Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
97 یەزدان پاشایەتی دەکات، با زەوی دڵخۆش بێت،
دوورگە زۆرەکان شادمان بن.
2 هەور و تەم لە دەوروپشتی ئەوە،
ڕاستودروستی و دادپەروەری بنچینەی تەختی ئەوە.
3 ئاگر لەپێشیەوە،
دوژمنەکانی دەوروبەری دەسووتێنێت.
4 بروسکەکانی جیهان ڕووناک دەکەنەوە،
زەوی چاوی پێکەوت و لەرزی.
5 چیاکان وەک مۆم لەبەردەم یەزدان توانەوە،
لەبەردەم یەزدانی هەموو زەوی.
6 ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،
هەموو گەلان شکۆمەندی ئەویان بینی.
7 ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن،
ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن.
ئەی هەموو خوداوەندەکان، کڕنۆشی بۆ ببەن.
8 سییۆن بیستی و شادمان بوو،
کچانی یەهودا دڵخۆش بوون،
بە حوکمەکانت، ئەی یەزدان.
9 چونکە ئەی یەزدان، لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی.
لەسەر هەموو خوداوەندەکان زۆر بەرزبوویتەوە.
10 دۆستانی یەزدان ڕقیان لە بەدکاری دەبێتەوە،
گیانی خۆشەویستانی دەپارێزێت،
لە دەست خراپەکاران دەربازیان دەکات.
11 ڕووناکی بۆ ڕاستودروستان چێنراوە،
شادی بۆ دڵڕاستەکان.
12 ئەی ڕاستودروستان، بە یەزدان شاد بن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
بەرزکردنەوەی عیسا بۆ ئاسمان
1 بەڕێز ساوفیلۆس، لە پەڕتووکی یەکەممدا دەربارەی هەموو ئەوەی کە عیسا دەستی کرد بە ئەنجامدان و فێرکردنی نووسیومە، 2 هەتا ئەو ڕۆژەی تێیدا بەرزکرایەوە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز ئەو نێردراوانەی ڕاسپارد کە هەڵیبژاردن. 3 دوای ئازار چێژتنی بە چەندین بەڵگە بە زیندوویی خۆی پیشاندان، لە ماوەی چل ڕۆژدا بۆیان دەرکەوت و سەبارەت بە شانشینی خودا بۆیان دوا. 4 کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، ڕایسپاردن: «ئۆرشەلیم بەجێمەهێڵن، بەڵکو چاوەڕێی بەڵێنەکەی باوک بکەن کە لە منەوە بیستتان. 5 یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن[a].»
6 ئەوانەی پێکەوە کۆببوونەوە لێیان پرسی: «ئەی خاوەن شکۆ، لەم کاتەدا پاشایەتی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێنیتەوە؟»
7 وەڵامی دانەوە: «بۆتان نییە ئەو کات و سەردەمانە بزانن کە باوک بە دەسەڵاتی خۆی دایناون. 8 بەڵام کاتێک ڕۆحی پیرۆزتان دێتە سەر، هێز وەردەگرن و بۆ من دەبنە شایەت، لە ئۆرشەلیم و هەموو یەهودیا و سامیرە، تاکو ئەوپەڕی زەوی.»
9 ئەمەی فەرموو و ئەوانیش تەماشایان دەکرد، بەرزکرایەوە، هەورێک لەبەرچاویان شاردییەوە.
10 کاتێک ئەو دەڕۆیشت، ئەوان سەرنجیان لە ئاسماندا بوو، ئەوە بوو دوو پیاو بە جلی سپییەوە لەلایانەوە ڕاوەستاون. 11 پێیان گوتن: «جەلیلییەکان، بۆچی ڕاوەستاون سەیری ئاسمان دەکەن؟ ئەم عیسایە، کە لەنێوتاندا بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە، چۆن بینیتان دەچووە ئاسمان، ئاواش دێتەوە.»
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
47 ئەی هەموو نەتەوەکان، چەپڵە لێبدەن،
بە هاواری شادییەوە هوتاف بۆ خودا بکێشن.
2 چونکە یەزدانی هەرەبەرز بە سامە،
پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو زەوییەوە.
3 نەتەوەکانی خستە ژێر دەستمان،
گەلانی خستە ژێر پێمان.
4 میراتی بۆ هەڵبژاردین،
کە شانازی یاقوبە[a]، ئەوانەی خۆشویست.[b]
5 لەناو هوتافی شادی خودا بەرزبووەوە[c]،
یەزدان بەرزبووەوە، لەگەڵ دەنگی کەڕەنا.
6 گۆرانی ستایش بۆ خودا بڵێن، گۆرانی ستایش،
گۆرانی ستایش بۆ پاشامان بڵێن، گۆرانی ستایش.
