Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 30

زەبوورێکی داود.

گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا.[a]

30 ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم،
    چونکە هەڵتکێشام و
    نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا،
    تۆش چاکت کردمەوە.
ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە،
    منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.

ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن،
    ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە،
    بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە.
ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت،
    بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.

کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم:
    «هەرگیز نالەقێم.»
ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت،
    منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند،
بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە،
    پەرێشان بووم.

ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا،
    من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
«مەرگی من سوودی چی تێدایە،
    ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟
ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟
    ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
10 ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە!
    ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!»

11 تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی،
    جلوبەرگی گوشت[b] لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
12 بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت.
    ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.

دووەم پاشایان 4:32-37

32 کاتێک ئەلیشەع چووە ناو ماڵەکە، بینی کوڕەکە لەسەر جێگاکەی مردووە. 33 جا چووە ژوورەوە و دەرگاکەی لەسەر خۆی و منداڵەکە داخست، لە یەزدان پاڕایەوە. 34 پاشان چووە سەر جێگاکە و لەسەر کوڕەکە پاڵکەوت، دەمی خستە سەر دەمی و چاوەکانی لەسەر چاوەکانی و دەستەکانی لەسەر دەستەکانی. کە لەسەری درێژ بوو، جەستەی کوڕەکە گەرم داهات. 35 ئینجا ئەلیشەع هەستا و لەناو ژوورەکە دەهات و دەچوو، چووەوە سەر جێگاکە و لەسەر کوڕەکە درێژبووەوە. کوڕەکە حەوت جار پژمی و چاوەکانی کردەوە.

36 ئەلیشەع گێحەزیی بانگکرد و گوتی: «ئەو شونەمییە بانگ بکە.» ئەویش بانگی کرد، کاتێک هاتە ژوورەوە ئەلیشەع پێی گوت: «کوڕەکەت هەڵبگرە.» 37 هات و خۆی هاویشتە بەر پێی، کڕنۆشی برد. پاشان کوڕەکەی هەڵگرت و چووە دەرەوە.

لۆقا 9:1-6

عیسا دوازدە نێردراوەکە دەنێرێ

کاتێک دوازدەکەی[a] بانگکرد، هێز و دەسەڵاتی پێدان بۆ دەرکردنی هەموو ڕۆحە پیسەکان و چاککردنەوەی نەخۆشییەکان، ناردنی تاکو مزگێنی پاشایەتی خودا بدەن و نەخۆش چاک بکەنەوە. پێی فەرموون: «بۆ ڕێگا هیچ هەڵمەگرن، نە گۆچان و نە توورەکە، نە نان و نە پارە، کەسیش دوو کراسی نەبێت. چوونە هەر ماڵێک لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. ئەگەر خەڵکەکەی پێشوازییان لێ نەکردن، لە شارۆچکەکەیان بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.» جا بەڕێکەوتن و بە گوندەکاندا دەگەڕان، مزگێنییان دەدا و لە هەموو لایەک خەڵکیان چاکدەکردەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.