Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان، زەبوورێک، گۆرانییەک.
67 با خودا لەگەڵمان میهرەبان بێت و بەرەکەتدارمان بکات،
ڕوخساری خۆیمان بەسەردا بدرەوشێنێتەوە؛[a]
2 تاکو ڕێگات لەسەر زەوی زانراو بێت،
ڕزگاریت لەناو هەموو نەتەوەکان.
3 ئەی خودایە، با گەلان ستایشت بکەن،
با هەموو گەلان ستایشت بکەن.
4 با نەتەوەکان دڵخۆش بن و گۆرانی شادی بڵێن،
چونکە بە ڕێکی حوکمی خەڵک دەکەیت و
ڕێنمایی نەتەوەکانی سەر زەوی دەکەیت.
5 ئەی خودایە، با گەلان ستایشت بکەن،
با هەموو گەلان ستایشت بکەن.
6 ئینجا زەوی بەروبوومی دەدات،
خودا، خودای من، بەرەکەتدارمان دەکات.
7 خودا بەرەکەتدارمان دەکات،
سەرتاسەری زەوی لێی دەترسن.
6 چونکە یەزدان دانایی دەبەخشێت،
زانیاری و تێگەیشتنیش لە دەمی ئەوە.
7 دانایی تەواو بۆ سەرڕاستەکان هەڵدەگرێت و
قەڵغانە بۆ ئەوانەی ڕێگای تەواوەتی دەگرنەبەر،
8 بۆ چاودێری ڕێچکەی دادپەروەری و
پاراستنی ڕێگای خۆشەویستانی.
تیمۆساوس لەگەڵ پۆڵس و سیلا
16 پۆڵس گەیشتە شاری دەربە و پاشان شاری لیسترا، لەوێ قوتابییەک بە ناوی تیمۆساوس هەبوو، دایکی جولەکەیەکی باوەڕدار بوو، بەڵام باوکی یۆنانی بوو. 2 برایان لە لیسترا و کۆنیا بە باشە باسی تیمۆساوسیان دەکرد. 3 پۆڵس حەزی دەکرد تیمۆساوس یاوەری بێت، جا بردی تاکو خەتەنە بکرێت، لەبەر ئەو جولەکانەی لەو ناوچانە بوون، چونکە هەموو دەیانزانی باوکی یۆنانییە. 4 ئیتر پۆڵس و هاوڕێکانی لە شارێکەوە دەچوون بۆ شارێکی دیکە و ئەو فەرمانانەی لەلایەن نێردراوان و پیرانەوە لە ئۆرشەلیم بڕیاریان لەسەر درابوو، پێیان ڕادەگەیاندن تاکو پەیڕەوی بکەن. 5 جا کڵێساکان لە باوەڕدا بەهێز دەبوون و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەیان زیادی دەکرد.
بینینی پۆڵس لە تروادا
6 پاشان پۆڵس و هاوڕێیەکانی بە ناوچەکانی فریجیا و گەلاتیادا تێپەڕین، لەبەر ئەوەی ڕۆحی پیرۆز ڕێی نەدان لە ناوچەی ئاسیا پەیامی خودا ڕابگەیەنن. 7 کاتێک گەیشتنە نزیک ناوچەی میسیا هەوڵیان دا بەرەو ناوچەی بیسینیا بڕۆن، بەڵام ڕۆحی عیسا ڕێگای نەدان. 8 ئەوسا بە میسیادا تێپەڕین و هاتنە ترۆیاس.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.