7 چونکە خودا پاشای هەموو زەوییە،
هۆنراوەی ستایشی بە گۆرانی بۆ بڵێن.
8 خودا پاشایەتی نەتەوەکان دەکات،
خودا لەسەر تەختی پیرۆزی خۆی دادەنیشێت.
9 سەروەرانی گەلان وەک گەلی خودای ئیبراهیم کۆبوونەوە،
چونکە پاشاکانی[d] زەوی هی خودان،
ئەو پایەی زۆر بەرزبووەوە.
93 یەزدان پاشایەتی دەکات، مەزنی لەبەر دەکات،
یەزدان هێزی لەبەر دەکات و لە خۆی بەستووە،
هەروەها جیهان چەسپاوە و ناهەژێت.
2 لە دێر زەمانەوە تەختت چەسپاوە،
تۆ لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە هەیت.
3 ئەی یەزدان، دەریاکان بەرزیان کردەوە،
دەریاکان دەنگیان بەرزکردەوە،
دەریاکان شەپۆلەکانیان بەرز دەکەنەوە.
4 لە خوڕەی ئاوی زۆر،
لە توانای شەپۆلەکانی دەریا،
یەزدانی ئاسمان توانادارترە.
5 یاساکانت زۆر چەسپاون،
ئەی یەزدان، پیرۆزی لە ماڵی تۆ دەوەشێتەوە،
بە درێژایی ڕۆژگار.
نوێژ بۆ ڕۆحی دانایی
15 لەبەر ئەم هۆیە کاتێک منیش باوەڕی ئێوەم بیست بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستیتان بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا، 16 بێ وەستان لە پێناوتاندا سوپاسی خودا دەکەم، لە نوێژەکانمدا یادتان دەکەم. 17 داوا دەکەم لە باوکی شکۆدار، کە خودای عیسای مەسیحی گەورەمانە، ڕۆحی دانایی و ئاشکراکردنتان بداتێ هەتا بتوانن بە شێوەیەکی دروست بیناسن. 18 نزا دەکەم بیروهۆشتان ڕووناک بێتەوە تاکو بزانن چییە ئەو هیوایەی ئێوەی بۆ بانگ کراون، هەروەها تێبگەن میراتەکەی چەند شکۆدار و دەوڵەمەندە بۆ خوشک و برا پیرۆزەکان، 19 هەروەها گەورەیی بێ سنووری هێزەکەشی بۆ ئێمە کە باوەڕدارین. ئەم هێزە هەمان ئەو توانا مەزنەیە 20 کە خودا بەکاریهێنا ئەو کاتەی کە مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە و لە دەستەڕاستی خۆی لە شوێنەکانی ئاسماندا داینا، 21 لە سەرووی هەموو فەرمانڕەوا و حوکومڕان و هێز و دەسەڵاتێک و هەموو ئەوانەی ناویان هەیە، نەک تەنها لەم دنیایە، بەڵکو لەو دنیاش. 22 خودا هەموو شتێکی خستە ژێر پێیەکانی، لە سەرووی هەموو شتێکدا کردییە سەر بۆ کڵێسا، 23 کە جەستەی مەسیحە، واتە پڕیی ئەو بە هەموو شێوەیەک هەموو گەردوون پڕ دەکات.
44 ئینجا پێی فەرموون: «ئەم قسانەم بۆ کردن کاتێک لەگەڵتان بووم: پێویستە هەموو ئەوانەی لە تەوراتی موسا و پێغەمبەران و زەبووردا دەربارەی من نووسراون بێنە دی.»
45 ئینجا مێشکی کردنەوە، تاکو نووسراوە پیرۆزەکان تێبگەن. 46 پێی فەرموون: «ئاوا نووسراوە، کە مەسیح ئازار دەچێژێت و لە ڕۆژی سێیەم لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە، 47 بە ناوی ئەویش تۆبەکردن بۆ لێخۆشبوونی گوناه بۆ هەموو گەلان جاڕبدرێت، ئەمەش لە ئۆرشەلیمەوە دەستپێدەکات. 48 ئێوە شایەتی ئەم شتانەن. 49 وا من بەڵێنەکەی باوکمتان بۆ دەنێرم. بەڵام لە شار بمێننەوە، هەتا لە ئاسمانەوە پڕ دەکرێن لە هێز.»
گەڕانەوەی عیسا بۆ ئاسمان
50 ئینجا ئەوانی بۆ گوندی بێتعەنیا بردە دەرەوە، دەستی بەرز کردەوە و بەرەکەتداری کردن. 51 کاتێک بەرەکەتداری دەکردن، لێیان جیا بووەوە و بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان. 52 ئەوانیش کڕنۆشیان بۆ برد و بە شادییەکی گەورەوە گەڕانەوە ئۆرشەلیم. 53 بەردەوام لە پەرستگا بوون و ستایشی خودایان دەکرد.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.