Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
93 یەزدان پاشایەتی دەکات، مەزنی لەبەر دەکات،
یەزدان هێزی لەبەر دەکات و لە خۆی بەستووە،
هەروەها جیهان چەسپاوە و ناهەژێت.
2 لە دێر زەمانەوە تەختت چەسپاوە،
تۆ لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە هەیت.
3 ئەی یەزدان، دەریاکان بەرزیان کردەوە،
دەریاکان دەنگیان بەرزکردەوە،
دەریاکان شەپۆلەکانیان بەرز دەکەنەوە.
4 لە خوڕەی ئاوی زۆر،
لە توانای شەپۆلەکانی دەریا،
یەزدانی ئاسمان توانادارترە.
5 یاساکانت زۆر چەسپاون،
ئەی یەزدان، پیرۆزی لە ماڵی تۆ دەوەشێتەوە،
بە درێژایی ڕۆژگار.
20 پاشا فەرمانی بە حیلقیا و ئەحیقامی کوڕی شافان و عەڤدۆنی کوڕی میخا[a] و شافانی خامەی نهێنی و عەسایای خزمەتکاری خۆی کرد و پێی گوتن: 21 «بڕۆن و پرسیار لە یەزدان بکەن لە پێناوی من و لە پێناوی ئەوانەی لە ئیسرائیل و یەهودا ماونەتەوە، سەبارەت بە پەیامی ئەم پەڕتووکەی کە دۆزراوەتەوە، چونکە ئەو تووڕەییەی یەزدان کە بەسەرماندا ڕژاوە مەزنە، لەبەر ئەوەی باوباپیرانمان وشەکانی یەزدانیان نەپاراستووە هەتا بەپێی هەموو ئەوەی لەم پەڕتووکەدا هاتووە کار بکەن.»
22 ئینجا حیلقیا لەگەڵ ئەوانەی پاشا فەرمانی پێ کردن چوونە لای حولدای پێغەمبەر کە ژنی شەلومی کوڕی تۆقهەتی[b] کوڕی حەسرای[c] لێپرسراوی جلوبەرگەکانی پەرستگا بوو، ئەو لە گەڕەکی دووەمی ئۆرشەلیم دەژیا، ئیتر قسەیان لەگەڵی کرد. 23 ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بەو پیاوە بڵێن کە ئێوەی بۆ لای من ناردووە، 24 ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من وا بەڵا بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەهێنم، بەپێی هەموو ئەو نەفرەتانەی لەو پەڕتووکە نووسراوە، ئەوەی لەبەردەم پاشای یەهودا خوێندیانەوە. 25 لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداکانی دیکە سووتاند هەتا بە هەموو کارەکانی دەستیان پەستم بکەن، تووڕەییم بەسەر ئەم شوێنەدا دەڕژێت و ناکوژێتەوە.“ 26 بەڵام بە پاشای یەهودا ئەوەی ئێوەی ناردووە پرسیار لە یەزدان بکەن بڵێن، ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بەو وشانەی گوێت لێ بوو ئەوە دەفەرموێت: 27 لەبەر ئەوەی کاتێک گوێت لە پەیامەکەی بوو لە دژی ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی لەبەردەم خودا دڵت نەرم بوو و خۆتت نزم کردەوە، جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕی و لەبەردەممدا گریایت، هەروەها منیش گوێم لێت بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 28 ئێستا من دەتخەمە پاڵ باوباپیرانت، جا بە ئاشتییەوە لە گۆڕەکەت دەنرێیت. ئەو هەموو کارەساتە نابینی کە من بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەیدا دەهێنم.“»
ئەوانیش وەڵامەکەیان بۆ پاشا بردەوە.
