Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 29

زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».

29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
    ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
    کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.

دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
    خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
    یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
دەنگی یەزدان بە هێزە،
    دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
    یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
    حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
    بە بروسکە و تریسکەوە.
دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
    یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
    دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»

10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
    یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
    یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.

حزقیێل 3:12-21

12 ڕۆحی خودا هەڵیگرتم، کاتێک شکۆمەندی یەزدان لەو شوێنە بەرز دەبووەوە کە تێیدا ڕاوەستابوو لە پشتمەوە گرمەیەک بەرزبووەوە. 13 ئەمەش دەنگی باڵی گیانلەبەرەکان بوو کە هەریەکە و بەوەی تەنیشتی دەکەوت، هەروەها دەنگی چەرخەکان، دەنگی گرمەیەکی گەورە بوون. 14 جا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی برد. هێزی یەزدانیش ناچاری کردم، منیش بە ڕۆحێکی تاڵ و تووڕەییەوە ڕۆیشتم. 15 ئیتر هاتمە لای ئەو ڕاپێچکراوانەی لە تێل‌ئاڤیڤ لەلای نۆکەندی کەڤار نیشتەجێ بوون. حەوت ڕۆژ بە سەرسوڕماوی لەوێ نیشتەجێ بووم.

دانانی حزقیێل بە چاودێر

16 دوای حەوت ڕۆژەکە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 17 «ئەی کوڕی مرۆڤ، من تۆم کردووە بە چاودێر بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلەوە، جا وشەکە لە دەمی منەوە ببیستە و لەلایەن منەوە ئاگاداریان بکەرەوە. 18 کاتێک بە بەدکار دەڵێم: ”سزاکەت مردنە“ و تۆش ئاگادارت نەکردەوە و قسەت نەکرد وەک ئاگادارکردنەوە بۆ بەدکار لە ڕێگا خراپەکانی بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە، ئەو بەدکارە بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی تۆ. 19 بەڵام ئەگەر تۆ بەدکارەکە ئاگادار بکەیتەوە و لە بەدکاری خۆی و لە ڕێگا خراپەکەی نەگەڕێتەوە، ئەوا بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام تۆ خۆتت ڕزگار کردووە.

20 «ئەگەر کەسی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان بکات، کۆسپ دەخەمە ڕێگای و دەمرێت. لەبەر ئەوەی ئاگادارت نەکردەوە گوناهەکەی دەبێتە هۆی مردنی و ئەو ڕاستودروستییەی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێت، خوێنەکەشی دەخەمە ئەستۆی تۆ. 21 بەڵام ئەگەر تۆ کەسی ڕاستودروستەکەت ئاگادار کردەوە لەوەی ڕاستودروستەکە گوناه بکات و گوناهی نەکرد، ئەوا دەژیێت، چونکە ئاگادار کرایەوە و تۆش خۆتت ڕزگار کردووە.»

لۆقا 9:18-27

پەترۆس دان بە مەسیحدا دەنێت

18 کاتێک عیسا بە تەنها نوێژی دەکرد، قوتابییەکان لەگەڵی بوون، لێی پرسین: «خەڵکەکە دەڵێن من کێم؟»

19 وەڵامیان دایەوە: «یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش ئەلیاس، خەڵکی دیکەش دەڵێن کە یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆنە زیندووبووەتەوە.»

20 پێی فەرموون: «ئەی ئێوە، دەڵێن من کێم؟»

پەترۆس وەڵامی دایەوە: «مەسیحی[a] خودا.»

21 ئەویش ئاگاداری کردنەوە و ڕایسپاردن ئەمە بە کەس نەڵێن.

باسی مردن و هەستانەوەی عیسا

22 هەروەها فەرمووی: «کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.»

23 ئینجا بە هەمووانی فەرموو: «ئەگەر یەکێک ویستی دوام بکەوێت، با نکۆڵی لە خۆی بکات و ڕۆژانە خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت، 24 چونکە ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات[b]. 25 چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە، بەڵام خۆی بدۆڕێنێت یان خۆی لە دەست بدات؟ 26 ئەوەی شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت، کاتێک بە شکۆی خۆی و باوک و فریشتە پیرۆزەکانەوە دێتەوە. 27 بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون مردن ناچێژن تاکو شانشینی خودا دەبینن.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.