Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 8

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a].

زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
    ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!

تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان.
بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران
    هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت،
    هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە.
کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم،
    کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە،
    مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون،
مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
    کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟

کەمێک لە فریشتەکانت[b] بە کەمتر دانا و
    تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری.
دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا،
    تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو:
هەموو مەڕ و مانگاکان،
    هەروەها ئاژەڵی کێوی،
باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و
    هەرچی لەناو دەریادا دەژی.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
    ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!

پەندەکانی سلێمان 3:19-26

19 یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند،
    بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند.
20 بە زانیاری ئەو قووڵاییەکان شەقبوون،
    هەورەکان شەونمیان دڵۆپاند.

21 ڕۆڵە، دەست بە دانایی تەواو و سەلیقەوە بگرە،
    ئەمانە لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە،
22 دەبنە ژیان بۆ تۆ،
    ملوانکە بۆ جوانی گەردنت.
23 ئەوسا بە ئاسوودەیی بە ڕێگای خۆتدا دەڕۆیت و
    ساتمە ناکەیت و ناکەویت.
24 کاتێک ڕادەکشێیت بێ ترسیت،
    ڕادەکشێیت و خەوت خۆش دەبێت.
25 نە لە بەڵای کتوپڕ دەترسیت و
    نە لە ماڵی بەدکاران کە وێران دەبێت،
26 چونکە یەزدان دەبێتە پشتیوانت و
    پێت لە پێوەبوون دەپارێزێت.

ئەفەسۆس 4:1-6

یەک جەستە و یەک ڕۆح

منی بەندکراو لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆ لێتان دەپاڕێمەوە بە شێوەیەک بژین شایانی ئەم بانگەوازە بێت کە پێی بانگکراون. بەوپەڕی بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتنەوە، بە خۆشەویستی بەرگەی یەکتری بگرن. تێکۆشەر بن بۆ پاراستنی یەکێتی ڕۆحی پیرۆز بە پشتێنی ئاشتی. هەروەک یەک جەستە و یەک ڕۆح هەیە، بۆ یەک هیوای بانگەوازەکەتان کە بانگکران، یەک مەسیحی خاوەن شکۆ، یەک باوەڕ، یەک لەئاوهەڵکێشان، یەک خودا، باوکی هەمووانە، گەورەی هەمووانە، لەناو ناخی هەموواندا کار دەکات و لەنێو هەموواندایە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.