Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 48

گۆرانییەک، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

48 یەزدان مەزنە و شایانی هەموو ستایشێکە،
    لە شاری خودامان، لە کێوی پیرۆزی خۆی.

کێوی سییۆن جوانە لە بەرزاییدا،
    خۆشی هەموو زەوییە،
وەک لووتکەی شاخی چافۆن[a]،
    شاری پاشای گەورەیە[b].
خودا لەناو قەڵاکانی
    وەک پەناگایەک ناسراوە.

ئەوەتا پاشاکان هێزیان کۆکردەوە،
    ئەوەتا پێکەوە هاتنە پێشەوە،
کە بینییان تاسان،
    بە ترسەوە هەڵاتن.
لەوێ لەرزیان لێهات،
    ژانیان گرت، وەک ژن لە کاتی منداڵبوون.
وەک کەشتییەکانی تەرشیش[c] تێکت شکاندن،
    بە بای ڕۆژهەڵات تەفروتونات کردن.

هەروەک بیستمان،
    ئاواش بینیمان
لە شاری یەزدانی سوپاسالار،
    لە شاری خودامان:
    «خودا هەتاهەتایە دەیچەسپێنێت.»[d]

ئەی خودایە، لە ناوەندی پەرستگاکەت
    بیر لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکەینەوە.
10 ئەی خودایە، وەک ناوت
    ستایشت دەگاتە ئەوپەڕی زەوی،
    دەستە ڕاستت پڕە لە ڕاستودروستی.
11 کێوی سییۆن شادمان دەبێت،
    کچانی[e] یەهودا دڵخۆش دەبن
    بەهۆی دادوەرییەکانت.

12 بە دەوری سییۆندا بگەڕێن، بە دەوریدا بسووڕێنەوە،
    قوللەکانی بژمێرن،
13 لە شووراکانی وردبنەوە،
    بڕواننە قەڵاکانی،
    هەتا بۆ نەوەی داهاتووی باس بکەن.

14 هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە،
    تاکو مردنیش ئەو ڕابەرمانە.

سەرژمێری 24:1-14

24 کاتێک بەلعام بینی لەبەرچاوی یەزدان پەسەندە کە ئیسرائیل بەرەکەتدار بکات، وەک جاری یەکەم و دووەم بەڕێ نەکەوت بۆ جادووگەری، بەڵکو ڕووی لە چۆڵەوانی کرد. کاتێک بەلعام چاوی هەڵبڕی نەوەی ئیسرائیلی بینی هۆز لەتەنیشت هۆز چادریان هەڵداوە، ڕۆحی خوداش هاتە سەری، ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

«پەیامەکەی بەلعامی کوڕی بەعۆر،
    پەیامەکەی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،
پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە،
    ئەوەی خودای هەرە بە توانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات،
    ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاو کراوەیە:

«چادرەکانت چەند جوانە ئەی یاقوب،
    نشینگەکانت ئەی ئیسرائیل!

«وەک ئەو دۆڵانەی درێژ بوونەتەوە،
    وەک باخچەی کەناری ڕووبار،
وەک ئەو درەختە ئەلوایانەی[a] کە یەزدان چاندبێتی،
    وەک ئورزی قەراغی ئاو،
گۆزەکانی ئاویان لێ دەڕژێت و
    تۆوی ئەوان لەسەر ئاوی زۆر دەبێت.

«پاشای لە ئەگاگ باڵاتر دەبێت و
    شانشینەکەی پایەدار دەبێت.

«خودا لە میسر دەریهێنان،
    وەک شاخی گای کێوییە بۆیان،
ئەو نەتەوانەی ناحەزی دەکەن دەیانخۆن و
    ئێسکیان تێکدەشکێنن و
    بە تیرەکانیان دەیانبڕن.
خۆیان وەک شێر ماتداوە و ڕاکشاون،
    وەک شێرە مێ، کێ هەڵیاندەستێنێت؟

«بەرەکەتدار بن ئەوانەی بەرەکەتدارتان دەکەن،
    نەفرەت لێکراو بن ئەوانەی نەفرەتتان لێ دەکەن.»

10 ئینجا تووڕەیی بالاق بەسەر بەلعامەوە گڕی گرت، چەپڵەی لێدا و بە بەلعامی گوت: «بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنەکانم بانگم کردوویت، کەچی تۆ سێ جار داوای بەرەکەتت بۆ کردن، 11 ئێستاش بگەڕێوە شوێنی خۆت، گوتم پاداشتێکی گەورەت دەکەم، بەڵام یەزدان ڕێگری لێ کردیت کە پاداشتەکەت وەربگریت.»

12 بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەی من بە نێردراوەکانتم نەگوت کە بۆ لای منت ناردبوون، 13 ”ئەگەر بالاق بە پڕی خانووەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدان دەربچم، بۆ ئەوەی لە خۆمەوە چاکەیەک یان خراپەیەک بکەم، ئەوەی یەزدان بیڵێت ئەوە دەڵێم؟“ 14 ئێستاش وا من بۆ لای گەلەکەم بەڕێ دەکەوم، بەڵام وەرە با پێت بڵێم کە ئەم گەلە لە دوارۆژدا چی لە گەلەکەت دەکات.»

لۆقا 1:26-38

مژدەی لەدایکبوونی عیسا

26 کاتێک ئەلیسابات سکی شەش مانگ‏‏ بوو، خودا جبرائیلی فریشتەی نارد بۆ شارێک لە ناوچەی جەلیل کە ناوی ناسیرە بوو، 27 بۆ لای پاکیزەیەکی مارەبڕاو لە پیاوێک لە بنەماڵەی داود کە ناوی یوسف بوو، ناوی پاکیزەکەش مریەم بوو. 28 جبرائیل هاتە لای مریەم و گوتی: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی نیعمەتی خودات بەسەردا ڕژاوە، یەزدانت لەگەڵدایە.»

29 بەڵام ئەو بە پەیامەکە زۆر شێوا و بیری کردەوە، دەبێت ئەمە چ جۆرە سڵاوێک بێت. 30 فریشتەکە پێی گوت: «مەترسە مریەم، چونکە لەلای خودا ڕەزامەندیت بەدەستهێنا. 31 ئەوەتا سکت دەبێت و کوڕێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا. 32 پایەبەرز دەبێت و بە کوڕی خودای هەرەبەرز ناودەبردرێت، خودای پەروەردگاریش تەختی داودی باوکی پێدەداتەوە. 33 هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاقوب دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت.»

34 بەڵام مریەم بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، کە من هێشتا پاکیزەم؟»

35 فریشتەکە وەڵامی دایەوە: «ڕۆحی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز دەبێتە سایەی سەرت. لەبەر ئەوە ئەو پیرۆزەی لێت دەبێت بە کوڕی خودا ناودەبردرێت. 36 ئەوەتا ئەلیساباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوەی پێیان دەگوت نەزۆک سکی شەش مانگە، 37 چونکە هیچ شتێک لەلای خودا مەحاڵ نییە.»

38 مریەم گوتی: «ئەوەتا من کارەکەری یەزدانم. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی.» فریشتەکەش بەجێی هێشت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.