Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 59

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داودە، کاتێک شاول پیاوی نارد بۆ ئەوەی چاودێری ماڵی داود بکەن و بیکوژن.

59 ئەی خودای من، فریام بکەوە لە دەست دوژمنەکانم،
    بمپارێزە لە بەرهەڵستکارانم.
فریام بکەوە لە دەست خراپەکاران،
    ڕزگارم بکە لە دەست خوێنڕێژان.

ببینە چۆن خۆیان بۆم مات داوە!
    ئەی یەزدان، زۆرداران گەمارۆیان داوم،
    بەبێ ئەوەی تاوان و گوناهم کردبێ.
هەرچەندە هەڵەم نەکردووە، ئامادەن بۆ پەلاماردانم.
    ڕاپەڕە بۆ فریاکەوتنم، بڕوانە گرفتەکەم!
تۆ ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل،
    هەستە بۆ سزادانی هەموو نەتەوەکان،
    لەگەڵ خیانەتکارە بەدکارەکان میهرەبان مەبە.[a]

دەمەو ئێوران دەگەڕێنەوە،
    وەک سەگ دەمڕێنن و
    بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.
ئەوەتا تاڵاو لە دەمیانە و
    شمشێر لە لێویانە،
    دەڵێن: «کێ گوێی لێمان دەبێت؟»
بەڵام تۆ ئەی یەزدان، پێیان پێدەکەنیت،
    گاڵتە بە هەموو نەتەوەکان دەکەیت.

ئەی هێزی من، چاوەڕێی تۆ دەکەم،
    ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت.

10 خودا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دێتە لام،
    سەرکەوتنم نیشان دەدات بەسەر دوژمنەکانم.
11 ئەی پەروەردگار، قەڵغانی ئێمە، مەیانکوژە،
    ئەگینا گەلی من لەبیریان دەچێت.
بە هێزی خۆت دەربەدەریان بکە و
    بەریان بدەوە.
12 لەبەر گوناهەکانی دەمیان،
    لەبەر وتەکانی لێویان،
    با گرفتاری لووتبەرزی خۆیان بن.
لەبەر ئەو درۆ و نەفرەتانەی کردوویانە،
13     لە تووڕەییدا بیانفەوتێنە،
    بیانفەوتێنە هەتا نەمێنن.
ئەوسا دەزانن کە خودا فەرمانڕەوایەتی یاقوب دەکات،
    هەتا ئەوپەڕی زەوی.

14 دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە،
    وەک سەگ دەمڕێنن و
    بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.
15 بەدوای خواردندا وێڵ دەبن،
    دەوەڕن ئەگەر تێر نەبن.
16 بەڵام من سروود بەسەر هێزی تۆدا دەڵێم،
    بەیانییان گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتدا دەڵێم،
چونکە تۆ قەڵای منیت،
    لە ڕۆژی تەنگانەدا پەناگای منیت.

17 ئەی هێزی من، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێم،
    ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆتم بۆ دەردەخەی.

دووەم پاشایان 9:1-13

دەستنیشانکردنی یێهو وەک پاشای ئیسرائیل

ئەلیشەع پێغەمبەر ئەندامێکی لە کۆمەڵی پێغەمبەرەکان بانگکرد و پێی گوت: «کەواکەت لە ناوقەدت ببەستە و گۆزەیەک زەیت لەگەڵ دەستت هەڵبگرە و بڕۆ ڕامۆتی گلعاد. کە گەیشتییە ئەوێ بەدوای یێهوی کوڕی یەهۆشافاتی کوڕی نیمشیدا بگەڕێ، لەنێو براکانی هەڵیبستێنە و بە تەنها لە ژوورەکەوە بیبە بۆ ژوورێکی دیکە. پاشان گۆزە زەیتەکە بگرە و بەسەر سەریدا بکە و بڵێ، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشانم کردیت.“ ئینجا دەرگاکە بکەرەوە و هەڵێ و چاوەڕێ مەکە!»

ئیتر خزمەتکارەکە، واتە خزمەتکاری پێغەمبەرەکە چوو بۆ ڕامۆتی گلعاد. کاتێک گەیشت، بینی وا ئەفسەرەکانی سوپا پێکەوە دانیشتوون. گوتی: «ئەی سەرکردە، قسەیەکم بۆ تۆ پێیە.»

یێهو لێی پرسی: «بۆ کامەمان؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «بۆ تۆ، ئەی سەرکردە.»

