکەن.
هەموو بەیانییەک قوربانییەکانتان بهێنن،
هەر سێ ڕۆژ جارێک دەیەکەکانتان.
5 ئەی نەوەی ئیسرائیل، لە هەویرترشەوە[a] قوربانی سوپاسگوزاری بسووتێنن،
بانگەواز بۆ بەخشینی ئازاد بکەن و ڕایبگەیەنن،
چونکە واتان پێ خۆش بوو.»
ئەوە فەرموودەی یەزدانی باڵادەستە.
بە جیاوازی هەڵسوکەوت مەکەن
2 ئەی خوشکان و برایانم، ئێمەی باوەڕداران بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، نابێت جیاکاری لەنێوان خەڵکی بکەین. 2 ئەگەر پیاوێک هاتە ناو کۆڕەکەتان، ئەنگوستیلەی زێڕی لە پەنجە بوو و بەرگی نایاب بوو، هەروەها هەژارێکیش بە بەرگی پیس، 3 تەماشای بەرگە نایابەکەتان کرد و گوتتان: «لێرە دانیشە باشە،» بە هەژارەکەش بڵێن: «لەوێ ڕابوەستە» یان «لەبەرپێم دانیشە،» 4 ئایا لەنێوان خۆتاندا جیاکاری ناکەن و بە بیری خراپ حوکم بەسەر یەکدا نادەن؟
5 خوشک و برا خۆشەویستەکانم، گوێ بگرن: ئایا خودا هەژارانی ئەم جیهانەی هەڵنەبژاردووە لە باوەڕ دەوڵەمەند بن و میراتگری شانشین بن کە بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت؟ 6 بەڵام ئێوە سووکایەتیتان بە هەژارەکە کرد. ئایا دەوڵەمەندەکان نین خۆیان بەسەرتاندا دەسەپێنن و ڕاپێچی دادگاکانتان دەکەن؟ 7 ئایا ئەوان نین کفر بەو ناوە چاکە دەکەن کە پێی بانگکراون؟
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.