29 ئینجا پاشا ناردی و هەموو پیرانی یەهودا و ئۆرشەلیمی کۆکردەوە. 30 لەگەڵ هەموو گەلی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، کاهین و لێڤییەکان و هەموو گەل لە گەورەوە هەتا بچووک چوونە پەرستگای یەزدان. لەبەردەمیان تەواوی وشەکانی پەڕتووکی پەیمانی خوێندەوە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدان دۆزرایەوە. 31 پاشا لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستا و لەبەردەم یەزدان پەیمانی دا[d] کە دوای یەزدان بکەوێت و بە هەموو دڵ و گیانییەوە فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی وشەکانی ئەم پەیمانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە پەیڕەو بکرێت.
32 پاشا داوای لە هەموو ئامادەبووان کرد لە ئۆرشەلیم و بنیامین کە سوێند بخۆن، جا دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش ئەوەیان کرد بەگوێرەی پەیمانی خودا، خودای باوباپیرانیان.
33 یۆشیا هەموو بتە قێزەونەکانی لە هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل داماڵی و کارێکی وای کرد کە هەموو ئەو کەسانەی لە خاکی ئیسرائیل نیشتەجێ بوون یەزدانی پەروەردگاریان بپەرستن. بە درێژایی ژیانی ئەو خەڵکی لایان نەدا لە پەرستنی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان.
25 پیاوێکی چاک و لەخواترس بە ناوی شیمۆن لە ئۆرشەلیم هەبوو، چاوەڕێی هاتنی دڵنەواییکەری[a] ئیسرائیل بوو، ڕۆحی پیرۆزی لەسەر بوو. 26 بە ڕۆحی پیرۆز بۆی ئاشکرا کرابوو کە نامرێت هەتا مەسیحی یەزدان نەبینێت. 27 بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە هاتە حەوشەکانی پەرستگا. کاتێک دایک و باوکەکە عیسای منداڵیان هێنایە ژوورەوە، تاکو بەگوێرەی نەریتی تەوراتی بۆ بکەن، 28 شیمۆن عیسای لە باوەشی گرت و ستایشی خودای کرد:
29 «ئەی یەزدانی باڵادەست، ئێستا بەگوێرەی قسەکەت
بەندەی خۆت بە ئاشتی بەڕێبکە.
30 ئەوا چاوم ڕزگاریی[b] تۆی بینی،
31 ئەوەی لەبەردەم هەموو گەلان ئامادەت کردووە،
32 هەتا ببێتە ڕووناکی بۆ ئاشکراکردنی سروشی تۆ بۆ نەتەوەکان و
ببێتە مایەی شکۆمەندی بۆ ئیسرائیلی گەلەکەت.»
33 دایک و باوکی[c] سەرسام بوون لەوەی دەربارەی گوترا. 34 شیمۆن داوای بەرەکەتی بۆ کردن و بە مریەمی دایکی گوت: «ئا ئەم منداڵە دەبێتە هۆی کەوتن و هەستانەوەی کەسانێکی زۆر لە ئیسرائیل، هەروەها دەبێتە نیشانەیەک دژایەتی دەکرێت، 35 هەتا نیازی دڵی زۆر کەس ئاشکرابێت. تۆش شمشێرێک جەرگت دەبڕێت.»
36 پێغەمبەرێکی ژن هەبوو بە ناوی ئانای کچی پەنوئێل لە هۆزی ئاشێر. زۆر بە ساڵدا چوو بوو، لەدوای شووکردنی تەنها حەوت ساڵ لەگەڵ مێردەکەی ژیابوو. 37 پاشان بە بێوەژنی مابووەوە و تەمەنی گەیشتبووە هەشتا و چوار ساڵی. پەرستگای بەجێ نەدەهێشت، شەو و ڕۆژ خودای دەپەرست بە نوێژ و ڕۆژووگرتن. 38 هەر لەو کاتەدا هات بۆ لای ئەوان و ستایشی خودای کرد، باسی منداڵەکەی بۆ هەموو ئەوانە کرد کە چاوەڕوانی ڕزگاریی[d] ئۆرشەلیم بوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.