یێهو هەستا و چووە ماڵەکە. پێغەمبەرەکە زەیتەکەی بە سەری یێهودا کرد و پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرمووە: ”وەک پاشا دەستنیشانم کردوویت بۆ گەلی یەزدان، بۆ ئیسرائیل. لە بنەماڵەی ئەحاڤی گەورەشت دەدەیت، تۆڵەی خوێنی بەندە پێغەمبەرەکانم و خوێنی هەموو بەندەکانی یەزدان لە ئیزابێل دەکەمەوە. هەموو بنەماڵەی ئەحاڤ لەناودەبردرێت. هەموو نێرینەیەک لە ئەحاڤ، کۆیلە و ئازاد، لە ئیسرائیل ڕیشەکێش دەکەم. بنەماڵەی ئەحاڤیش وەک بنەماڵەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و بنەماڵەی بەعشای کوڕی ئاحییا لێ دەکەم. 10 ئیزابێلیش لە زەوییەکەی یەزرەعیل سەگ دەیخوات و کەسیش نابێت بینێژێت.“» ئینجا دەرگاکەی کردەوە و هەڵات.

11 کاتێک یێهو چووە دەرەوە بۆ لای برا ئەفسەرەکانی، لێیان پرسی: «خێرە، ئەو شێتە بۆ چی هاتە لات؟»

یێهو وەڵامی دایەوە: «ئێوە پیاوەکە دەناسن و دەشزانن چ قسەیەک دەکات.»

12 ئەوانیش گوتیان: «ئەوە ڕاست نییە! ئینجا پێمان بڵێ.»

یێهو گوتی: «ئەوەی پێ گوتم: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: دەستنیشانم کردوویت بە پاشای ئیسرائیل.“»

13 هەریەکە و بە پەلە کەواکەی داکەند و لەژێر پێی یێهو لەسەر پایەکانی پێپلیکانەکە ڕایانخست. فوویان بە کەڕەنادا کرد و هاواریان کرد، «یێهو پاشایە!»

یەکەم کۆرنسۆس 1:18-31

مەسیح دانایی و توانای خودایە

18 پەیامی خاچ بۆ لەناوچووان گێلایەتییە، بەڵام بۆ ئێمەی ڕزگاربووان هێزی خودایە. 19 لەبەر ئەوەی نووسراوە:

[دانایی داناکان لەناودەبەم،
    تێگەیشتنی تێگەیشتووان بەلاوە دەنێم.][a]

20 کوا دانا؟ کوا مامۆستای تەورات؟ کوا کەسی بە دەموزاری ئەم دنیایە؟ ئایا خودا دانایی ئەم جیهانەی نەکردووەتە گێلایەتی؟ 21 خودا بە دانایی خۆی، مەبەستی بوو کە خەڵک بیناسێت، نەک لە ڕێگەی دانایی جیهانەوە، بەڵکو خودا ویستی لە ڕێگەی مزگێنییەوە باوەڕداران ڕزگار بکات، ئەو مزگێنییەی خەڵکانێک بە گێلایەتی دەزانن. 22 جولەکە داوای نیشانە دەکەن و یۆنانی هەوڵی دانایی دەدەن، 23 بەڵام ئێمە مەسیحی لەخاچدراو جاڕدەدەین، بۆ جولەکە کۆسپە و بۆ نەتەوەکان گێلایەتییە، 24 بەڵام بۆ بانگکراوان، جولەکە و ناجولەکە، مەسیح هێزی خودا و دانایی خودایە، 25 چونکە گێلایەتی خودا لە مرۆڤ داناترە، لاوازی خودا لە مرۆڤ بەهێزترە.

26 ئەی خوشک و برایان، بیربکەنەوە چۆن بوون کاتێک خودا بانگی کردن. بەپێی پێوانە مرۆییەکان کەمتان دانا بوون، هەروەها کەم کەستان توانادار و لە بنەماڵەی ناودار بوون. 27 بەڵام خودا ئەوانەی هەڵبژارد کە بەلای جیهانەوە گێلن، تاکو داناکان شەرمەزار بن، لاوازەکانی هەڵبژارد تاکو بەهێزەکان شەرمەزار بن. 28 خودا پایەنزمەکانی جیهان و ڕق لێبووەوە و ئەوانەی هەڵبژارد کە هیچ نەبوون، تاکو ئەوانە لەناوببات کە خۆیان بە شت دەزانن، 29 تاکو هیچ مرۆڤێک[b] لەبەردەم خودا شانازی نەکات. 30 بەڵام ئێوە بەهۆی خوداوە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونە یەک، کە خودا بۆ ئێمەی کرد بە دانایی و ڕاستودروستی و پیرۆزکردن و کڕینەوە.[c] 31 تاکو وەک ئەوەی نووسراوە: [ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.][d]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.