Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
24 ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!
هەموویت بە دانایی دروستکردووە،
زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
25 ئەم دەریا گەورە و فراوانە،
کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.
26 لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن،
لیڤیاتان[a]، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.
27 ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە،
بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،
28 پێیان دەدەیت و دەیقۆزنەوە،
دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.
29 ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن،
هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن،
دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
30 کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت،
ئەوان بەدیهێنراون،
ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.
31 با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت،
با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
32 ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت،
دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.
33 بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم،
تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.
34 با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای،
منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.
35 بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،
با بەدکاران ئیتر نەمێنن.
ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
هەلیلویا![a]
11 ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان، بلەرزن!
ئەی کیژە دڵنیاکان لەرز بتانگرێت!
جلتان دابکەنن و خۆتان ڕووت بکەنەوە،
گوش لە کەمەرتان ببەستن.
12 لە سنگی خۆتان بدەن بۆ کێڵگە بەردارەکان،
بۆ ڕەزی بەردار،
13 بۆ خاکی گەلەکەم
دڕکوداڵ دەڕوێت،
بەڵێ، بۆ هەموو ماڵە شادەکان،
بۆ شارە گەشاوەکە.
14 بێگومان کۆشک چۆڵ دەکرێت،
شاری قەرەباڵغ چۆڵ دەبێت،
قەڵا و قوللەی چاودێری لەگەڵ زەوی تەخت دەبن بۆ هەتاهەتایە،
دەبن بە سەیرانگای کەرەکێوییەکان، لەوەڕگا بۆ مێگەلەکان،
15 بۆ ئەوەی لە بەرزاییەوە ڕۆحی خودا بەسەرماندا بڕژێت،
جا چۆڵەوانی دەبێت بە باخ و
باخیش بە دارستان دادەنرێت.
16 جا دادپەروەری لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبێت و
ڕاستودروستیش لەناو باخ دادەنیشێت.
17 جا ئەنجامدانی ڕاستودروستی ئاشتی دەبێت و
کاری ڕاستودروستیش ئارامی و ئاسوودەیی هەتاهەتایی.
ڕۆح و جەستە
16 پێتان دەڵێم: بە ڕۆحی پیرۆز بژین، ئارەزووی سروشتی دنیایی تێر مەکەن، 17 چونکە ئارەزووی سروشتی دنیایی لە دژی ڕۆحەکەیە، ڕۆحەکەش لە دژی سروشتی دنیاییە. هەریەکەیان بەربەرەکانێی ئەوی دیکە دەکات، تاکو ئەوە نەکەن کە دەتانەوێت. 18 بەڵام ئەگەر ئێوە بە ڕۆحەکە بەڕێوەتان ببات، ئەوا لەژێر سایەی شەریعەتدا نین.
19 ئێستا کردەوەکانی سروشتی دنیایی مرۆڤ ڕوونن، ئەوانیش: داوێنپیسی، گڵاوی، بەڕەڵایی، 20 بتپەرستی، جادووگەری، دوژمنایەتی، یاخیبوون، دڵپیسی، تووڕەبوون، خۆپەرستی، دووبەرەکی، ناکۆکی، 21 چاوپیسی، سەرخۆشی، ڕابواردن، شتی دیکەی وەک ئەمانە، ئاگادارتان دەکەمەوە، وەک پێشتر ئاگادارم کردوونەتەوە: ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن نابنە میراتگری شانشینی خودا.
22 بەڵام بەروبوومی ڕۆحی پیرۆز ئەمەیە: خۆشەویستی، خۆشی، ئاشتی، ئارامگرتن، نیانی، چاکە، دڵسۆزی، 23 دڵنەرمی و بەسەرخۆدا زاڵبوون. شەریعەت نییە لە دژی ئەمانە بێت. 24 بەڵام ئەوانەی هی عیسای مەسیحن سروشتی دنیاییان لەگەڵ حەز و ئارەزووەکانیان لە خاچ داوە. 25 ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز بژین، با هەنگاوەکانی ڕۆحەکەش بپارێزین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.