Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی ئاساف.
82 خودا لە کۆڕی خوداوەندەکان ڕاوەستاوە،
لەنێو خوداوەندەکان[a] دادوەری دەکات.
2 «هەتا کەی بە ناڕەوایی دادوەری دەکەن،
لایەنگری بەدکاران دەکەن؟ [b]
3 بەرگری لە لاواز و هەتیوان بکەن،
دادی هەژار و کڵۆڵان بدەن.
4 فریای لاواز و نەداران بکەون،
لە دەست بەدکاران دەربازیان بکەن.
5 «نازانن و تێناگەن، لە تاریکیدا دەڕۆن،
هەموو بنچینەکانی زەوی دەشڵەژێن.
6 «من گوتم: ”ئێوە ’خوداوەندەکان‘ن،
هەمووتان کوڕی خودای هەرەبەرزن.“
7 بەڵام وەک ئادەمیزاد دەمرن،
وەک یەکێک لە میرەکان دەکەون.»
8 خودایە، هەستە! دادوەری زەوی بکە،
چونکە هەموو نەتەوەکان میراتی تۆن.
1 ئەمە پەیامی ئامۆسە کە یەکێک بوو لە شوانەکانی شارۆچکەی تەقۆعە، دوو ساڵ پێش بوومەلەرزەکە لە سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا و لە سەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل، ئەم بینینەی دەربارەی ئیسرائیل بۆ ئاشکرا کرا.
2 گوتی:
«یەزدان لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت،
لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی دێت،
لەوەڕگای شوانەکان شیوەن دەگێڕن و
لووتکەی کارمەل وشک دەبێت.»
حوکم بەسەردادانی وڵاتانی دەوروبەر
3 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«دیمەشق یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی بە جەنجەڕی ئاسن گلعادیان شێلا،
4 ئاگر دەنێرمە سەر ماڵی حەزائێل
قەڵاکانی بەنهەدەد دەخوات.
5 شەوبەندی دەروازەکانی دیمەشق دەشکێنم،
فەرمانڕەواکە لە دۆڵی ئاڤەن ڕیشەکێش دەکەم،
هەروەها گۆچان بەدەست لە بێتعەدەن.
گەلی ئارام بۆ قییر ڕاپێچ دەکرێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
6 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«غەزە یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی چەند کۆمەڵگایەکی بە تەواوەتی بە دیل گرت و
بە ئەدۆمی فرۆشت،
7 ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی غەزە،
قەڵاکانی دەخوات.
8 فەرمانڕەواکە لە ئەشدۆد ڕیشەکێش دەکەم و
گۆچان بەدەست لە ئەسقەلان.
دەستم دەگەڕێنمەوە سەر عەقرۆن،
پاشماوەی فەلەستییەکان لەناودەچن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
9 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«سور یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی تەواوی چەند کۆمەڵگایەکی بە دیلگیراوی فرۆشتە ئەدۆم و
پەیمانی برایەتییان نەهێنایەوە یادیان،
10 ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی سور
قەڵاکانی دەخوات.»
11 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەدۆم یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی بە شمشێرەوە دوای براکەی کەوت،
بەبێ دەربڕینی بەزەیی.
هەروەها چونکە تووڕەییەکەی بەردەوام لە جۆش بوو،
قینیشی بۆ هەتاهەتایە هەڵدەگرت،
12 هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر تێمان،
قەڵاکانی بۆزرا دەخوات.»
13 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«عەمۆن یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی سکپڕەکانی گلعادیان هەڵدڕی،
بۆ ئەوەی سنوورەکانیان بەرفراوان بکەن،
14 ئاگر لە شووراکانی ڕەبە بەردەدەم
قەڵاکانی دەخوات،
بە هاتوهاوارەوە لە ڕۆژی جەنگدا،
بە زریانەوە لە ڕۆژی باوباراندا.
15 پاشاکەیان ڕاپێچ دەکرێت،
ئەو و هەموو کاربەدەستەکانی بە یەک جار.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
2 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«مۆئاب یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی ئێسکەکانی پاشای ئەدۆمی سووتاند
هەتا ئەوەی بووە گەچ،
2 هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر مۆئاب،
قەڵاکانی قەریۆت دەخوات.
مۆئاب لەناو هاژەهاژ دەمرێت،
لەنێو هاتوهاوار و دەنگی کەڕەنا.
3 فەرمانڕەوا لەناوەڕاستیدا ڕیشەکێش دەکەم و
هەموو کاربەدەستەکانی لەگەڵیدا دەکوژم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
باوەڕ و کردار
14 خوشکان و برایانم، چ سوودێکی هەیە ئەگەر یەکێک بڵێت باوەڕم هەیە، بەڵام کرداری نەبێت؟ ئایا ئەم جۆرە باوەڕە دەتوانێت ڕزگاری بکات؟ 15 ئەگەر خوشک یان برایەک پێویستی بە جلوبەرگ و خواردنی ڕۆژانە هەبوو، 16 یەکێکتان پێتان گوتن: «بەخێر بچن، جلی گەرم لەبەر بکەن، تێر بخۆن،» و پێداویستییەکانی ژیانیان نەدەنێ، چ سوودێکی هەیە؟ 17 بەم شێوەیەش، باوەڕ ئەگەر کرداری نەبێت، لە خۆیدا مردووە.
18 لەوانەیە کەسێک بڵێ: «تۆ باوەڕت هەیە و من کردار.» نیشانم بدە باوەڕت چۆن بێ کردار دەبێت، ئەوسا منیش بە کردارەکانم نیشانت دەدەم باوەڕم چۆنە. 19 تۆ باوەڕت هەیە کە یەک خودا هەیە، چاک دەکەیت. تەنانەت ڕۆحە پیسەکانیش باوەڕ دەکەن و دەلەرزن.
20 ئەی مرۆڤی گێل، دەتەوێت بزانیت کە باوەڕ بێ کردار نەزۆکە؟ 21 ئایا ئیبراهیمی باوکمان بە کردار بێتاوان نەکرا، کاتێک لەسەر قوربانگا ئیسحاقی کوڕی پێشکەش کرد؟ 22 دەبینیت باوەڕ بە کردارەکەی لە کاردا بوو، باوەڕەکەش بە کردار تەواو بوو. 23 نووسراوە پیرۆزەکەش هاتە دی کە دەفەرموێ: [ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا، ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا،][a] هەروەها ناوی لێنرا دۆستی خودا. 24 دەبینن کە مرۆڤ بە کردار بێتاوان دەبێت نەک تەنها بە باوەڕ.
25 بەم شێوەیە ڕاحابی لەشفرۆش، ئایا بە کردار بێتاوان نەبوو، کە پێشوازی لە سیخوڕەکان[b] کرد و بە ڕێگایەکی دیکەدا بەڕێی کردن؟[c] 26 هەروەک چۆن جەستە بێ ڕۆح مردووە، باوەڕیش بێ کردار مردووە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.