Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 77:1-2

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. ئاوازی یەدوتون، زەبوورێکی ئاساف.

77 دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم،
    دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، گوێم لێ بگرە.
لە ڕۆژی تەنگانەم بەدوای پەروەردگاردا دەگەڕێم،
    بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت.
    گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە.

زەبوورەکان 77:11-20

11 کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم،
    بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە.
12 لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و
    بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە.

13 ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە.
    چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟
14 تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و
    هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە.
15 بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە،
    نەوەی یاقوب و یوسف.

16 ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی،
    کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان،
    بگرە قووڵاییەکان هەژان.
17 هەورەکان ئاویان ڕشت،
    هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە،
    هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە.
18 گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول،
    بروسکەکان دنیاییان ڕووناک کردەوە،
    زەوی لەرزی و هەژا.
19 ڕێگات بە ناو دەریادایە،
    ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە،
    شوێن پێیەکانت نەزانران.

20 لەسەر دەستی موسا و هارون،
    وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد.

دووەم پاشایان 1:1-12

حوکمدانی ئەحەزیا لەلایەن یەزدانەوە

پاش مردنی ئەحاڤ، مۆئاب لە ئیسرائیل یاخی بوو. ئەحەزیاش لە پەنجەرەی ژووری سەرەوەی کۆشکەکەی لە سامیرە کەوتە خوارەوە و بریندار بوو، چەند نێردراوێکی نارد و پێی گوتن: «بڕۆن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن بکەن، ئایا لەم بریندارییەم چاک دەبمەوە؟»

فریشتەی یەزدانیش بە ئەلیاسی تیشبی فەرموو: «هەستە سەربکەوە بۆ بینینی نێردراوەکانی پاشای سامیرە و پێیان بڵێ: ”ئایا لەبەر ئەوەی کە لە ئیسرائیل خودا نییە، ئێوە دەچن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن دەکەن؟“ لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت، بە دڵنیاییەوە دەمریت!“» ئینجا ئەلیاس ڕۆیشت.

کاتێک نێردراوەکان گەڕانەوە لای پاشا، پاشا لێی پرسین: «بۆچی گەڕانەوە؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێک بەرەوپیرمان هات، پێی گوتین: ”بڕۆن و بگەڕێنەوە بۆ لای ئەو پاشایەی کە ئێوەی ناردووە و پێی بڵێن، ’یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا لەبەر ئەوەی کە لە ئیسرائیل خودا نییە، ئێوە دەچن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن دەکەن؟ لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت، بە دڵنیاییەوە دەمریت!‘“»

پاشا لێی پرسین: «ئەو پیاوەی بەرەوپیرتان هات و ئەم قسانەی پێ گوتن، شێوەی چۆن بوو؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێکی تووکن بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری بەستبوو.»

ئەویش گوتی: «ئەوە ئەلیاسی تیشبییە.»

ئینجا فەرماندەیەکی لەگەڵ پەنجا سەربازەکەی ناردە لای ئەلیاس، ئەویش چوو بۆ لای ئەلیاس و بینی وا لەسەر لووتکەی کێوێک دانیشتووە، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، پاشا دەڵێت، ”وەرە خوارەوە!“»

10 ئەلیاسیش وەڵامی فەرماندەکەی دایەوە: «ئەگەر من پیاوی خودام، با ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە و خۆت و پەنجا پیاوەکەت بسووتێنێت!» ئینجا ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و خۆی و پەنجا پیاوەکەی سووتاند.

11 دیسان فەرماندەیەکی دیکەی بە پەنجا سەربازەکەیەوە ناردە لای ئەلیاس، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، پاشا دەڵێت: ”پەلە بکە و وەرە خوارەوە!“»

12 ئەلیاسیش وەڵامی دایەوە و پێی گوتن: «ئەگەر من پیاوی خودام، با ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە و خۆت و پەنجا پیاوەکەت بسووتێنێت!» ئینجا ئاگری خودا لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و خۆی و پەنجا پیاوەکەی سووتاند.

گەلاتیا 4:8-20

سەرسوڕمانی پۆڵس

بەڵام لەو کاتەیدا خوداتان نەدەناسی، کۆیلەی ئەوانە بوون کە بە سروشت خودا نین. بەڵام ئێستا خودا دەناسن، ڕاستتریش لەلای خوداوە ناسران، ئایا چۆن دیسان دەگەڕێنەوە لای بنەما سەرەکییە لاواز و هەژارەکان؟ ئایا دەتانەوێ سەرلەنوێ ببنەوە کۆیلەی ئەوانە؟ 10 ئایا بایەخ بە ڕۆژ و مانگ و وەرزی تایبەت و ساڵان دەدەن؟ 11 دەترسم بەخۆڕایی لە پێناوتان ماندووبووبم.

12 خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، وەکو من بن، چونکە من خۆم وەکو ئێوەم لێهات. هەڵەتان لەگەڵم نەکردووە. 13 هەروەک دەزانن بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە بوو کە یەکەم جار مژدەم پێدان، 14 نەخۆشییەکەم تاقیکردنەوەیەکی ئاسان نەبوو بۆتان، بەڵام بە چاوێکی سووک سەیرتان نەکردم و ڕقتان لێم نەبووەوە، بەڵکو وەک فریشتەی خودا، وەک عیسای مەسیح پێشوازیتان لێکردم. 15 ئەو خۆشییەتان چی بەسەرهات؟ چونکە شایەتیتان بۆ دەدەم ئەگەر بتانتوانیایە چاوی خۆتان دەردەهێنا و دەتاندامێ. 16 ئایا ئێستا بوومە دوژمنی ئێوە، چونکە ڕاستیتان پێ دەڵێم؟

17 ئەوانە دڵگەرمن بۆ ئێوە، نیازیان باش نییە، بەڵکو دەیانەوێت بتانترازێنن تاکو بۆ ئەوان دڵگەرم بن. 18 دڵگەرمی شتێکی باشە، ئەگەر هەموو کاتێک بە مەبەستێکی پاک بێت، نەک تەنها ئەو کاتەی من لەگەڵتان بم. 19 ڕۆڵە خۆشەویستەکانم، جارێکی دیکە لە پێناوتاندا ژانی منداڵبوون دەچێژم، هەتا وێنەی مەسیح لە ژیانتاندا بەرجەستە دەبێت، 20 بەڵام دەمویست ئێستا لەگەڵتان بم، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دیکە لەگەڵتان بدوێم، چونکە سەرم لە ئێوە سوڕماوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.