Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 48

گۆرانییەک، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

48 یەزدان مەزنە و شایانی هەموو ستایشێکە،
    لە شاری خودامان، لە کێوی پیرۆزی خۆی.

کێوی سییۆن جوانە لە بەرزاییدا،
    خۆشی هەموو زەوییە،
وەک لووتکەی شاخی چافۆن[a]،
    شاری پاشای گەورەیە[b].
خودا لەناو قەڵاکانی
    وەک پەناگایەک ناسراوە.

ئەوەتا پاشاکان هێزیان کۆکردەوە،
    ئەوەتا پێکەوە هاتنە پێشەوە،
کە بینییان تاسان،
    بە ترسەوە هەڵاتن.
لەوێ لەرزیان لێهات،
    ژانیان گرت، وەک ژن لە کاتی منداڵبوون.
وەک کەشتییەکانی تەرشیش[c] تێکت شکاندن،
    بە بای ڕۆژهەڵات تەفروتونات کردن.

هەروەک بیستمان،
    ئاواش بینیمان
لە شاری یەزدانی سوپاسالار،
    لە شاری خودامان:
    «خودا هەتاهەتایە دەیچەسپێنێت.»[d]

ئەی خودایە، لە ناوەندی پەرستگاکەت
    بیر لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکەینەوە.
10 ئەی خودایە، وەک ناوت
    ستایشت دەگاتە ئەوپەڕی زەوی،
    دەستە ڕاستت پڕە لە ڕاستودروستی.
11 کێوی سییۆن شادمان دەبێت،
    کچانی[e] یەهودا دڵخۆش دەبن
    بەهۆی دادوەرییەکانت.

12 بە دەوری سییۆندا بگەڕێن، بە دەوریدا بسووڕێنەوە،
    قوللەکانی بژمێرن،
13 لە شووراکانی وردبنەوە،
    بڕواننە قەڵاکانی،
    هەتا بۆ نەوەی داهاتووی باس بکەن.

14 هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە،
    تاکو مردنیش ئەو ڕابەرمانە.

حزقیێل 11:14-25

14 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 15 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی ئۆرشەلیم سەبارەت بە براکانت، خزمەکانی خۆت و هەموو ڕاپێچکراوانی گەلی ئیسرائیل، گوتیان: ”ئەوان لە یەزدان دوورکەوتنەوە، لەبەر ئەوە یەزدان خاکەکەی بە میرات بە ئێمە بەخشی.“

بەڵێنی کۆکردنەوەی ئیسرائیل

16 «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکانیش دوورم خستبنەوە و بەناو خاکەکاندا پەرتەوازەم کردبن، بۆ ماوەیەکی کەم بۆ ئەوان بووم بە پەناگایەکی پیرۆز لەو خاکانەی کە بۆی چوون.“

17 «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لەنێو گەلان کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئەو خاکانەی تێیدا پەرتەوازە بوونە دەتانگەڕێنمەوە و خاکی ئیسرائیلتان پێدەدەمەوە.“

18 «بۆ ئەوێ دەگەڕێنەوە و هەموو وێنەیەکی قێزەون و بتێکی گڵاوی لێ دادەماڵن. 19 یەک دڵیان دەدەمێ، ڕۆحێکی تازە دەخەمە ناویانەوە. ئەو دڵە بەردینەیان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینیان دەدەمێ، 20 بۆ ئەوەی ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاری پێ بکەن، ببن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. 21 بەڵام ئەوانەی دڵیان بەدوای وێنەی قێزەون و بتی گڵاو کەوتووە، من کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

22 ئینجا کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و چەرخەکانیش لەگەڵیان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو. 23 شکۆمەندی یەزدان لەسەر ناوەڕاستی شارەکە بەرزبووەوە و لەسەر ئەو کێوە ڕاوەستا کە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەیە. 24 ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و لە بینیندا منی هێنایە خاکی بابلییەکان بۆ لای ڕاپێچکراوەکان.

لێرەدا ئەو بینینە لەبەرچاوم نەما، 25 ئیتر هەموو ئەوەی یەزدان پیشانی دام بە ڕاپێچکراوەکانم ڕاگەیاند.

یەکەم کۆرنسۆس 2:12-16

12 ئێمەش ڕۆحی جیهانمان وەرنەگرتووە، بەڵکو ئەو ڕۆحەی لە خوداوەیە، تاکو لەو شتانە تێبگەین کە خودا بەخۆڕایی پێی بەخشیوین. 13 ئەوەی باسی دەکەین لە دانایی مرۆڤەوە نەهاتووە، بەڵکو لە فێرکردنی ڕۆحەوە هاتووە، بەم شێوەیە فێرکردنی ڕۆحی بۆ کەسانی ڕۆحانی لێکدەدرێتەوە. 14 بەڵام کەسی سروشتی ئەوەی هی ڕۆحی خودایە وەریناگرێت، چونکە لەلای ئەو گێلایەتییە و ناتوانێت بیانزانێت، چونکە بە ڕۆح جیا دەکرێنەوە. 15 کەسی ڕۆحانی هەموو شتێک هەڵدەسەنگێنێت، کەچی کەس ناتوانێت ئەو هەڵبسەنگێنێت.

16 [کێ بیری یەزدانی زانی،
    کێ فێری دەکات؟][a]

بەڵام ئێمە بیری مەسیحمان هەیە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.