Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 75

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «وێران مەکە»، زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.

75 ئەی خودایە، ستایشت دەکەین،
    ستایشت دەکەین، چونکە ناوت نزیکە،
    خەڵکی باسی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکەن.

تۆ دەفەرمووی: «کات دیار دەکەم،
    بە ڕاستی دادوەری دەکەم.
کە زەوی و هەموو دانیشتووانەکەی دەلەرزن،
    منم کۆڵەکەکانی دەچەسپێنم.[a]
بە لووتبەرزان دەڵێم: ”لووتبەرز مەبن،“
    بە خراپەکاران: ”هێزتان دەرمەخەن.
هێزتان بەرەو ئاسمان دەرمەخەن،
    بە کەللەڕەقی مەدوێن.“»

چونکە نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا،
    نە لە بیابان کەس ناتوانێ مرۆڤ بەرز بکاتەوە،
بەڵکو خودایە دادپەروەری دەکات،
    ئەم نزم دەکات و ئەو بەرز دەکاتەوە.
چونکە جام بەدەستی یەزدانەوەیە،
    پڕە لە مەی ترشاو و تێکەڵ بە داوودەرمان،
لەمە تێدەکات، هەموو بەدکارانی سەر زەوی
    لێی بخۆنەوە و تاوەکو خڵتەکەی بەتاڵی بکەن.

بەڵام من هەتاهەتایە ئەمە ڕادەگەیەنم،
    گۆرانی بۆ خودای یاقوب دەڵێم، کە دەفەرموێت:
10 «هێزی هەموو بەدکارەکان دەڕووخێنم،
    هێزی ڕاستودروستانیش زیاد دەکەم.»

دووەم پاشایان 3:4-20

مێشای پاشای مۆئابیش خاوەنی مەڕوماڵات بوو، سەد هەزار بەرخ و خوری سەد هەزار بەرانی وەک سەرانە دەدایە پاشای ئیسرائیل. بەڵام پاش مردنی ئەحاڤ، پاشای مۆئاب لە پاشای ئیسرائیل یاخی بوو. دەستبەجێ یۆرام پاشا لە سامیرەوە بەڕێکەوت و هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە. هەروەها ئەو پەیامەی بۆ یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نارد: «پاشای مۆئاب لێم یاخی بووە، ئایا لەگەڵم دێیت بۆ ئەوەی لە دژی مۆئاب بجەنگین؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «لەگەڵت دێم، من خۆم وەک تۆ و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.»

لێی پرسی: «لە کام ڕێگاوە بچین؟»

یۆرامیش وەڵامی دایەوە: «لە ڕێگای بیابانی ئەدۆم.»

ئینجا پاشای ئیسرائیل لەگەڵ پاشای یەهودا و پاشای ئەدۆم بەڕێکەوتن. دوای ئەوەی سوپاکە حەوت ڕۆژەڕێ بە ڕێگایەکی ناڕاستەوخۆ بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن، ئاو بۆ خۆیان و ئەو ئاژەڵانەی پێیان بوو نەما.

10 پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «ئاخ! لەبەر ئەوە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە، هەتا بمانداتە دەستی پاشای مۆئاب؟» 11 بەڵام یەهۆشافات گوتی: «ئایا لێرە هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان نییە، هەتا لە ڕێگەی ئەوەوە پرس بە یەزدان بکەین؟»

یەکێک لە ئەفسەرەکانی پاشای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەلیشەعی کوڕی شافات لێرەیە، ئەوەی ئاوی بە دەستەکانی ئەلیاسدا دەکرد.»

12 یەهۆشافات گوتی: «فەرمایشتی یەزدان لەلای ئەوە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافات و پاشای ئەدۆم چوونە خوارەوە بۆ لای ئەو.

13 ئەلیشەع بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «چیمان بەیەکەوە هەیە؟ بڕۆ لای پێغەمبەرەکانی دایک و باوکت.»

پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «نەخێر، چونکە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە هەتا ڕادەستی مۆئابمان بکات.»

14 ئەلیشەعیش گوتی: «بە یەزدانی زیندووی سوپاسالار، ئەوەی دەیپەرستم، ئەگەر ڕێزی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نەبووایە، نە ئاوڕم لێت دەدایەوە و نە سەیرم دەکردیت. 15 بەڵام ئێستا مۆسیقاژەنێکم بۆ بهێنن.»

ئەوە بوو کە مۆسیقاژەنەکە مۆسیقاکەی ژەند، ڕۆحی یەزدان هاتە سەر ئەلیشەع، 16 گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەم دۆڵە پڕ دەکەم لە گۆمی ئاو، 17 چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نە با دەبینن و نە باران، بەڵام ئەم دۆڵە پڕ دەبێت لە ئاو، خۆتان و مەڕوماڵات و ئاژەڵەکانتان لێی دەخۆنەوە. 18 ئەوەش لەلای یەزدان کارێکی ئاسانە، هەروەها مۆئابیش بە دەستتانەوە دەدات. 19 ئێوەش هەموو شارێکی قەڵابەند و هەموو شارۆچکەیەکی سەرەکی سەرەوژێر دەکەن، هەموو دارێکی چاک دەبڕنەوە و هەموو کانیاوەکان کوێر دەکەنەوە، هەموو کێڵگەیەکی چاکیش بە بەرد تێکدەدەن.»

20 بەیانی لە کاتی قوربانی، لەناکاو لە ڕێگای ئەدۆمەوە ئاو هات و خاکەکە پڕ بوو لە ئاو.

ئەفەسۆس 5:6-20

کەس بە قسەی پووچ هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە بەهۆی ئەمانە تووڕەیی خودا دێتە سەر کوڕەکانی یاخیبوون. بۆیە هاوبەشییان مەکەن.

پێشتر ئێوە تاریکی بوون، بەڵام ئێستا ڕووناکین بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەست. وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین، چونکە بەروبوومی ڕووناکی لە هەموو چاکە و ڕاستودروستی و ڕاستییەکدایە، 10 هەروەها بزانن کە چی جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە. 11 بەشداری کرداری تاریکی بێ بەرهەم مەکەن، بەڵکو ئاشکرای بکەن، 12 چونکە ئەو کارانەی بە دزی دەیکەن، تەنانەت ناوهێنانیشی شەرمەزارییە. 13 بەڵام هەموو شتێک لە ڕووناکیدا ئاشکرا بکرێت دەبینرێت، 14 چونکە هەر شتێک ببینرێت ڕووناکییە. بۆیە دەڵێت:

«ئەی نوستوو هەستە،
    لەنێو مردووان هەستەوە،
مەسیح بەسەرتدا دەدرەوشێتەوە.»[a]

15 بۆیە ئاگاداربن چۆن دەژین، نەک وەک نەفام، بەڵکو وەک دانا، 16 کات بقۆزنەوە، چونکە زەمانە بەدکارە. 17 بۆیە گێل مەبن، بەڵکو تێبگەن خواستی مەسیحی باڵادەست چییە. 18 بە شەراب سەرخۆش مەبن کە بەڕەڵایی تێدایە، بەڵکو پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز: 19 لەگەڵ یەکتری بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بدوێن، لە دڵتانەوە گۆرانی و ستران بۆ یەزدان بڵێن، 20 هەموو کاتێک و بۆ هەموو شتێک بە ناوی عیسای مەسیحی گەورەمان سوپاسی خودای باوک بکەن،

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.